بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە یەکەم لێدوانیدا لەبارەی ئامادەبوونی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا، پێچەوانەی وتەکانی ترەمپ؛ ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمریکا ئەرکی پاراستنی بیرە نەوتییەکانی ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانیان لە ئەستۆ نییە.
جان کربی، وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا شەوی ڕابردوو لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ هەواڵنێران جەختی کردەوە هێزەکانی ئەمرکیا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا تەرکیزیان لەسەر شەڕی داعشە نەک بیرە نەوتەکانی ئەو ناوچەیە.
ناوبراو لەبارەی کارمەندان و ئامێر و کەرەستەکانی کۆمپانیای ئەمریکی دێلتا کریسانت ئینێرژی لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردانی سووریا جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا ئەرکی پاراستنی کۆمپانیایێکی تایبەت کە خەریکی گەشەدان بە سەرچاوە نەوتییەکانە، لەسەر شانی نییە.
بەم حاڵەشەوە ناوبراو ئاماژەی کرد کە 900 هێزی تایبەتی ئەمریکی لە سووریا، خەڵکی مەدەنی-ش دەپارێزن کە دەتوانێت پاساوی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دەڤەری کێڵگە نەوتییەکانی کوردستانی سووریا بێت.
جان کربی جەختی کردەوە کە "دەبێت وەبیری بێنینەوە ئەرکی ئێمە لەم ناوچەیەدا لەناوبردنی بە تەواوێتیی داعشە".
ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا دەڵێت کە لێدوانی وتەبێژی پێنتاگۆن لە ئیدارەی جۆ بایدن بە واتای گۆڕینی هەڵویستەکانی ئەم وڵاتەیە لە سووریا.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment