کوردپرێس- مەریوان بەهۆی پێکهاتەی حەشیمەت و ئەو پێگەی جوگرافیاییەی هەیەتی بەردەوام ناوچەیێکی هەرەگرینگی پێوەندیی ئابووری و کەلتووریی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بووە و مەرزی باشماخ دەروازەی ئەو پێوەندییە ئابووری و فەرهەنگییەیە. مەرزی باشماخ وەکوو دووهەم مەرزی وشکانیی ئێرانیش لە باری ناوخۆیییەوە زۆر بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران گرینگە و دەوری تایبەت دەبینێت لەباری ئابووری، ڕەخساندنی هەلی کارو پێوەندیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە گشتی.
پاش گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان لە بەر هۆکاری سیاسی فەترەیێک لەو پێوەندییەی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دروست بوو و زۆر خایاندنی ئەو ڕەوتەش نیگەرانیی زۆری لە نێو جەماوەری ناوچەکە دروست کرد و لێکەوتەی خراپی بوو بۆ هەرێمی کوردستانیش و پارێزگا سنوورنشینەکانی ئێرانیش؛ بەڵام پاش سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و دیدار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەو پێوەندییە ئاسایی کرایەوە و گوازرایەوە بۆ هێڵەکەی جاران.
محەمەد شەفیعی لە بەرنامەی "گوفتمان" کەناڵی تەلەڤزیۆنی کوردستاندا سەبارەت بە کرانەوەی مەرزەکان ئاشکرای کرد یەکەم جار سنووری باشماخ کرایەوە و پاشان مەرزەکانی حاجی ئومەران و پەروێزخان کرانەوە. بۆیە ئێمە بەردەوام پێشەنگ بووین و حەز بە پەرەپێدانی پێوەندیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکەین.
ناوبراو تیشکی خستە ژمارەی ئەو کەسانەی بە لە یازدە مانگی ڕابردوودا بە سنووری باشماخدا هاتوچۆان کردوە و وتی: لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە زیاتر لە 600 هەزار کەس بە مەرزی باشماخدا تێپەڕیون.
قایمقامی مەریوان وتیشی بە باری ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییەوە مەرزی باشماخ لە ئاستێکی بەرچاودا ترانزیتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێدا کراوە و لە باری ئامارەوە دووهەم سنووری وشکانیی ئێرانە.
شەفیعی سەبارەت بە مەرزە نافەرمییەکانی کوردستانیش وتی ڕۆژی 17ی گەلاوێژی ساڵی 96 پڕۆژەیاسایێک دەرکرا بۆ ئەوەی مەرزە نافەرمییەکان یەکانگیر بکرێن و پڕۆژەکەش خرایە بواری جێبەجێ کردنەوە و پێشتر سنووری سەیرانبەندی بانە کرایەوە و مەرزی خانمەشێخانی مەریوانیش ماوەی یەک حەفتەی ژێرخانەکانی ئامادەیە بۆ قبووڵ کردنی باری خاوەن بارەکان. بەڵام بەو پڕۆسەیەی لە بەرچاو گیراوە بازرگانان و خاوەن بارەکان دەڵێن ئەو مەرزە تیچووی بۆ ئەوان زۆرە و دەبێت ڕسووماتەکەیان بۆ کەم بکرێتەوە هەر بۆیەش پێشوازییێکی ئەوتۆی لێنەکراوە.
لای خۆیشیەوە مەنسوور مورادی نوێنەری خەڵکی مەریوان وسەوڵاوا لە پەڕلەمانی ئێران ڕایگەیاند: سنووری باشماخ و بەگشتی سنوورە نافەرمییەکانی مەریوانیش لە باری ئابوورییەوە لای ئێمە زۆر گرینگن و داخرانی سنوور دەبێتە هۆی ئاوارە بوونی گەنجانی مەریوان و سەوڵاوا لە دیکەی شارەکانی ئێران.
مورادی لە بارەی پڕۆژەی ناوچەی ئازادەوە کە چەند ساڵێکە گەڵاڵەکەی پێشکەش کراوە وتی: ئێستا بەدواداچوونی بۆ ئەو پڕۆژەیە دەکەین و هەوڵ دەدەین ناوچەی ئازادی مەریوان و بانە دوو بەڕێوەبەرایەتیی جیاجیایان بێت و بە هاوبەشی ئیدارە نەکرێن. دیراسە کردنی پڕۆژەکە لە کۆتلەی ئابووریی پەڕلەمانی ڕەنگە مانگی گوڵان کۆتایی پێبێت و پێشکەشی پەڕلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی دەنگی لە سەر بدرێت.
ئەو پەڕلەمانتارەی پەڕلەمانی ئێران سەبارەت بە ئەو مەترسییانەی هەڕەشە لە وشک بوونی زرێبار دەکەن ڕایگەیاند: ئێستا پڕۆژەیێک لە سەر بەندەر ئەنزەلی لە حاڵی جێبەجێ کردندایە و ئەگەر پڕۆژەکە ئەنجامی باشی لێدەرچووئەوا لە سەر زرێباریش جێبەجێی دەکەین و تا مانگی گوڵانی داهاتوو ئەو بابەتەش دەردەکەوێت و وەڵامی پێویستی لەبارەوە وەردەگرین.
هەروەهاش سەبارەت بە زێراوی 10 گوندی دەوروبەری زرێباریش کە دەڕژایە نێو زرێبار ڕایگەیاند: کێشەی 7 گوندمان چارە کردوە و بڕیارە تا مانگی پووشپەڕی ساڵی داهاتوو زێراوی ئەو سێ گوندەی دیکەش بگوازرێتەوە بۆ ئەوەی نەڕژێتە نێو زرێبار.
قایمقامی مەریوانیش سەبارەت بە پرسی زرێباریش وتی: ئێمە شانازی بە بوونی زرێبارەوە دەکەین و مەترسییەکانی گۆلی زرێبار ڕوو لە کەم بوونەوەیە و بەگوێرەی ئەو بڕیارەی پاش دانیشتمان لەگەڵ سەرۆکی ئیدارەی ژینگەپارێزیی ئێران دەرکرا دەسەڵات بە شار و پارێزگاکان دراوە و ئێمەش داوامان لە سەرمایەدانەری ناوخۆ و بیانی کردووە سەرمایەدانەری بکەن و لەو بارەشەوە بێگومان ئەولەویەت دەدەین بە سەرمایەدانەرانی ناوخۆ و بەتایبەت سەرمایەدانەرانی خۆجێیی.
لێک نزیک بوونی خەڵکی ناوچەکە و پێوەندییە لە مێژینەکەی نێوان کوردستانی ئێران هەرێمی کوردستان لە باری مەعنەویات و کەلتوور و زمان و زۆر خاڵی هاوبەشی ترەوە وای کردوە هەبوونی پێوەندیی زیاتر وەکوو زەروورەت خۆ بنوێنێت و نوێترین نموونەی ئەو پێوەندییە فەرهەنگییەش بەشداری کردنی شاندێکی هەرێمی کوردستان لە حەوتەمین پێشانگای کتێب بوو کە لە سنە بەڕێوە چوو.
د.سالار عوسمان بریکاری وەزاەرتی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان لە سەرووی شاندێکی 13 کەسییەوە بەشداریی پێشانگاکەیان کرد و لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی وتبوو بە 13 کەسایەتیی باڵا و 4 بڵاوکردنەوەی جیاجیا لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجەوە بەشداری پێشانگاکە بوون.
هەر لەم مانگەشدا پارێزگاری هەولێر بە سەردانێک چووە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و لە دیداری بەرپرسانی پارێزگاکەدا لە سەر پەرەپێدانی زیاتری پێوەندییەکان ڕێککەوتنیان بوو. نموونەی ئەنجامی ڕێککەوتنەکەش ئەوە بوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ڕسووماتی چوونە ژوورەوە لە سەر مەرزی حاجی ئومەران هەڵدەگرێت و چیتر ئەو 25 هەزار دینارەی ڕسووماتی چوونەژوورەوە وەرناگرێت.
دیارە ئەوە هەنگاوێکی ئیجابییە و قازانجەکەشی بۆ هەردوو لا و ڕەنگە زیاتر بۆ هەرێمی کوردستانیش بێت و لە ژمارەی ئەو گەشتیارانەدا کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن شوێندانەریی هەبێت و ئەوەش دەبێتە هۆی بووژانەوەی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان.
دەکرێت نموونەی ئەو پێوەندییانەی نێوان کوردستانی ئێران و هەرێمی کوردستان زیاتریش بێت و ئەوەش پێویستی بە لێبڕانی بەرپرسانی هەردوو لا لە ئاستی ناوچە و وڵاتدا هەیە.
ڕاپۆرت: بەشی کوردیی کوردپرێس
Your Comment