سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش مه‌ترسییێکی ڕاسته‌قینه‌یه لە سەر عێراق و ناوچەکە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دووپاتی کرده‌وه‌ تیرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش مه‌ترسییێکی ڕاسته‌قینه‌یه‌ که‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ سه‌قامگیریی و ئاسایشی عێراق و ناوچه‌که‌ ده‌کات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شۆرش ئیسماعیل، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌میانی کۆبوونه‌وه‌یێکدا له‌گه‌ڵ سێر جۆن لۆریمه‌ر، راوێژکاری باڵای به‌رگریی به‌ریتانیا له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئه‌فریقا دۆخی ئه‌منیی و پێشهات و ئاڵۆزییه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی عێراق و ناوچه‌که‌دا تاوتوێ کرد.

ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌که‌، گفتوگۆکردن بوو، له‌سه‌ر په‌ره‌سه‌ندن و جموجۆڵه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی داعش به‌تایبه‌تی له‌ ناوچانه‌ی بۆشایی ئه‌منیان هه‌یه‌، هاوکات گرنگی هاوکاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان و ڕۆڵی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی و هێزه‌کانی به‌ریتانی تاوتوێ کرا.

وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد: له‌ئێستادا په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراقدا هه‌یه‌و هه‌نگاوی باش چووینه‌ته‌ پێشه‌وه‌.

وتیشی: "بۆ خاوکردنه‌وه‌ی گرژییه‌کان و له‌ پرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌ولێر – به‌غدا پێویستیمان به‌ هاوکاریی به‌ریتانیا له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستاندا هه‌یه، پرسی نه‌ناردنی شایسته‌ داراییه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌ وه‌ک به‌شێک له‌ سیستمی به‌رگریی عێراق گفتوگۆی له‌باره‌کرا، وه‌ک مافێکی ده‌ستووری، بۆ ئه‌مه‌ش داوا له‌ راوێژکاری باڵای به‌رگری و باڵیۆزی به‌ریتانیا کرا که‌ هه‌وڵه‌کانی خۆیان بۆ ئه‌م پرسه‌‌ بخه‌نه‌گه‌ڕ".

راوێژکاری باڵای به‌رگریی به‌ریتانیا، که‌ نوێنه‌ری سه‌رۆک وه‌زیرانی به‌ریتانیاشه‌ له ‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئه‌فریقا، ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد: بۆ سه‌قامگیری ناوچه‌که‌ و تێکشکانی تیرۆریستان، له‌ هاوکاری و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌ به‌رده‌وام ده‌بین.

ناوبراو وتیشی: "به‌وردی چاودێری و هه‌ماهه‌نگی ده‌که‌ین له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی چاکسازی له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ‌و خواستی ئێمه‌و هاوپه‌یمانانه‌، هێزێکی نیشتمانی سه‌ربه‌خۆ که‌ هه‌مووان له‌ژێر چه‌تری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ کۆبکاته‌وه‌ بونیاد بنێین".

له‌کۆتایی کۆبوونه‌وه‌که‌دا، وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ی به‌رۆڵی راوێژکارانی سه‌ربازی به‌ریتانیا کرد له‌هاوکاری و یارمه‌تییه‌ به‌رده‌وامه‌کانیان و وتی: له‌ماوه‌ی ئه‌رکی راوێژکاری سه‌ربازی پێشووی به‌ریتانیا له ‌هه‌رێم، کۆلۆنێل رۆی ناتاراجان، رۆڵ و کاریگه‌ری به‌رچاوی هه‌بوو له‌سه‌رخستنی پرۆسه‌ی رێفۆرمی سه‌ربازیدا.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 119

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha