ئێران به‌رانبه‌ر به‌ کورده‌کان به‌ سیاسه‌تی خۆیدا بچێته‌وه‌

به‌شی دیمانه‌/ کوردی- حێشمه‌توڵڵا فه‌لاحه‌ت‌پیشه‌ له‌ لێدوانێکدا ده‌ڵێت: بڕوام وایه‌ سیاسه‌تی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌باره‌ی کورده‌کانه‌وه‌ پێویستی به‌ پێداچوونه‌وه‌ی جیدی هه‌یه‌ چوونکه‌ مێژووی کورد و ئێران زۆر ڕه‌سه‌نتر و قووڵتر له‌ مێژووی پێوه‌ندیی کورد له‌گه‌ڵ دیکه‌ی وڵاتانه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، حێشمه‌توڵڵا فه‌لاحه‌ت‌پیشه‌ ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی له‌ په‌رله‌مانی ئێران ڕای‌گه‌یاندوووه‌: بڕوای من وایه‌ کورده‌کان له‌ فه‌رهه‌نگی ئێرانی نزیکن و هه‌ر به‌و بۆنه‌شه‌وه‌ پێویسته‌ کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌باره‌ی کورده‌کانه‌وه‌ به‌ سیاسه‌تی خۆیدا بچێته‌وه‌.

ناوبراو درێژه‌ی پێدا: کورده‌کان خه‌ڵکێکی ئه‌مه‌گدار و ڕاستگۆن و ئه‌و ڕاستییه‌ش ده‌بێته‌هۆی ئه‌وه‌ی متمانه‌یان پێ بکرێت.

فه‌لاحه‌ت‌پیشه‌ گوتیشی: ئێران له‌ پرسی هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت سیاسه‌تێکی‌تر بگرێته‌ به‌ر. ئه‌و سیاسه‌ته‌ یه‌کسانه‌ی ئێران له‌گه‌ڵ تورکیا نواندی خه‌ساری له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانیی ئێران دا چوونکه‌ ئێران سنووره‌کانی خۆی به‌ ڕووی هه‌رێمدا داخست و بازرگانانی سه‌ر سنوور و سنوورنشینه‌کانی ئێران خه‌ساری جیدییان لێکه‌وت.

ناوبراو زیادی کرد: به‌ڵام تورکیا زیاترین سیاسه‌تی ستراتێژیکی دژ به‌ کورد و دژ به‌ ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌بوو و ئێستاش پێوه‌ندیی ئه‌و وڵاته‌ له‌گه‌ڵ داعش پرسیارێکی گرینگه‌. سوودی بازرگانیی زه‌به‌لاحی له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان بردوووه‌ و هه‌موو بازاڕه‌کانی ئێرانی له‌ عێراق قۆرخ کردوووه‌.

ئه‌ندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی له‌ په‌رله‌مانی ئێران ئه‌وه‌شی خسته‌ ڕوو کورده‌کان به‌ شانازییه‌وه‌ خۆیان به‌ ئێرانی ده‌زانن و ئه‌وه‌ش هه‌ستێکه‌ له‌ نێو کوردی دیکه‌ی وڵاتانیشدا ده‌بینرێت هه‌ر بۆیه‌ش بڕوام وایه‌ ده‌بێت کۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ زیره‌کی چ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق و چ له‌گه‌ڵ تورکیا و چ له‌گه‌ڵ سووریاش پێوه‌ندی هه‌بێت و له‌ هه‌مان کاتدا نیسبه‌ت به‌ کورده‌کان نیازپاک بێت.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: ده‌بێت ئه‌و پێوه‌ندییه‌ تۆکمه‌ مێژوویییه‌ له‌گه‌ڵ کورد بپارێزین چوونکه‌ ڕاستییه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ درێژایی مێژوو وڵاتانی ناوچه‌که‌ له‌ ڕژێمی زایۆنییه‌وه‌ بگره‌ تا وڵاتانی ڕۆژئاوا هه‌وڵیان داوه‌ کورده‌کان وه‌کوو ئامێر به‌کار بهێنن به‌ڵام ئێرانییه‌کان به‌رده‌وام بۆ پاراستنی گیان و ماڵی کورده‌کان خۆیان خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. بینیشمان سه‌ربازی ئێرانی و سه‌ربازی کوردی عێراقی به‌ یارمه‌تیی یه‌کتری دژ به‌ دیکتاتۆرییه‌تی سه‌دام و فیتنه‌ی تیرۆریزم خه‌باتیان کرد.

دیمانه‌: ئه‌فشین غوڵامی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9814

Your Comment

You are replying to: .
captcha