به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عه‌بدولباری زێباری سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بهSNNی ڕاگه‌یاند: "له كۆنگره‌كه‌ی كوه‌یت پڕۆژه و پێشنیازه‌كان له لایه‌ن كۆمپانیاكانی جیهانه‌وه ده‌خرێنه ڕوو. خستنه‌گه‌ڕی پڕۆژه‌كانیش له هه‌رێم ده‌وه‌ستێته سه‌ر چالاكیی وه‌فدی هه‌رێم به‌ڵام به گشتی ژماره‌یێكی به‌رچاو ڕوو له هه‌رێم ده‌كه‌ن".
سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه ئه‌وه‌شی نه‌شارده‌وه كه داخستنی گه‌شته نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم كاریگه‌ری له سه‌ر هاتنی ژماره‌یێكی زۆر كۆمپانیای بیانی و خستنه‌گه‌ڕی پڕۆژه‌كانیان ده‌بێت.
ئاشكراشی كرد: دۆخی ئه‌منی له هه‌رێم هانده‌ر ده‌بێت تا كۆمپانیاكان ڕووی تێبكه‌ن به‌ڵام گرفتی فڕۆكه‌خانه‌كان كاریگه‌ری له سه‌ریان ده‌بێت.
به وته‌ی عه‌بدولباری زێباری كه ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتیشه "ئه‌و هاوكارییانه‌ی له لایه‌ن وڵاتانی جیهانه‌وه به عێراق ده‌درێن وه‌ک هه‌نگاوێک بۆ ئاوه‌دان كردنه‌وه و به‌رزكردنه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووری، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌فدی حكوومه‌تی هه‌رێمیش به‌شداره، پشكی هه‌رێمیشی لێده‌درێت".
سه‌باره‌ت به كاریگه‌ری كۆنگره‌كه‌ش له سه‌ر بووژاندنه‌وه و جموجۆڵی بازرگانیی هه‌رێم وتی: "چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له دوای كۆنگره‌كه‌وه كۆمپانیایێكی زۆر بۆ جموجۆڵی بازرگانی ڕوو له هه‌رێم بكه‌ن".
زێباری ڕاشیگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ كه دوا ڕۆژی كۆنگرهكهیه، به‌رچاو ڕوونی زیاترمان ده‌بێت له‌وه‌ی بڕیار له سه‌ر هاتنی كۆمپانیاكان بۆ هه‌رێم بدرێت".
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment