بەرهەم ساڵح؛ محەممەد عەللاویی بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕاسپارد

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، محەممەد عەللاویی بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕاسپارد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، محەمەد تۆفیق عەلاوی لە توویتەری خۆی ڕایگەیاند: بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ڕایسپاردووە بۆپێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.

محەمەد تۆفیق عەلاوى کەسایەتی سیاسی عێراقی کە پێشتر وەزیری پەیوەندییەکانی حکوومەتەکەى مالیکی بووە، ڕایگەیاند: "ئەگەر کوتلە سیاسیەکان هەوڵ بدەن کاندیدەکانیان بەسەرمدا بسەپێنن واز لە راسپاردنەکەم دەهێنم".

ناوبراو سەبارەت بە خۆپیشاندەران دەڵێت: "بەردەوام بن لەخۆپیشاندانەکانتان تا داواکارییەکانتان بەدی دێت، بەرامبەر من بێت یان هەر کەسێکى تر، دەشڵێت: "ئازایەتى و خۆڕاگرى ئێوە نەبوایە هیچ گۆڕانکارییێک لەوڵاتدا رووینەدەدا".

محەمەد تۆفیق ڕاشیگەیاندووە: "پێویستە چەکى دەوڵەت بەڕووى ئەوانەدا بەرز بکرێتەوە کە چەکیان بەڕووى خۆپیشاندەراندا بەرزکردەوە".

ئەو کەسایەتییە سەبارەت بە پلانەکانی بۆ کابینەکەی دەڵێت: "کاتى هەڵبژاردن دەستنیشان دەکەین و یاساى حزبەکان هەموار دەکەینەوە و یاساى ئەمەت لەکوێ هێنا دادەنێین و هەیبەت بۆ هێزە ئەمنیەکان دەگێڕینەوە و رووبەڕووى گەندەڵى دەبینەوە".

عەللاوی له‌ به‌ریتانیا و لوبنان ژیاوه‌، ئه‌ندامی كارای ئه‌نجوومه‌نی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بووە راوێژكاری مرۆیی رێكخراوی مافه‌كانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بووە، ئه‌ندامی حیزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی بوو و له‌ ساڵی 2005 له‌گه‌ڵ‌ ئه‌یاد عه‌للاوی لیستێكی لیبراڵییان به‌ناوی عیراقییه پێکهێنا‌.

محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌للاوی، قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له‌ به‌غدا ته‌واکردووه‌ و دواتر له‌ به‌شی بیناسازی کۆلیژی ئه‌ندازیاری له‌ زانکۆی به‌غدا وه‌رگیراوه‌. له‌ دوایین ساڵی خوێندنی له‌ ساڵی 1977 به‌هۆی ده‌ستپێکردنی هه‌ڵمه‌تێکی ره‌شبگیری له‌لایه‌ن حکوومه‌تی عێراقه‌وه‌، ناچار بووه‌ له‌ خوێندنه‌که‌ی دابڕێت و به‌ره‌و لوبنان وڵات جێ بهێڵێت. دواتر له‌ ساڵی 1980 له‌ زانکۆی ئه‌مه‌ریکی له‌ به‌یروت بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆسی له‌ ئه‌ندازیاری ته‌لارسازی به‌ده‌ستهێناوه‌.

چلاکییه‌ پیشه‌ییه‌کانی:

ته‌وفیق عه‌للاوی یه‌کێک بووه‌ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی کارگه‌ی به‌رهه‌مهێنانی کێبڵ و ته‌لی کاره‌با له‌ ئه‌بوغرێب، وێڕای پیشه‌سازی موازیک و (pvc) و پلاستیک له‌ عێراق، به‌ر له‌وه‌ی ته‌واوی سامانه‌که‌ی خۆی و خانه‌واده‌که‌ی له‌لایه‌ن رژێمی سه‌دامه‌وه‌ ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگیرێت.

کۆمپانیای (First Call) بۆ درووستکردنی (CD) له‌ به‌ریتانیا دامه‌زراندووه‌ و له‌ بواره‌کانی دیزاینی ته‌لارسازی، به‌ڵێنده‌رایه‌تی و بازرگانی له‌ به‌ریتانیا و لوبنان کاری کردووه.

‌چالاکییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی:

له‌ میانه‌ی رێکخراوی "دانوستانی نێوان ئاینه‌کان" (Interfaith International) له‌ جنێڤ ئه‌ندامی یه‌کێک له‌ پێکهاته‌کانی ئه‌نجومه‌نی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بووه‌، که‌ سیفه‌تێکی راوێژکاری له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان بۆ به‌رگریکردن له‌ مافی مرۆڤ هه‌بووه‌، به‌ تایبه‌ت مافی مرۆڤی عێراقی له‌و ماوه‌یه‌ی که‌ گه‌مارۆی ئابووری له‌سه‌ر وڵاته‌که‌ی بوو.

له‌ نه‌وه‌دکانی سه‌ده‌ی رابردوو له‌ کۆماری یوگسلافیای پێشوو، رێکخراوی بانگی کۆسۆڤۆ (Kosovo Appeal) بۆ به‌رگری و به‌هاناوه‌چوونی که‌مینه‌ی سته‌ملێکراو دامه‌زراندووه‌.

چلاکییه‌ سیاسییه‌کانی:

ئه‌و کاته‌ی محه‌مه‌د ته‌وفیق عه‌للاوی له‌ زانکۆی به‌غدا قوتابی بووه‌، ئاراسته‌ی به‌لای ئیسلامییه‌تدا بووه‌ و که‌سێکی نزیکی محه‌مه‌د باقر ئه‌لسه‌در بووه‌، ئه‌ندامی حزبی ده‌عوه‌ بوو‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی ناکۆکی ده‌که‌وێته‌ نێوان حزبی ده‌عوه‌ و محه‌مه‌د باقر ئه‌لسه‌در، له‌و حزبه‌ ده‌کشێته‌وه‌، دواتر به‌هۆی نزیکبوونه‌وه‌ی له‌ ئه‌یاد عه‌للاوی و دوورکه‌وتنه‌وه‌ی له‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌کان، رووبه‌ڕووی به‌رهه‌ڵستییه‌کی زۆر بووه‌ته‌وه‌، که‌ دواجار له‌ ساڵی 2015 ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی له‌ کۆنگره‌یه‌کی گشتیدا له‌ عه‌مانی پایته‌ختی ئوردن راگه‌یاند.

محه‌مه‌د عه‌للاوی له‌ جیاکاری له‌ نێوان سیاسه‌ت و ئایندا باوه‌ڕی به‌ چه‌مکی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نیه‌ت هه‌بوو، هه‌ربۆیه‌ له‌ ساڵی 2005 ـه‌وه‌ له‌ رێگه‌ی لیسته‌که‌ی ئه‌یاد عه‌للاوییه‌وه‌ چووه‌ ناو رکابه‌رییه‌ سیاسییه‌کان، که‌ ئه‌و لیسته‌ تا ئێستا به‌ چه‌ندین ناونیشانی جیاوازی وه‌ک "لیستی عێراقییه‌، لیستی نیشتیمانی، و ئیئتیلافی نیشتمانی" به‌شداری له‌ پرۆسه‌ی سیاسی عێراقدا کردووه‌.

ئه‌و پۆستانه‌ی تا ئێستا وه‌ریگرتوون:

- له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2006 وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هه‌ڵبژێردرا، تا ئه‌و کاته‌ی له‌ ناوه‌ڕاستی هه‌مان ساڵ وه‌ک وه‌زیری گه‌یاندن ده‌ستنیشانکرا و تا کۆتایی ساڵی 2007 له‌و پۆسته‌ مایه‌وه‌.

- دوای ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 2008 عایده‌ عه‌سیران، په‌رله‌مانتاری عێراق کۆچی دواییکرد، دووباره‌ محه‌مه‌د عه‌للاوی له‌ شوێنی ئه‌و ده‌چێته‌وه‌ په‌رله‌مان و تا هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2010 له‌و پۆسته‌ی ده‌مێنێته‌وه‌.

­- له‌ ساڵی 2010 وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ڵبژێردرایه‌وه‌ و دواتر له‌ کۆتایی هه‌مان ساڵ به‌ وه‌زیری گه‌یاندن ده‌ستنیشان کرایه‌وه‌. له‌ ساڵی 2012 به‌هۆی ناکۆکی له‌گه‌ڵ نوری مالکی، سه‌رۆکی ئه‌وکاتی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، له‌ نامه‌یه‌کی چه‌ند لاپه‌ڕه‌ییدا ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌ی پێشکه‌ش کرد، دواتر ناوه‌ڕۆکی ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌ی له‌ زۆربه‌ی میدیاکان بڵاوکرایه‌وه‌.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 157385

Your Comment

You are replying to: .
captcha