کوردپرێس:
ڕۆژی 30ی ڕەشەمەی 1399 و لە دوا ساتەکانی ئەو ساڵەدا ڕێبەری باڵای ئێران ئایەتوڵڵا خامنەیی وێڕای پیرۆزبایی کردنی ساڵی نوێ و نەورۆزی مێژوویی، دروشمی ساڵی تازەی ڕاگەیاند.
ئایەتوڵڵا خامنەیی ناوێکی بۆ ساڵی 1400 هەڵبژارد و ڕایگەیاند ئەو ساڵە بە دروشمی "بەرهەمهێنان و پشتگیرییەکان و چارەکردنی ئاستەنگەکان" ناو دەنێت.
ڕێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بە کێشەکانی وڵات لە ساڵی 1399 کرد و ڕایگەیاند کۆرۆنا و گوشارە سیاسی و ئابوورییەکان سەر ئێران دوو کێشەی گەورەی ئەو ساڵە بوون کە بە شێوەیێکی جێی ڕەزامەندی تێمان پەڕاند.
ئایەتوڵڵا خامنەیی ئاماژەی بە دروشمی ساڵی ڕابردووش کرد کە تەرکیزی لە سەر بەرهەمهێنان و پشتگیری کردنی کەرتی بەرهەمهێنان بوو و گوتیشی تا ڕادەیێک ئەو دروشمە هاتە دی و ئەگەرچی جێی ڕەزامەندی بوو بەڵام دەکرا زیاتر لەوەش کاری زیاتری بۆ بکرێت.
شایانی باسە ڕێبەری باڵای ئێران هەموو ساڵێک لە سەرەتای ساڵەوە دروشمێک بۆ ئەو ساڵە هەڵدەبژێرێت و سیاسەتەکانی ئێران تا ڕادەیێکی زۆر لە سەر ئەو بنەمایە دادەمەزرێت.
Your Comment