بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە تورکیا ئەپڵیکەیشنێک بۆ ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە بە شەش زمان کەوتە کار، بەڵام زمانی کوردی لەنێو ئەپڵیکەیشنەکەدا نییە و ئەمەش کاردانەوەی لایەنە سیاسییەکان، نووسەر، هونەرمەند و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی لێکەوتەوە.
خزمەتگوزارییەکەی پۆلیس بە زمانەکانی (تورکی، ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی، فەرەنسی و ڕووسی) بۆ بەشداربووان کارا کراوە. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی تورکیاش بە بۆنەی 8ی مارس، رۆژی جیهانیی ژنان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە توویتەر ئاشکرای کرد لەمەودوا خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەشی ئەو ژنانە دەکەن، کە لە تورکیا ڕووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوە و پێویستییان بە هاوکاری دەبێت. بەڵام بڵاو کردنەوەی ئەو تویتە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
لەمبارەوە ئەحمەد داوود ئۆغڵۆ سەرۆک وەزیرانی پێشوو و دامەزرێنەری پارتی ئایندە ڕەخنەی لە پشتیوانی نەکردنی ئەو ئەپڵیکەیشنە گرت لە زمانی کوردی و و دەڵێت: لەم وڵاتەدا سکاڵا و گریانی کوردی بەهۆی زیاتر بوونی توندئاژۆییەوە ڕووی لە زیاتر بوونە.
ناوبراو وتیشی: بەپێی ئەم ئەپڵیکەیشنە ژنان ئەگەر بتوان بە زمانەکانی تورکی، ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی، فەرەنسی و ڕووسی قسە بکەن دەتوانن هاوار بکەن بەڵام ئەگەر تەنها کوردی بزانن کەس بە هانایانەوە نایەت.
لە تورکیا لە ڕووی حەشیمەتەوە لە دوای زمانی تورکی، زمانی کوردی دووەمین زمانە، کە زۆرترین کەس لەو وڵاتەدا قسەی پێدەکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment