کێشەی نێوان پەکەکە و تورکیا بە ڕێگای ئاشتییانە چارەسەر دەکرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەڵوێستی یەکێتی لەبارەی کێشەی پەکەکە و تورکیا ئاشکرا کرد و رایگەیاند، یەکێتیی پێیوایە ئەو پرسە بە ڕێگای ئاشتییانە چارەسەر دەکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لاهور شێخ جەنگی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردەوە، لە شاری سلێمانی پێشوازیی کرد لە کلێمێنس زێمتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا بیروڕایان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی بارودۆخی گشتی و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو و چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا.

شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەش کردووە، بە گرنگییەوە باسی ڕۆڵی ئەڵمانیا کراوە لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لەو ئەرکەی کە هێزی سەربازی ئەو وڵاتە بینیویەتی لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش.

هاوسەرۆکی یەکێتی وتیشی: "پێزانینی خۆمان دووپات کردەوە بۆ گەل و حکوومەتی ئەڵمانیا کە هاوکاری هەرێمی کرد لە دابین کردنی چەک و پێداویستیی سەربازیی و ئەنجام دانی مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، "لە دیدارەکەدا باسمان لە بەردەوامیی هەوڵەکان کرد بۆ ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵی و جەختمان کردەوە، کە یەکێتیی هانی هەردوولا دەدات بە ئاڕاستەی چارەسەر کردنی کێشەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە کە تیایدا پشکی هەرێم لە بودجەدا دیاری بکات و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم زامن بکات و چیتر قووت و بژێویی ژیانی هاوڵاتییانی هەرێم نەکرێنە قوربانیی ململانێ و بەرژەوەندییە تایبەتەکان".

لاهوور شێخ جەنگی باسی لەوەش کردووە، "ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵ تەنیا بۆ بوودجە نییە، بەڵکوو فاکتەرێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی تر بە تایبەت کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان، هاوکات قەوارەی هەرێمیش بەهێزتر دەکات".

روونیشی کردوەتەوە، "جەختمان کردەوە لەسەر فەراهەم کردنی پانتایی ئازادیی ڕادەربڕین و مامەڵەکردنێکی مەدەنی و شارستانییانە لەگەڵ ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان لە پێناو پەرەپێدان و بەهێز کردنی پایەکانی ئازادی و دیموکراسی لە هەرێمدا".

لەبارەی هەڵوێستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ کێشەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و تورکیا لاهور شێخ جەنگی وتی: "یەکێتیی پێیوایە ئەو پرسە بە ڕێگای ئاشتییانە چارەسەر دەکرێت و بژاردەی شەڕ و پەنابردنە بەر ڕێگەی سەربازیی کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1181

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha