بەرپەرچی ده‌ستدڕێژی و جینۆساید ده‌ده‌ینه‌وه‌/ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، ئه‌ورووپا و هاوپه‌یمانان ئه‌رکه‌کانیان ڕاپه‌ڕێنن

به‌شی سووریا- هاوسه‌رۆکی ته‌ڤگه‌ری کۆمه‌ڵگای دیموکراتیک جه‌خت له‌سه‌ر خۆڕاگری له‌ به‌رانبه‌ر هێرشه‌کانی سوپای تورکیا و هاوپه‌یمانانی ده‌کاته‌وه‌ و داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، یه‌کێتیی ئه‌ورووپا و هاوپه‌یمانان ده‌کات ئه‌رکه‌کانیان له‌ به‌رانبه‌ر عه‌فرین ڕاپه‌ڕێنن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئاسیه‌ عه‌بدوڵڵا هاوسه‌رۆکی ته‌ڤگه‌ری کۆمه‌ڵگای دیموکراتیکی سووریا (TEV-DEM) کورده‌کان بانگهێشتی خۆڕاگری له‌ به‌رانبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازیی تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌کاته‌وه‌ و ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "له‌ به‌رانبه‌ر ده‌ستدڕێژی و جینۆسایدی حکوومه‌تی تورکیا ده‌وه‌ستینه‌وه‌."

شه‌وی ڕابردوو ئاسیه‌ عه‌بدوڵڵا به‌یاننامه‌یێک له‌ژێر ناوی "بانگه‌وازیی به‌په‌له‌ بۆ هه‌موان"ی بڵاو کرده‌وه‌ که‌ له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتوووه‌: "نۆ رۆژه‌ سوپای توركیا به‌ به‌رچاوی هه‌موو جیهانه‌وه‌ به‌ قورسترین چه‌ک لێیان ده‌دات و ده‌یانه‌وێت كانتۆنه‌كه‌یان داگیر بكه‌ن. له‌و ماوه‌یه‌دا حکوومه‌تی تورکیا هه‌موو جۆره‌ چه‌کێکی دژی خه‌ڵک، داری زه‌یتوون، چیا، به‌نداو و ڕووباره‌کانی عه‌فرین به‌کار هێناوه‌. ئه‌و حکوومه‌ته‌ به‌ به‌کارهێنانی فڕۆکه‌، تانک، تۆپخانه‌، کۆپته‌ر و مووشه‌ک داخی خۆی به‌ سه‌ر عه‌فریندا ڕژاند. ئه‌و هێرشانه‌ خه‌ڵک، دار، به‌رد و هه‌موو بوونه‌وه‌رانی کرده‌ ئامانج و به‌و شێوازه‌ حکوومه‌تی تورکیا شه‌ڕێکی ده‌ست پێکردوووه‌ بۆ له ‌ناو بردنی هه‌موو شتێک له‌ عه‌فرین. ئه‌وان هێرش ده‌که‌نه‌ سه‌ر خه‌ڵکێک که‌ ده‌یانه‌وێت به‌رگری له‌ خانوو، شه‌رافه‌ت، داری زه‌یتوون، زه‌وین و ئاسمانی خۆیان بکه‌ن. ئه‌وان مێژوو، فه‌رهه‌نگ و ژیانی خه‌ڵکێکیان کردۆته‌ ئامانج که‌ شه‌رافه‌ت و که‌رامه‌تی خۆیانیان پاراستوووه‌."

ناوبراو یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل (YPG) و یه‌کینه‌کانی پاراستنی ژنان (YPJ) به‌ هێمای به‌رخۆدان له‌ به‌رانبه‌ر تیرۆریزم ده‌زانێت و ئامانجی تورکیا له‌ناوبردنی ئه‌و هێزانه‌ ناو ده‌بات.

ئاسیه‌ عه‌بدوڵڵا جه‌ختی کرده‌وه‌: "حکوومه‌تی تورکیا جووڵه‌ی به‌ هێزی سه‌ربازیی خۆی دژ به‌ خه‌ڵکی ئێمه‌ و YPG و YPJ کرد که‌ له‌ ساڵانی ڕابردوودا هێمای به‌رخۆدان له‌ به‌رانبه‌ر تیرۆریزم بۆ هه‌موو سووریا و بۆ مرۆڤایه‌تی بوون و هێشتاکه‌ش له‌ ده‌یره‌زوور له‌ به‌رانبه‌ر داعش شه‌ڕ ده‌که‌ن. هێرشه‌کانی تورکیا زۆر خراپتر و مه‌ترسیدارتر له‌ هێرشه‌کانی داعشه‌ چوونکه‌ ئه‌و هێرشانه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامێکی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان و ناتۆ و له‌ به‌رانبه‌ر چاوی هه‌موووانه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت."

هاوسه‌رۆکی TEV-DEM داوا له‌ کورده‌کان، کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و تێکڕای هێزه‌کانی دیموکراتیک ده‌کات له‌ به‌رامبه‌ر هێرشی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین هه‌ڵوێستیان هه‌بێت.

ناوبراو داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، یه‌کێتیی ئه‌ورووپا و هاوپه‌یمانان ده‌کات ئه‌رکه‌کانیان له‌ به‌رانبه‌ر عه‌فرین ڕاپه‌ڕێنن. ئه‌وان ده‌بێ به‌ خێرایی ئه‌رکه‌کانیان ڕاپه‌ڕێنن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هێرش‌کردنه‌ سه‌ر هێزه‌کانی ئێمه‌ -که‌ خه‌ریکن له‌گه‌ڵ داعش شه‌ڕ ده‌که‌ن- شه‌ریکی تاوانی ئه‌وان نه‌بن و پشتیوانی له‌ خه‌ڵکی عه‌فرین بکه‌ن. هێزه‌کانی ئێمه‌ درێژه‌ به‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم له‌ سووریا ده‌ده‌ن و ئاسایشی ناوچه‌که‌ و جیهان دابین ده‌که‌ن.

سه‌رچاوه‌: فورات نیووز

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 11019

Your Comment

You are replying to: .
captcha