نوێنه‌رێکی کورد ڕه‌خنه‌ی توندی گرت له‌ به‌شداریی کورد له‌ کۆبوونه‌وه‌ی بودجه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نوێنه‌ری سه‌ربه‌خۆی کورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق ڕه‌خنه‌ی گرتوووه‌ له‌ فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کانی په‌رله‌مان به‌ هۆی به‌شداری له‌ دانیشتنی تاوتوێی بودجه‌ی 2018 له‌ په‌رله‌مان و وتی که‌ کورده‌کان پاش به‌شداریی له‌و دانیشتنه‌دا ناتوانن ڕێگری بکه‌ن له‌ په‌سه‌ند کردنی ئه‌و به‌شه‌ بودجه‌یه‌ که‌ بۆیان ته‌رخان دراوه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، عادل نوری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەو بارەیەوە بە خەندانی ڕاگەیاند: ڕۆژی سێشه‌ممه‌/ 13ی فێبریڤێریی 2018 لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەی بودجەی عێراق کرا، ئەندامانی کوردی لیژنەی داراییش لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت: "بەشداری ئەندامانی کورد لەو دانیشتە هەڵوێستێکی خراپ بوو و پێویست بوو وەک ئەندامانی کورد لە هەڵوێستی بایکۆت و ڕێگری لە کۆبوونەوەکان بەردەوام بین".

ناوبراو زیادی کرد: "دوای ئەوەی کە پرۆژە یاسای بودجەی عێراق هاتە ناو پەرلەمانەوە و داخوازییەکانی کوردی بە هیچ جۆرێک تێدا نەبوو، ئەوکات هەوڵ و کۆششێکی زۆر درا لە لایەن پەرلەمانتارانی هەموو فراکسیۆنە کوردییەکانەوە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، چەند جارێک لەگەڵیدا دانیشتین بەڵام بە داخەوە یەک خاڵ لە داواکارییەکانی کوردی نەخستە ناو پرۆژە یاساکەوە، هەروەها لە تێبینی و ڕاپۆرتەکانیشدا کە بۆ پەرلەمانی ناردەوە تێبینیەکانی ئێمەی تێدا نەبوو."

وتیشی: "مانگێک زیاترە توانیومانە هەموو فراکسیۆنەکان بە هەموو ئەندامەکانەوە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان ڕۆژانە دوابخەین و پەکیان بخەین، هاوکات وەرەقەی ڕاپۆرتەکانمان لە لیژنەی دارایی وەرگرتوووە، تا ئەمڕۆش سووربووین لە سەر ئەوەی پرۆژەکە نەخوێندرێتەوە، نەمانهێشت و ڕێگریمان کرد، چونکە بە داخەوە گەر بە دەنگدان بێت ئێمە هەمیشە دەدۆڕێین، ئەمڕۆش لە کاتژمێر ١٢:٣٠ بۆ ماوەی نیو کاتژمێر ڕێگریمان کرد، بەڵام هەندێک لە سەرۆک فراکسیۆنەکان ڕایان وابوو کە هەقمان نەبێت بە دانیشتنەکانەوە با تێپەڕێت."

" عادل نووری وتی: "بەڵام من خۆم وەک ئەندام پەرلەمانێکی سەربەخۆ، ڕام وابوو بە هەر جۆرێک بێت نەهێڵین ئەو دانیشتنە بکرێت و نەهێڵین تێپەڕێت و خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، بەڵام لە بەر ئەوەی ڕای هەندێک سەرۆک فراکسیۆن وابوو ئەندامانیش پابەند بوون و ڕێگریان نەکرد و خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاساکە کرا، من لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانی ئەوەم باس کرد کە نەدەبوو ڕێگە بدەین و دەبوو وەک ڕۆژانی ڕابردوو پەکیبخەین و پێویست بوو ڕێگری بکەین، بەڵام بەداخەوە نەکرا."

ئەو ئەندام پەرلەمانە لەو بارەیەوە زیاتر دوا و وتی: "دوای خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاساکە لە ئێستادا هیچ چەکێکی ترمان بە دەستەوە نەماوە لە ناو پەرلەماندا، چونکە ڕێگریمان لە دەنگدان پێناکرێت، بە پێی یاسا دەتوانرێت دوای چوار رۆژ لە خوێندنەوەی دووەم، بهێنرێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدەن کە بێگومان دەنگی لەسەر دەدەن و تێشدەپەڕێت چونکە ژمارەی ئەوان زۆر زیاترە."

بە بڕوای عادل نووری، چوونە ژوورەوەی ئەندامانی کورد لە لیژنەی دارایی و بەشدارییان لە دانیشتنەکە هەڵوێستێکی خراپ بوو، "چونکە چوونە ژوورەوەی ئەوان کەواتە با ئیشەکە بڕوات و ئێمە قایلین، بەڕاستی نەدەبوو ئەوە بکرایە، پەرلەمانتار مافی ڕێگری کردنی هەیە و دەتوانێت ڕێگری بکات".

عادل نووری دەشڵێت: "ئەو چەکەی بەدەستی ئێمەوەیە لە ئێستادا تەنها سەرۆک کۆمارە کە من داوا لە سەرۆک کۆمار دەکەم هەڵوێستی هەبێت، چونکە ئەو دەتوانێت تەداخول بکات و هەرەشەی ئەوە بکات کە ئەگەر داواکارییەکانی کوردی تێدا ڕەچاو نەکرێت پرۆژە یاساکە واژۆ ناکات."

ناوبراو زیادی کرد: "سەرۆک کۆمار دەتوانێت پرۆژە یاساکە بگێڕێتەوە بۆ پەرلەمان و ئێمەش بیگەڕێنینەوە بۆ حکوومەت و تێبینییەکانی تێدا جێی بکرێتەوە، من پێم وا نییە سەرۆک کۆمار ئەمە نەکات، چوونکە نوێنەری گەلی کوردە و مەعقول نییە بێخەم بێت، دەتوانێت لە ئێستا هەڕەشەی ئەوە بکات کە نابێت بودجە بەو کەموکورتییانەوە تێپەڕێت، ئەگەر پرۆژەکەش تێپەڕی دەتوانێت واژوی نەکات و بینێرێتەوە بۆ پەرلەمان و دواتریش ئێمە بینێرینەوە بۆ حکوومەت و دووبارە تێبینییەکانی خۆمانی بۆ زیاد بکەین."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 11557

Your Comment

You are replying to: .
captcha