بەپێی هەواڵی کوردپرێس بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر عەفرین رایگەیاند: "پێم وا نییە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە باکووری سووریا خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەیی و سەقامگیریی سووریا و ھەروەھا نیگەرانییەکانی ئاسایشی سنووری تورکیا بکات".
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، بە رێگەی تەلەکۆنفڕانس کۆنگرەیێکی رۆژنامەوانیی ساز کرد و ھەڵسەنگاندنی لەبارەی پرسی سووریا کرد.
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا کە لەبارەی نیگەرانییەکانی تورکیا لەمەڕ سنووری سووریا، لە نزیکەوە لەگەڵ ئەنقەرە کار دەکەن و راشیگەیاند باوەڕ ناکەن ھەنگاوێکی سەربازی بۆ سەر عەفرین یاخود بۆ سەر ھێزەکانی سووریای دیموکرات، سوودی ھەبێت.
ئەو پرسە لەبارەی دامەزراندنی "ھێزی ئاسایشی سنوور" کە چەکدارانی سوپای دیموکراتیک لەخۆ دەگرێت رایگەیاند: "پێشتریش ھەروەک وەزیر رێکس تیلەرسن ئاماژەی پێکرد، ھێزی ئاسایشی سنوور دەستەواژەیێکی ھەڵە بوو. ئەوەی لەوێ دەیکەین، مەشق پێکردنە بە چەکدارانی ئاسایشی ناوخۆ. ئەمە پێکھاتەیێکی ئاسایشی ناوخۆییە (لە سووریا) و گشت لایەنەکانی باکوور و باکووری رۆژھەڵات دەگەرێتەوە و ھەڕەشەیێکیش نییە بۆ سەر تورکیا".
ھاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەنجامدانی ھەر چالاکییێک لە باکوور و باکووری رۆژھەڵاتی سووریا ھەڕەشە بۆ سەر تورکیا و سنوورەکانی دروست ناکات و راشیگەیاند كه دووبارە رێکخستنەوەی ئەو ھێزانەی بە چەکی قورس بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە رەققە کرد بە مانای گواستنەوەیان بۆ شوێنێکی دیکە نایەت.
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد کە شەڕی رەققە تەواو بوووە و بۆیە تا رادەیێک پەیوەندیی سەربازییان لەگەڵ ھێزەکانی سووریای دیموکرات گۆڕاوە و لە ئێستاشدا ھەوڵی پێکھێنانی ھێزێکی ئاسایشی ناوخۆیی لە باکوور و باکووری رۆژھەڵاتی سووریا دەدەن.
ناوبراو روونیشی کردەوە لە تەواوی نیگەرانییەکانی تورکیا پەیوەندیدار بە پەکەکە تێدەگەن و راشیگەیاند باکووری سووریا پێویستی بە سەقامگیری ھەیە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment