بەپێی هەواڵی کوردپرێس، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە میانی کۆبوونەوەی ناساندنی بەرنامەی کاری مافی مرۆڤی لە تورکیا کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچوو، گوتی: ''هەموو چاکسازییێک ئاسەواری یەکگرتوویی بیر و هەست نێوانمانە لەگەڵ گەلەکەماندا لەبارەی گەیشتن بە ئازادی رەهاتر، بەشداری زیاتر و دیموکراسی زۆرینەتر، پلانی کردەی مافەکانی مرۆڤ بەو شێوەیەیە''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "بنەمای سەرەکی ئامادەکردنی پلانی تایبەت بە چالاکییەکانی مافی مرۆڤ، پێویستی و داواکارییە سەرەکییەکانی گەلەکەمانە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئامانجی پلانەکەیانی خستەڕوو و گوتی: ''ئامانجمانە کاریگەریی سیستمی داواکاری تاکە کەسیی لەسەر دادگای دەستووریی زیاد بکەین''.
ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە "لە پێناو بەهێزکردنی بەشداری کردن لە پرۆسەی دیموکراسییەتدا، دەست بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی گۆڕانکاری لە پرسی پارتە سیاسییەکان و هەڵبژاردندا دەکەین و لەسەر شێوازی پاراستنی زانیارییە کەسییەکان، بڕیارەکانی دەستەی چاودێری گشتیی و دەستەی یەکسانی و مافەکانی مرۆڤی تورکیا بەڕووی رای گشتییدا دەکەینەوە تا دەستی پێ بگات''.
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە لیژنەی قەرەبووی مافەکانی مرۆڤ، بەبێ ئەوەی پێویست بە گەڕانەوە بۆ دادگای دەستووریی بکات، قەرەبووی زیانەکانی تایبەت بە دادگایی کردنی ماوە درێژ دەکاتەوە، گوتی: "ئەو کەسانەی بەهۆی هەر تاوانێکەوە ستەمیان لێکراوە، بەتایبەت بۆ منداڵان، ژنان، کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بەساڵاچووان، خزمەتگوزاری دەروونی-کۆمەڵایەتییان بۆ دابین دەکرێت".
ناوبراو جەختی لەسەر دروست کردنی لیژنەی چاودێری مافەکانی مرۆڤ کردووە رایگەیاند: ''بە بەشداری ژووری پارێزەران، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و نوێنەرانی زانکۆکان لیژنەی چاودێری مافەکانی مرۆڤی دامەزراوەکانی جێبەجێ کردنی سزا، دادەمەزرێنین''.
ئەردۆغان هەروەها رایگەیاند "لەڕێی دابین کردنی دەستەبەری جوگرافی بۆ دادوەر و داواکارانی گشتی، دەستەبەری یاسایی بەهێز دەکەین، هەروەها وا دەکەین بڕیارەکان بەخێرایی دەربکرێن".
ناوبراو گوتیشی: ''لە دادگای کارگێڕییدا نووسینەوەی بڕیاری هۆکارەکە لە ماوەی ٣٠ رۆژدا، دەکەینە زۆرەملێ''.
سەرکۆماری تورکیا باسی لەوە کرد کە بەکارهێنانی پێڕاگەیاندنی ئەلیکترۆنی، ئەو هاووڵاتییانەشمان دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی وڵاتن و گوتی: ''لە پێناو خێراتر بە ئەنجام گەیشتنی دۆسیەکاندا، دەستەبەری ئەوە دەکەین کە دادوەرەکان لە رێگەی سیستمی زانیارییەوە دەستیان بە تۆمارەکانی دەستەی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی بگات''.
ئەردۆغان باسی لەوەش کرد کە دەست دەکەن بە جێبەجێ کردنی ئاگادارکردنەوەی قوربانیی و شیکایەتکەر و لە دۆسیە ئیدارییەکاندا ئاگادارکردنەوەی لایەنەکان لەبارەی ئەو زانیاری و بەڵگانەی لە دواییدا دەخرێنە دۆسیەکانەوە دەکەنە ناچاریی و گوتی: "بۆ ئەو دۆسیانەی بەڵگەی حاشاهەڵنەگریان هەیە و مشتومڕەکانی سەریان کۆتایی هاتوون، رووبەری دەسەڵاتی فەرمانگەی دادوەران و داواکارانی گشتی فراوانتر دەکرێت، هەر لەم چوارچێوەیەشدا دەسەڵاتی ئەوەیان پێدەدەین کە بڕیارەکانی دادگا هەڵبوەشێننەوە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: ''دەستەبەری ئەوە دەکەین کە پارێزەران بتوانن بەشێوەیێکی ئەلیکترۆنیی داواکاری تاکە کەسیی پێشکەش بە دادگای دەستووریی بکەن. ماوەی وەڵامدانەوە کارگێڕی لەو داواکاریانەی پێشکەشی دەکرێن لە ٦٠ رۆژەوە کەمدەکەینەوە بۆ ٣٠ رۆژ''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان دووپاتیشی کردەوە کە بە پاراستنی زانیارییە کەسییەکان، هەموو بڕیارەکانی دادگای پلە یەک و تێهەڵچوونەوە، بەڕووی رای گشتییدا دەکەنەوە تا دەستی پێ بگات و رایگەیاند "قۆناغی دەرکردنی بڕیاری دادگا و قۆناغی تەمییز، لەگەڵ بڕیاری پێڕاگەیاندنی فەرمی دەستپێدەکات".
سەرکۆماری تورکیا سەبارەت بە پلەبەندی کارمەندەکانی نێو دادگا گوتی: ''مەرجی پلەبەندی دادەنرێت بۆ ناونیشانی ئەوانەی لە دادگا کاردەکەن. سیستمی یاریدەدەری دادوەر و داواکاری گشتیی دادەنێین''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەیش کرد کە لە پێناو بەرزکردنەوەی ستاندارتەکان سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین و راگەیاندن، رێوشوێنەکان فراوان دەکەن بۆ ئاسانکاری چالاکییە پیشەییەکانی رۆژنامەوانان و گوتی: "بۆ کۆتایی هێنان بە نەگونجانی نێوان وەبەرهێنەران و فەرمانگە فەرمییەکان، "نوێنەرایەتی یاسایی وەبەرهێنان" دروست دەکەین کە لەسەر بنەمای سەربەخۆیی و بێلایەنی کار دەکات".
سەرکۆماری تورکیا، گوتیشی: ''دەستەبەری ئەوە دەکەین کە کارمەندانی کەرتی گشتیی و تایبەت و خوێندکاران لە کاتی جەژنە ئایینیەکانی خۆیاندا جا لەسەر هەر ئایینێک بن جیاوازی نییە، بە مۆڵەت بۆیان ئەژمار بکرێت''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوەش کرد کە بۆ وەرگرتنی ئیفادە، کۆتایی دەهێنن بە پەیڕەوەکانی وەک دەستگیرکردن لە دەرەوەی کاتی دەوام و دەستگیرکردن لە هۆتێلەکاندا لە دوای نیوەی شەو گوتی: "لەمەودوا پلانی چالاکییەکانی مافی مرۆڤ و وەرگرتنی گوتە بەشێوەی ٢٤ کاتژمێری لە هەر حەوت رۆژەکەی هەفتەدا ئەنجام دەدرێت. یاسای "کۆتاییهاتنی کات"ی لێکۆڵینەوەکان لە بانگەشەکانی ئەنجامدانی ئەشکەنجە لادەبەین".
ئەردۆغان راشیگەیاند "کاریگەری کارەکانی دیسپلین و دووبارە گەڕاندنەوە بۆ ئەو فەرمانبەرانە زیاتر دەکەین کە ئەرکەکانیان بەخراپی بەکارهێناوە و بوونەتە هۆی پێشێل کردنی مافی کەسانی دیکە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی کار و چالاکی فەرمانبەران لەسەر مافەکانی مرۆڤ گوتی: "ئەو فەرمانبەرانە خەڵات دەکەین کە لەڕێی کارکردنی وریایانەیان لەسەر مافەکانی مرۆڤ، بوونەتە نموونە بۆ هاوپیشەکانیان. هەلی ئەوە بۆ خوێندکارانی بەشە یاساییەکانیش دەڕەخسێنین، ماوەی ئەزموونی کارییان لە دادگای دەستووریی بەسەرببەن".
سەرکۆماری تورکیا هەروەها رایگەیاند ''لەو تۆمەتانەی پەیوەستن بە سکاڵاکەوە سەرەڕای ئاگادارکردنەوە ئەگەر بەبێ هۆ و بەڵگە نەهات، ئەوا گۆڕانکاری دەکەین لە رەتکردنەوەی دۆسیەکە. بەو شێوەیەش ئەو دۆسیانەی ساڵانێکە بە کراوەیی ماونەتەوە، ئەو دادگایی کردنانەی لە پرۆسەکەدا ماونەتەوە هەڵدەگرین''.
ئەردۆغان سەبارەت بە بنەماکانی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گوتی: "لەگەڵ دادوەر و داواکارانی گشتی بنەماکانی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر بنەمای "بێلایەنی" بۆ فەرمانبەران دیاریی دەکەین".
ناوبراو لەبارەی کۆتایی هێنان بە توندوتیژی بەوانەشەوە کە رووبەڕووی ژیان دەبنەوە رایگەیاند ''تا ئەو رۆژەی دەگەین بەوەی تاکە قوربانییەکی توندوتیژی بە ژنانیشەوە نامێنێت، لەگەڵ دامەزراوەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی، میدیا و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا هاریکاری دەکەین بۆ بەردەوامیدان بەم خەباتە''.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ساڵەکانی خوێندن لە کۆلێژەکانی یاسا دەکەن بە پێنج ساڵ و ژمارەی کورسییەکانیش بەشێوەیێک دادەنێن کە بتواندرێت زۆرترین زانست بدرێت بە خوێندکارانی ئەو بەشانە و گوتی:''ژووری پارێزەرانی لێکۆڵینەوەی تایبەت لە سەرانسەری وڵاتدا فراوان دەکەین کە بە ئامانجی لێکۆڵینەوەی کاریگەر کراونەتەوە لەو تاوانانەی دەرهەق بە ژنان دەکرێن''.
ناوبراو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئامانجی سەرەکی پلانی تایبەت بە چالاکییەکانی مافی مرۆڤ، دەستوورێکی نوێ و مەدەنییە و گوتی: "پێمانوایە دانانی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی نوێ لەسەر بنەمای سەروەری ئیرادەی گەل و ئامادەکردنی بۆ سەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا، بەرپرسیاریەتییەکی مێژووییمانە".
ئەردۆغان دەربارەی هەڵبژاردن و دانانی یاساکانی بەڕێوەبردنی ئەو وەقفانەی کە تایبەتن بە کۆمەڵە ناموسڵمانەکان رایگەیاند ''سەرلەنوێ شێوازی بەڕێوەبردنیان رێکدەخەینەوە".
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: لە دامەزراوەکانی جێبەجێکاری سزاکاندا، وەرچەرخانی دیجیتاڵی تەواو دەکەین. لەو چوارچێوەیەشدا حوکمدراوان و دەستبەسەرکراوان لە پاڵ ئەوەی لەگەڵ کەسوکاریاندا بە دەنگ و رەنگ گفتوگۆ دەکەن، دەتوانن سوودمەندبن لە تەکنەلۆجیا لە کاروبارەکانی وەک نامەناردن و نامەوەرگرتن، پێشکەشکردنی داواکاریی و چاودێری رەوشی تەندروستیی.
ناوبراو هەروەها داوایەکی ئاراستەی هەموو کەس و لایەنەکان کرد و گوتی: داوا لە هەموو ئەوانە دەکەین کە لەبارەی داهاتووی وڵاتەکەمان قسەیان هەیە، بەشداری بکەن لە پرۆسەی پێکهێنانی دەستووری نوێدا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment