بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە رۆژی 28ی مانگی رابردوو قۆناغی یەکەمی ئۆپراسیۆنی دەستگیر کردنی ئەندامانی داعش لە کەمپی هۆڵ دەستیپێکردووە و بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەردەوام بوو، هەڵمەکەتە لە هەموو بەشەکانی کامپەکە جگە لە بەشی خێزانەکانی دەرەوەی ڕێکخراوی داعش ئەنجام دراوە.
لە قۆناخی یەکەمی هەڵمەتەکە 125 کەس لە کاربەدەستەکانی داعش دەستگیرکراون، کە 20 بەرپرسی باڵایان لە ناویاندایە و ژمارەیەکیشیان ژنن، لە هەڵمەتی دووەمیشدا 33 ئەندامی داعش دەستگیرکران، کە حەوتیان ژن بوون، دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە ناویان لە لیستی داواکراوەکاندایە.
لەناو ئەو دەستبەسەرکراوانەدا پیاوی یەکەمی ڕێکخراوی داعش و بەرپرسی شانە نووستووەکانی رێکخراوەکە لە کامپەکەدا بوون، کە ناوی ئەحمەد خاشە-یە و ناسراوە بە "ئەبوو خالید"، کەسانی دووەمی گرووپەکەش بە ناوەکانی قوسەی محەمەد و ئەبوو کەرار دەستگیر کراون.
ئەو کەسانەی لە کاتی هەڵمەتی هەسەدەدا دەستبەسەرکراون خەڵکی سووریا و عێراق و جەزائیرن، کە چەندین تاوانی کوشتن و تۆقاندنیان کردووە، هاوکات کاریان بڵاو کردنەوەی توندوتیژی و تۆقاندن بووە.
بەپێی راپۆرتی نووسینگەی پەنابەرانی ئیدارەی خۆسەر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، کامپی ئەلهۆڵ زیاتر لە 60 هەزار پەنابەری نەتەوە جیاوازەکان لەخۆگرتوە، کە 31 هەزار عێراقی و 20 هەزار کەس لە سوورین و باقی نەتەوە جیاوازەکانی بیانیشی تیادایە.
شایانی باسە هەسەدە بە پشتیوانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە کۆتایی مانگی رابردوودا بە بەشداریی پێنج هەزار ئەندامی هێزەکانی ئاسایش، هەسەدە، یەکینەکانی پاراستنی ژن و یەپەگە، هەڵمەتێکی ئەمنی بۆ سەر داعش و پشتیوانانی ئەو گرووپە دەستپێکرد.
سەرچاوە: هاوارنیووز
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment