بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: " فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەشداریی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ناكەن و ئەوەندەی بزانین بەشێک لە سوننەكانیش بەشدارنابن."
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بەشێوەیێکی نائاسایی کۆ ببێتەوە بۆ تاوتوێ کردنی پێشێلکردنی سەروەریی عێراق لەو هێرشەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرەبەیانی رۆژی هەینیی رابردوو کردی و بووە هۆی شەهید بوونی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی.
فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە کاژێر یەکی پاش نیوەڕۆ بۆ تاوتوێکردنی پێشێل کردنی سەروەریی عێراق کۆ دەبێتەوە".
ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر چەند فراکسیۆنێکی شیعە لە پەرلەمان رەشنووسی پێشنیازی پرۆژەیاسای دەرکردنی هێزە بیانییەکانیان لە عێراق ئامادەکردووە و پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا هەوڵی دەستپێکردنی رێوشوێنی پەسەندکردنی بدەن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment