کوردپرێس:
هەرێمی کوردستان بۆتە مەکۆیێکی ئارام بۆ سەردانی گەشتیاران و ساڵانە لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێی زاینی بە ڕێژەیێکی زۆر گەشتیار ڕوو دەکەنە هەرێمی کوردستان. حکوومەتی هەرێمیش سەرنجی گواستۆتەوە بۆ دەوڵەمەندکردنی ژێرخانی گەشتیاریی هەرێم و ئەوەش بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن.
مەولەوی جەبار، سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیاییی رووداوی ڕاگەیاند، لە ساڵانی پێشوو هاتنی گەشتیار لە وەرزی زستاندا زۆر سنوورداربوو، بەڵام "ماوەی پێنج ساڵە هاتنی گەشتیار لە وەرزی زستاندا بەردەوام زیاددەكات و خاوەنی شوێنە گەشتیارییەكانیش لەو رووەوە رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە".
سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر رێژەی هاتنی گەشتیار لە وەرزی زستان بەراورد بکرێت بە پێنج ساڵ لەمەوبەر، دەتوانین بڵێین رێژەکە لە 70% زیادیکردووە.
لە ساڵانی رابردوو زیاتر لە وەرزی بەهار و هاویندا گەشتیار رووی لە هەرێمی كوردستان دەكرد، بەڵام وەك سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێدا، ئێستا لە وەرزی زستانیش هاتنی گەشتیار لە زیادبووندایە.
پێشتر نەبەز ئیسماعیل، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی 2020ەوە زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار بۆ ئاهەنگەکانی سەری ساڵ هاتوونەتە هەولێر. بەشێکی کەمیان لە وڵاتانی دراوسێوە هاتوون و بەشی زۆریان گەشتیاری بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقن".
Your Comment