پرسی کوردی تورکیا گرێ دراوە بە ناوی پەکەکەوە بۆ ئەوەی بیتلێنن بە مەسەلەی تیرۆرەوە

بەشی جیهان- دوکتور ئاینۆر ئۆناڵ لە دیمانەیێکدا بە کوردپرێسی وتووە مەسەلەی کورد لە تورکیا تلاوە بە مەسەلەی پەکەکەوە و بەو بۆنەیەشەوە هەمیشە دەتلێت بە پرسی تیرۆرەوە چوونکە ئەورووپا و ئەمریکا، پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانن.

کوردپرێس:

مەسەلەی کورد لە تورکیا یەک لەو تەوەرە جێ موناقەشانەیە کە سیستەمی حکومڕانیی تورکیا لە ساحەی سیاسیی ئەو وڵاتەدا نەیتوانیوە چارەسەری بکات و بەردەوام ناوی پەکەکە لە بزووتنەوەی سیاسیی تورکیاوە گرێ دراوە و ئەمەش وای کردووە مەسەلەی کورد چارەسەر نەکرێت چوونکە وڵاتانی خۆرئاوایی و ئەمریکاش پەکەکە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانن.

دوکتور ئاینۆر ئۆناڵ مامۆستای زانکۆی لستری بەریتانیا بە تەرکیزەوە لە سەر مەسەلەی کوردی تورکیا و پەکەکە ورد بۆتەوە. هەر بۆیەش کوردپرێس بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ئەم بابەتە چەند پرسیارێکی ئاراستەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ کردووە.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ دوکتور ئاینۆر ئۆناڵ:

کوردپرێس: ئێستا کێ قیادەی ڕەوتی کوردییە لە تورکیا؟ پەکەکە یان پارتی دیموکراتیکی گەلان یان عەبدوڵڵا ئوجەلان لە زیندانەوە؟

دوکتور ئاینۆر ئۆناڵ: بەداخەوە ئەم مەسەلەیە یەکێکە لە موناقەشە جیدییەکانی بزاوتی سیاسیی کورد لە تورکیا. سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتیکی گەلان (HDP) لە دانیشتنێکی دادگاکەیدا باسی ئەمەی کرد. دەمیرتاش وتی: "من ئەمە بڵێم یان نەیڵێم هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت بەڵام لە باڵەخانەی پەرلەمانی تورکیا 10 ملوێن واژۆ هەیە کە دەڵێت عەبدوڵڵا ئوجەلان سەرچاوەی دنیابینیی سیاسیی منە." پەروین بۆڵدان هەوسەرۆکی ئێستای پارتی دیموکراتیکی گەلانیش لە لێدوانێکدا وتوویەتی عەبدوڵڵا ئوجەلان ناوەندگیرێکی سەرەکییە لە دانووستانی نێوان دەوڵەتی تورکیا کوردەکانی ئەو وڵاتە. نەک هەر هەدەپە بەڵکوو دەوڵەتی تورکیاش دەڵێن ئوجەلان لە پڕۆسەی دانووستانی نێوان تورکیا و کوردەکان کە لە ساڵی 2009وە دەستی پێکردووە دەوری بینیوە. هەر بەم پێیەش من دەڵێم مەسەلەکە ئەوەیە کە ئێمە چۆن دەڕوانینە بابەتەکە و چۆنی بۆ دەچین. تەروەری سەرەکی، مەسەلەی دانپێدانانی تورکیا بە مافی کوردی و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی تورکیایە.

