پێشنیاری یەکگرتن بۆ ENKS لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە، مایەی خۆشحاڵییە

بەشی سووریا- کاوە عەزیزی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردستانی سووریا ڕایگەیاند: ئەو پێشنیارەی مەزڵووم عەبدی بۆ نزیکی و یەکگرتووی نێوان هێزە کوردەکانی سووریا مایەی خۆشحاڵییە و بە جیدەوە بۆی دەڕوانین و داوا دەکەین هەنگاوی کرداریی بۆ هەڵبگیردرێت.

کاوە عەزیزی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردستانی سووریا لەبارەی دانوستانەکانی نێوان لایەنە کوردییەکان لە سووریا بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردانی سووریا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر واژۆ نەکراوە. بەڵام پێشنیارەکەی مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتییەکە باسی لێوە کراوە.

ناوبراو زیادی کرد: مەزڵووم عەبدی داوای یەکگرتنی هێزە کوردەکانی سووریای کردووە بە تایبەت ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردانی سووریای کردۆتە بەردەنگ و سوپاسی ڕۆڵی ئەرێنیی هەرێمی کوردستانی عێراقی کردووە.

ئەندامەکەی ENKS ئاشکرای کرد: ئەم پەیامەی فەرماندەی هەسەدە دڵخۆشکەرە بۆ ئێمە. پاش ئەمە ڕووداوێکی تر ڕوویدا و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر مۆڵەتی دووبارە کردنەوەی نووسینگەکانی ENKSی دەرکرد و کۆمیتەیێک بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی زیندانیانی ئەنجومەنەکە پێکهێنرا و ئەو حوکمانەی بۆ بەرپرسانی ئەنجومەنی نیشتمانی دەرچووبوون هەڵوەشێنرایەوە.

کاوە عەزیزی خۆشحاڵی خۆی لە هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نەشاردەوە و ڕایگەیاند: ئەم هەوڵانە هۆی خۆشحاڵیی ئێمەیە هەرچەند لە کاتێکدا بوو کە ساڵح موسلیم بەرپرسی کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتیک لێدوانێکی دەرکرد، کە بۆ ئێمە نە تاڵ بوو نە شیرین، بەڵام پێشنیارێکی باشە.

ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی دیموکراتی کوردستانی سووریا وتیشی: ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردانی سووریا لەبارەی پێشنیارەکەی مەزڵووم عەبدی و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەروە ڕایگەیاندووە ئەم بڕیارە مایەی خۆشحاڵیە و ئێمەیش بۆ یەکگرتنی کوردی سووریا زۆر جیدین و داوا دەکەین هەنگاوی کرداریی بۆ هەڵبگیردرێت.

کاوە عەزیزی جەختی لەوش کردەوە ڕەوتە کوردییەکان و کوردانی سووریا لەم بابەتە دڵخۆشن و هیوادارین هەوڵی ئیجابی بدرێت تا کوردەکانی سووریا بگەنە مافی خۆیان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 96977

Your Comment

You are replying to: .
captcha