به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سولەیمان سۆیلۆ وه‌زیری ناوخۆی تورکیا ڕای‌گه‌یاند: له ماوه‌ی که‌متر له 8 مانگدا پڕۆسه‌ی دروست کردنی 70 کیلۆمه‌تر له دیواری ئه‌منیی 144 کیلۆمه‌تریی سه‌رسنووری تورکیا و ئێران کۆتاییی پێ هاتوووه.
ناوبراو پاش به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ئه‌و دیواره ئه‌منییه سنوورییه جه‌ختی کرده‌وه: "لەو بڕوایەدام لە دوای دروست کردنی ئەو دیوارە سنوورییە، ڕێوشوێنی ئەمنیی توند لەبارەی ڕێگری لە کۆچی نایاسایی، دزەکردنی تیرۆریستان و ھەروەھا پرسی قاچاخچییەتی ده‌گیردرێته به‌ر."
سۆیلۆ گوتی: یەکەمین ھۆکاری دروست کردنی ئه‌و دیواره بە دڵنیایییەوە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە. دووەمین ھۆکاری بەرەنگاربوونەوە لە دژی دزەکردنی تیرۆریستان و ھۆکاری سێیەمیش بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایییە.
وه‌زیری ناوخۆی تورکیا ده‌ستخۆشیی له یارمه‌تییه‌کانی ئێران کرد و وتیشی: هه‌نگاوێکی دوو لایه‌نه بۆ زیاتر کردنه‌وه‌ی هاوکاری له بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم و دابین‌کردنی ئاسایشی سنووره‌کان هه‌ڵگیراوه که ده‌رئه‌نجامێکی پۆزه‌تیڤی بۆ دوو لایه‌ن به‌دواوه ده‌بێت.
ناوبراو ڕاشی‌گه‌یاند: جگه له‌و دیواره‌ی سه‌رسنووری تورکیا- ئێران و دیواری 911 کیلۆمه‌تریی سنووری سووریا که خه‌ریکه دروست ده‌کرێت، له داهاتووشدا له سنووره‌کانی تورکیا دیواری سنووری له‌گه‌ڵ وڵاتانی گورجستان و ئه‌رمه‌نستانیش دروست ده‌کرێت.
سه‌رچاوه: ده‌یلی سه‌باح
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment