کوردپرێس:
سەمیر هەورامى ڕۆژی سێشەممە 23 ئازارى 2021 لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەى "سەباح" ى فەرمى عێراق ئاماژەى بەوەکردووە، ئەو دەقە نوێیەى کە لە چوارچێوەى پڕۆژەى بودجەدا لەسەرى ڕێککەوتوون دوو پێشنیاز لەخۆ دەگرێت.
ناوبراو وتیشى "هەرێم ئامادەیە یەکێک لەو دوو پێشنیازە جێبەجێ بکات کە رێککەوتنى لەسەر کراوە".
سەمیر هەورامى ئاماژەى بەوەشکردووە، شاندى هەرێم لەچەند رۆژى داهاتوودا دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستانەکان و جێبەجێکردنى ئەوەى ڕێککەوتنى لەسەر کراوە، رێککەوتنەکەى لەگەڵ حکومەتى عێراق کە خراوەتە ناو پڕۆژەکەوە یان ئەو ڕێککەوتنەى لەگەڵ بەشێک لە کوتلە سیاسییەکان کراوە لەبارەى پشکى هەرێم.
جەختیشی کردەوە، حکومەتى هەرێم رەزامەندى خۆى نیشانداوە لەسەر جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى پەیوەست بە پشکى هەرێم لە بودجە.
شاندى هەرێم شەوى هەینى دواى دواخستنى دەنگدان لەسەر پرۆژەى بودجە لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە بەغداى بەرەو هەرێمى کوردستان بەجێهێشت.
پێش دواخستنى دانیشتنەکە، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق ڕێککەوتنى نێوان شاندى هەرێم و لایەنە شیعییەکانى پەسەندکرد، کە تایبەتە بە رادەستکردنى 460 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەى داهاتە فیدراڵییەکان.
Your Comment