پەکەکە لە چوار دەیەی ڕابردووەوە بە دنیابینییێکی جیاواز لە دنیابینییەکەی ئەمڕۆی سەری هەڵدا. لە لایێکی دیکەشەوە حیزبە سیاسییەکان لە ڕێگای سیستەمی دەستووریی تورکیاوە و لەسەر بنەمای سیاسیی جیاجیا دامەزراون. بە گوێرەی ئەم بابەتانەش من لەو قەناعەتەدام کە پرسیاری "کێ سەرکردایەتیی بزاوتی سیاسیی کوردی تورکیا دەکات" ئەمری واقیعی کورد و سیاسەتی پەرلەمانی پارتی دیموکراتیکی گەلان دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە. ئێمە دەبێت بە دیدێکی واقیع بڕوانینە پێگەی عەبدوڵڵا ئوجەلان و پەکەکە، بەراورد بە قورساییی دیکەی حیزبە کوردییەکان.

بەڕای من وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە کارتێکەر دەبێت. دەبێت سەرنجی بدەین بزانین کورد داوای چی دەکات. ئەمڕۆکە داواکاریی هاوبەشی سەرجەم لایەنە کوردییەکانی تورکیا لە دوو تەوەری سەرەکیدا خۆی دەبینێتەوە: یەکەم ئەوەی دان بە بوونی کورد لە دەستووری تورکیا بنرێت و دووهەم ئەوەی دان بە مافە فەرهەنگییەکانی کورددا بنرێت و بۆ نموونە خوێندن بە زمانی دایکی بۆ کوردەکان لە تورکیا ئازاد بکرێت. بە ڕەئیی من لە ئەساسدا کێشەی سەرەکیی نێو بزاوتی کوردیی تورکیا، مەسەلەی قیادەی سیاسی نیە. وەک دەبینین لە پارتی دیموکراتیکی گەلاندا هەموو جۆرە پێکهاتەیێک هەیە. لە مامۆستای زانکۆ و بازرگان و مامۆستای پەروەردە و کەسی سیاسی و هەڵسووڕاوانی مەدەنی دەبینرێت و داڵغەی سەرەکیی حیزبە داواکردنی مافەکانی کوردە نەک ئەوەی کێ ببێتە سەرۆک.

کوردپرێس: ئەردۆغان و حیزبەکەی واتا ئاکپارتی نەیانتوانی کێشەی کورد لە تورکیا چارەسەر بکەن. ئێستا لە هەڵبژاردنەکەی ئەم دوایییەدا کۆماریخوازی گەل سەرکەوت و لە سەرۆک شارەوانیی چەند شارێکی حەیاتیی تورکیای مسۆگەر کرد و دوور نیە لە داهاتوودا دەسەڵاتی زیاتر بگرێت. ئایا ئومێدی ئەوە دەکرێت پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا بتوانێت کێشەی کوردی تورکیا بە لایێکدا بخات؟

دوکتور ئاینۆر ئۆناڵ: بەڕای من مەسەلەی کورد لە تورکیا مەسەلەیێکی قەومی نیە بەڵکوو کێشەیێکی حکوومییە و دەبێت لە ڕێگەی حکوومەتەوە کاری بۆ بکرێت نەک لە ڕێگەی حیزبەوە. دیارە نابێت شوێندانەریی هەردوو لایەنی حکوومەت و ئوپۆزسیۆنیش ئیهمال بکەین بەڵام من سەرباری ئەوەی دەمەوێت خۆشبین بم بە کۆماریخوازەکان دیسان کە سەرنجی کارنامەی ئەو حیزبە و چۆنیەتیی مامەڵەکردنی لەگەڵ کورد دەدەم دەبینین کە بەشێکی گەورەی حیزبەکە هێشتا دنیابینیی کەماڵیستییان هەیە و حاشا لە بوونی کورد لە تورکیا دەکەن.

بە هەموو ئەمانەشەوە لەو قەناعەتەدام کە پاش هەڵبژاردنەکەی ئەم دواییە، پردێک دروست بووە و کەشێکی ئەرێنی سەری هەڵداوە. جگە لەوەش لە نێوخۆی پارتی کۆماریخوازی گەلانی تورکیاوە خەڵکانێک دەنگیان بەرز کردۆتەوە دژی ئەو ناحەقییانەی بەرانبەر بە کوردی تورکیا. بۆ نموونە ئەکرەم ئیمام ئوغڵوو شارەوانی ئەستەنبوڵ و جانان کفتانچی ئوغڵوو بەرپرس لە حیزبی کۆماریخواز لە ئەستەنبوڵ و باریش یارکاداش نوێنەری پێشووی پارتەکە لە پەرلەمان و ئورون ئوردم نوێنەری پێشووی زیندانیکراوی حیزب. بەم پێشکەوتنانەوە هیواخوازم پارتی کۆماریخوازی گەل واز لە دنیابینیی کەمالیستی و ئەو هەڵوێستانە بهێنێت کە لە دەنگدان بە حەسانەی یاساییی پەرلەمانتاران و لە مەسەلەی عەفرینیشدا هەیبوو.

کوردپرێس: ئایا عیلاقاتی نێوان کوردی تورکیا و کوردی عێراق دەتوانێت کارتێکەر بێت لە سەر دۆخی کوردی تورکیا؟ بۆ نموونە ئایا دەتوانێت زەمینەیێک بۆ ئەوە فەراهەم بکات کە حکوومەتی تورکیا دان بە بوونی هەیکەلییەتێکی وەک هەرێمی کوردستان لە تورکیا بنێت؟

دوکتور ئاینۆر ئۆناڵ: بە بڕوای من پێوەندیی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی نێوان کوردی عێراق و کوردی تورکیا بەردەوام لە ئارادا بووە و ئەوەش جیایە لە پێوەندیی سیاسی. لەبارەی وەزعێکی وەک وەزعی هەرێم دەبێت ئەوەتان پێ بڵێم کە هەڵسووڕاوانی سیاسی و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا ئەساسەن بیر هەیکەلییەتێکی وەک هەرێمی کوردستان ناکەنەوە. بە قەناعەتی من پێوەندیی سیاسیی نێوان کوردی عێراق و کوردی تورکیاش بەردەوام لە ئاستێکی تایبەتدا بوونی بووە بەڵام داواکاریی کورد هەمیشە بە شێوەی ڕوون و ڕاستەوخۆ لە سیاسەتی پەرلەمانیی کورد ئاراستە کراوە و بەردەوامیش کار کراوە بۆ ڕەخساندنی کەشێکی هاوبەشی سیاسەتی کوردی لە ناوچەکە.

کوردپرێس: ئەم پرسیارە زۆر کراوە بەڵام دیسان ئەیپرسمەوە ئایا بە ڕاستی هاوپەیمانەکانی تورکیا وەک ئەمریکا و ئەورووپا دەتوانن یارمەتیی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا بدەن؟ یان خود ئایا نیازی کارێکی وەهایان هەیە؟

دوکتور ئاینۆر ئۆناڵ: دووپاتی دەکەمەوە کە مەسەلەی کورد لە تورکیا مەسەلەیێکی حکوومییە و دەبێت حکوومەت کار بۆ چارەکردنی بکات بەڵام تا ئەم کاتەش سیستەمی حکومڕانی لە تورکیا نەیویستووە مەسەلەکە بە لایێکدا بخات. بەڵام شێوەی جووڵانەوەی بزاوتی سیاسیی کورد لە پەرلەمانی تورکیا وای کردووە خۆی لە دڵی ئەورووپادا جێ بکاتەوە. گفتوگۆکردن لەبارەی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپاش کارتێکەر دەبێت لە دانپێدانانی تورکیا بە مافی کورد و مەسەلەی قەومیەت و کۆتاییهێنان بە ڕەوشی نائاسایی لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا و ئازادکردنی زیندانییە سیاسییەکان.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە تورکیا مەسەلەی کورد ئەوەندەی لە واقیعی کورد نزیک بێت لە سەر پەکەکە دەسووڕێتەوە. تا ئەم دۆخەش بەردەوام بێت چارەسەری پرسی کورد بە ئەنجام ناگات چوونکە پەکەکە لە لیستی ڕەشی ئەمریکا و ئەورووپادایە. سەرباری ئەوەش تورکیا وڵاتێکی هاوپەیمانی ئەمریکا و ئەورووپایە لە ناتۆ. بۆیە دوبارە دەیڵێمەوە پرسی کورد لە تورکیا مەسەلەیێکی بنەمایییە و دەبێت لە چوارچێوە پەیڕەوی دەولی و یاسا کارپێکراوە نێودەوڵەتییەکاندا چارەسەر بکرێت.

کوردپرێس: تورکیا هەوڵی داوە بەشێوەیێکی دیکە و لە ڕێگەی خزمەتگوزاریی ئابوورییەوە لە ناوچە کوردنشینەکان کێشەی کورد چارە بکات. ئەمە تا چەند دەتوانێت کاریگەر بێت لە سەر چارەکردنی پرسی کورد؟

دوکتور ئاینۆر ئۆناڵ: ئەمەش لایەنێکی دیکەی مەسەلەی کوردە لە تورکیا. تەنانەت ئامارە حکوومییەکانیش ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکەن کە بەری خۆرهەڵات و باشووری خۆرهەڵاتی تورکیا بێ بەشترین و کەم خزمەتگوزاریترین ناوچەکانی تورکیا و 20 شاری کەم گەشەکردووی تورکیا لەو ناوچەیەدایە. ئەمەش نە ڕوانگی سیاسیی منە و نە هەڵوێستێکی شەخسییە. لەم چەند ساڵەی دواییدا لایەنی ئاکادیمییانە سەرنجی زیاتری بۆ مەسەلەی کوردی تورکیا گواستۆتەوە.

ئەگەر سەرنجی ئەم بابەتە بدەین کە چۆن پڕۆژەی گەشەپێدانی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا ناسراو بە GAP شکستی هێنا بۆمان دەردەکەوێت ئەو موناقەشەیە پڕۆژەیێکی زانستی و ئاکادیمییانەیە. تەنانەت لە ساڵەکانی سەرەتای دامەزرانی تورکیا ڕاپۆرتی فەرمی لەبارەی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا بەدەستەوەیە. بۆ نموونەی "یادیرجی ساڵی 2017" دەڵێت: "بێگومان هیچ بنەما و ئەساسێکی ئابووری بۆ پشتگیری کردن لە بوونێکی سەربەخۆ و خۆجێیی لە ئارادا نیە." بەداخەوە خەڵکانێکی زۆر لە زۆر وڵاتی جیهان تووشی ئەم کێشەیە هاتوون. بەگشتی لە تورکیا ڕێوشوێنی تایبەتی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئابووری و ئەمنی لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە گیراوەتە بەر.

کوردپرێس: بەم وەسفەوە، ئایندەی بزاوتی سیاسیی کورد لە تورکیا چۆن دەبینیت؟

دوکتور ئاینۆر ئۆناڵ: ئێستا زۆر پێکهاتەی تورکیا پشتگیریی خۆیان بۆ کوردی ئەو وڵاتە دەربڕیوە بۆیە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە تورکیا پێشکەوتنی باشی بە خۆوە بینیوە. ئەگەر سەرنجی پێکهاتە و ئەندامانی پارتی دیموکراتیکی گەلانی تورکیا بدەین دەبینین کە زۆربەیان خوێندەوار و دەرچووی زانکۆ و هەڵگری دنیابینیی بەرفراوان و لەبارن. ئێستا بزووتنەوەی سیاسیی کوردی لە تورکیا بە تێگەیشتنێکی نوێ لە دیاردەکان بووژاوەتەوە و بە قەناعەتی من ئەم دەرکە نوێیەش کە لە لایەن حیزبە کوردییەکانی تورکیا لە سەرەتای نەوەدەانەوە هاتە ئاراوە پێشکەوتنی زیاتری بە خۆوە بینیوە و لە داهاتووشدا پشتیگریی زیاتری لێدەکرێت.

News Code 97007

Your Comment

You are replying to: .
captcha