بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سوپای توركیا هێزەكانی بەچەند قۆناغێک لە ناو خاكی هەرێم زیاد دەكات و لە ناوچەی سیدەكانیش سەنگەر لێدەدات، قائیمقامی قەزای سۆرانیش زانیاری نوێ لە بارەی بڵاوبوونەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتە دەخاتەڕوو، ڕاشدەگەیەنێت: 111 گوند چۆڵ كراون.
ناوبراو وتیشی: "سوپای توركیا دەستیان بە لێدانی سەنگەر كردووە و بارەگای تایبەتیشیان دروست كردووە، ناوبەناویش فرۆكە جەنگییەكانیان بۆردومانی ئەو شوێنانە دەكەن كە گەریلاكانی پەكەكەی لێیە، لە بەرامبەریشدا گەریلاكان چالاكیی پارتیزانی ئەنجام دەدەن".
قائیقامی سۆران ئاماژەی بەوەش كرد، بەهۆی هاتنی سوپای توركیا و ناسەقامگیری دۆخی ناوچەكە، 111 گوند لە دانیشتوانەكەی چۆڵ كراون و گوندی بەرمیزە و ژمارەیێک گوندی تریش كە ئاوەدانن، نزیكەی 500 مەتر لە شەڕ و پێكدادانەكانەوە دوورن، بەڵام ئەو دۆخە وای كردووە ناسەقامگیری هەبێت لە ناوچەكە".
سەبارەت بەچۆڵ كردنی ناوچە سنورییەكانیش لە لایەن هاوڵاتیانەوە، كرمانج عیزەت ئاشكرای كرد: تا ئێستا مەترسییەكان نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی كە بەتەواوی دانیشتوانی ناوچە سنوورییەكان زێدی خۆیان چۆڵ بكەن، بەڵام ئەگەر بزانین مەترسیان لە سەرە، ناچار دەبین بڕیار لە سەر چارەنووسیان بدەین".
سەرچاوە: SNN
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment