چالاک بوونەوەی شانە نووستووەکانی داعش لە کەرکووک

بەشی جیهان- دوو نوێنەری کوردی هەرێمی کوردستان ئاماژە دەکەنە هێرشەکانی ئەم دواییەی داعش لە کەرکووک و سەبارەت بە درێژەی چالاکییەکانی ئەو گرووپە هۆشدار دەدەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆتا حەفتەی ساڵی ٢٠١٧ی زایینی و لە هێرشێکی لەناکاودا ٧ کەس لە جادەی کەرکووک بۆ حەویجە گیانی خۆیان لەدەست دا کە بریتی بوون لە فازڵ سەباوی لە پۆلیسی عێراق و هاوسەرەکەی و ٥ پاسەوانەکەی. لە هێرشێکی دیکەشدا وەلید نووری سەرکردەی یەکێک لە هۆزە عەرەبەکان لەگەڵ هاوسەر و کوڕەکەی کوژران و داعش بەرپرسیارێتیی هەردوو هێرشەکەی وەئەستۆ گرت.

شاخەوان عەبدوڵڵا نوێنەری کوردی پارلەمانی عێراق لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمبارەوە بە ئەلمانیتۆر دەڵێت هێزەکانی داعش دزەیان کردۆتەوە ناو کەرکووک.

باس لەوەش دەکات چەند تەقینەوە و حاڵەتی ڕفاندن لە ناوچەکەدا ڕووی داوە و حەفتەی ڕابردوو چوار هاووڵاتیی کورد لە گوندێکی عەرەبنشینی کەرکووک ڕفێندراون. بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکەدا دیارە و داعش لە حەویجەوە دزەی کردۆتەوە ناو کەرکووک و پێویستە هێزە کوردییەکانیش هاوکات لەگەڵ دیکەی هێزەکانی عێراق لە ناوچەکەدا دامەزرێن.

شوان داوودی نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پارلەمانی عێراقیش دەڵێت هەرچەندە داعش چیدی کۆنترۆڵی بەسەر ناوچەکەدا نەماوە بەڵام ئەندامەکانی هێشتاکەش چالاکن، بۆ وێنە نزیکەی ٢ بۆ ٣ هەزار ئەندامی ئەو گرووپە لە حەویجە و باشووری کەرکووکدا بوون کە لە ئۆپەراسیۆنی ئازد کردنی ناوچەکە تەنیا ٣٠٠ ئەندامیان کوژراون یان خود دەستگیر کراون و ئەوانی دیکەیان پەنایان بردۆتە گوندەکانی دەوروبەر و کوێستانەکانی کەرکووک.

ئەویش هەر وەکوو شاخەوان عەبدوڵڵا بڕوای وایە بۆشاییێکی ئەمنی بەهۆی نەمانی هێزی کورد لە ناوچەکەدا درووست بووە و پێویستی هێزی کوردی بگەڕێتەوە کەرکووک.

سەرچاوە: ئەلمانیتۆر

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 10125

Your Comment

You are replying to: .
captcha