به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، د. عه‌ره‌فات که‌ره‌م سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی له په‌رله‌مانی عێراق ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: حه‌یده‌ر عه‌بادی پێویستی به ده‌نگی شیعه و سوننه هه‌یه بۆیه ئاسایییه داخوازییه‌کانی سوننه و شیعه‌کان جێبه‌جێ بکات به‌ڵام داواکاریی کورد جێبه‌جێ نه‌کات.
عه‌ره‌فات که‌ره‌م له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی فراکسیۆنه کوردستانییه‌کان له‌باره‌ی دانیشتنی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی په‌رله‌مان که بڕیاره ده‌نگ له‌سه‌ر پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی بدرێت گوتی: "هێشتا دیار نییه که ڕۆژی چوارشه‌ممه دانیشتنی په‌رله‌مان ده‌کرێت یان نا چوونکه په‌رله‌مان له کۆتاییی ته‌مه‌نی نزیک ده‌بێته‌وه و په‌رله‌مانتاره‌کانیش سه‌رقاڵی هه‌ڵبژاردنه‌کانن و کوردیش به‌شداری له‌و دانیشتنه ناکات بۆیه له‌و بڕوایه‌دا نین ڕێژه‌ی یاسایی ته‌واو ببێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاسایه‌که بکرێت".
به‌پێی زانیارییه‌کانی سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی "زیاتر له 50 په‌رله‌مانتاری شیعه‌ش دژی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ن و هه‌ندێک له سوننه‌کانیش دژی ئه‌و بودجه‌یه‌ن و تاوه‌کوو ئێستاش گۆڕانکارییه‌کان به‌رده‌وامن".
بڕیاره ڕۆژی سێشه‌ممه 27-2-2018 لیژنه‌ی داراییی په‌رله‌مانی عێراق کۆ ببێته‌وه و باس له گۆڕانکارییه‌کانی پڕۆژه‌یاسای بودجه بکرێت و سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی ده‌ڵێت: "ئه‌و کۆبوونه‌وه‌یه گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێ گه‌یشتوونه‌ته چ قۆناخێک".
به بڕوای عه‌ره‌فات که‌ره‌م، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق "گه‌مه‌یێکی سیاسیی مه‌ترسیدار ده‌کات چوونکه پێویستی به ده‌نگی شیعه و سوننه‌کان هه‌یه بۆیه ئاسایییه ئه‌گه‌ر داخوازییه‌کانی سوننه و شیعه‌کان جێبه‌جێ بکات به‌ڵام داواکاریی کورد جێبه‌جێ نه‌کات چوونکه ده‌زانێت له نێو کورددا هیچ ده‌نگێکیان نییه".
عه‌ره‌فات که‌ره‌م ئاماژه به‌وه‌ش ده‌کات "عه‌بادی نایه‌وێ بودجه په‌سند بکرێت وه‌ک چۆن له ساڵی 2014 بودجه په‌سند نه‌کرا ئه‌وه‌ش مه‌رامێکی سیاسی له پشته‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت یه‌ک له‌سه‌ر 12ی بودجه خه‌رج بکات و ئه‌وکات په‌رله‌مان ناتوانێ به سه‌ر حکوومه‌ته‌وه چاو‌دێر بێت و ئه‌وه‌ش بۆ مه‌به‌ستێکی سیاسییه و بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بتوانێت سوودێکی باش له‌و بودجه‌یه وه‌ربگرێت".
سه‌رچاوه: ڕووداو
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment