حکوومەتی تورکیا بەهۆی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانییەوە گوشاری خستۆتە سەر هەدەپە

بەشی تورکیا- مافناس و سیاسەتڤانی کوردی تورکیا دەڵێت: ئەو گوشارە نوێیە کە لەلایەن ئاکپارتیەوە خراوەتە سەر پارتی دیموکراتیکی گەلان هۆکاری جیاوازی هەیە کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە لە داهاتوودا بەڕێوە دەچێت هەروەها پرسی کوردستانی سووریا، پرسی پەکەکە، هاوپەیمانێتی هەدەپە لەگەڵ پارتی کۆماریخواز و چەند پرسێکی دیکە.

«سێدقی زیلان» مافناس و سیاسەتڤانی کوردی تورکیا لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە گوشاری نوێی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر نوێنەرانی پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) چییە؛ دەڵێت: ئەمە پرسێکی گرینگە و بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەگەڕێتەوە. هەدەپە لە کوردستان زیاتر لە 50 لەسەد دەنگی هەیە و لە سەرانسەری تورکیاشدا بەربەستی 11 لەسەد تێدەپەڕێنێت.

ناوبراو درێژەی دا: لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیی پێشوودا پارتی دیموکراتیکی گەلان توانی هاوشانی پارتی کۆماریخوازی گەل هەنگاو هەڵێنێت و سەرکەوتنیش بەدەست بێنێت و کورسیی شارەوانیی ئەستەمبۆڵ مسۆگەر بکەن. ئەستەمبۆڵ شارێکی زۆر گرینگە هەم بۆ حزبەکانی دیکە و هەم بۆ کوردەکان چون چوار بۆ پێنج ملیۆن کورد لەم شارە بیست ملیۆنییەدا دەژین. ئەستەمبۆڵ هەم لە بواری سیاسی و هەم لە بواری ئابوورییەوە شارێکی گرینگ دێتە ئەژمار و بەدەست هێنانی بۆ ڕەوتە سیاسییەکان کارتێکی گرینگە.

ئەم مافناسە کوردە وتیشی: لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2017دا پارتی دەسەڵاتدار شکستی هێنا و هۆکاری سەرەکی ئەو شکستەش پارتی دیموکراتیکی گەلان بوو. پارتی دەسەڵاتداریش لەو ساڵە هەڵبژاردنەکانی هەڵوەشاندەوە و دووبارە هەڵبژاردنی کردەوە و ڕایگەیاند هەدەپە سەر بە پەکەکە-یە. هەدەپە 90 لەسەدی دەنگەکانی لە کوردەکانەوە بەدەست دێنێت و 10 لەسەدی دیکەش کەس و گرووپە کۆمەڵایەتییەکانن کە دەنگ بەم حزبە دەدەن. دەسەڵات بیانووی وابەستە بوونی هەدەپە بە پەکەکە-ی بەدەستۆیە تاکوو ئازادیی کوردەکان لەبارەی مافی نەتەوەیی و زمانی پێشێل بکات.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: بۆ حکوومەت جیاوازیێک نییە لەنێوان هەدەپە و هەر حزبێکی دیکە کە هەوڵ بۆ مافی کورد بدات و کەڵک لە هەموو ئامرازێک وەردەگرێت بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر کوردەکان. بەڵام چوونکە هەدەپە پێگەیێکی سیاسیی لە تورکیا هەیە ئەو گوشارە زیاتر هەست پێدەکات.

سێدقی زیلان وەبیری هێنایەوە: ئەو گوشارە نوێیە کە لەلایەن ئاکپارتیەوە خراوەتە سەر پارتی دیموکراتیکی گەلان هۆکاری جیاوازی هەیە کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە لە داهاتوودا بەڕێوە دەچێت هەروەها پرسی کوردستانی سووریا، پرسی پەکەکە، هاوپەیمانێتی هەدەپە لەگەڵ پارتی کۆماریخواز و چەند پرسێکی دیکە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1246

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha