کوردپرێس: ئەمڕۆ شەممە، سەرچاوەیێکی ئاگادار بە ماڵپەڕی رووسیا الیوم-ی ڕاگەیاندووە ئەمڕۆ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە سلێمانییەوە دەگەڕێتەوە بۆ بەغدای پایتەخت.
سەرچاوەکە بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو وتی بەرهەم ساڵح کار لەسەر کۆتایی هێنان بە دۆسێی ڕاسپاردنی سەرۆکی حکوومەت دەکات، لەگەڵ دەستکردنەوە بە کاری خۆی لە سەرۆکایەتی کۆمار.
بەپێی بەیاننامەیێک کە پێنج شەممەی ڕابردوو لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە بڵاوکرایەوە، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بۆ بەردەم ئەندامانی پەرلەمان و داوای لێبوردنیشی کرد لە ڕاسپاردنی ئەسعەد عێدانی کاندید هاوپەیمانی بنیاتنان بۆ سەرۆکایەتی کردنی حکوومەتی داهاتوو.
لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراقدا هاتبوو "ئەم هەڵوێستە شەرمنەی لەبارەی کاندیدکردنی کەسێکەوە بۆ سەرۆکایەتی وەزیران هەیە لەئێستادا، بە خۆدزینەوەیە لە دەقە دەستورییەکان دادەنرێت، بۆیە ئامادەیی خۆم بۆ دەستلەکارکێشانەوە لە پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار دەردەبڕم لەبەردەم ئەندامانی پەرلەمان، تا بۆخۆیان لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیان وەک نوێنەرانی گەل بڕیاربدەن لەوەی کە چی گونجاوە، چوونکە دڵنییان لەوەی هیچ پێگە و پۆستێک سوودی نییە گەر لە خزمەتی خەڵکدا نەبێت و نەبێتە مایەی زامنکردنی مافەکانیان".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment