بەپێی هەواڵی کوردپرێس ڕۆژی دووشەمە 2ی بەفرانباری 1398 بەرانبەر بە 23ی کانوونی یەکەمی 2019 عەلی ڕەبیعی وتەبێژی دەوڵەتی ئێران لە لێدوانێکدا ئاماژەی بە مەسەلەی کۆڵبەرەکان لە ئێران کرد و ڕایگەیاند ئەو شێوە مامەڵەکردنە لەگەڵ کۆڵبەرەکان شایستە نیە و دەبێت چارەسەرێک بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە.
ڕەبیعی گوتیشی حکوومەت مەبەستیەتی کارئاسانی بۆ کۆڵبەرەکان بکات و بەو مەبەستەش لە بەرنامەی دەوڵەتدایە کە مەرزە لاوەکییەکان بکاتەوە و بە کردنەوەی بازاڕچەکان یارمەتیی دانیشتووانی گوندەکانی سەر مەرز بدات.
شایانی باسە لێدوانەکەی وتەبێژی حکوومەتی ئێران لە کاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو دوو برای تەمەن 17 و 14 ساڵان لە گوندی نێی سەر بە شاری مەریوان کە بۆ کۆڵبەری چووبوونە مەرزی هەورامان لە بەرزایییەکانی تەتە لە سەرما ڕەق بوونەوە و چیرۆکی ئەو دوو برایە بوو بە تراژدیا و دەنگدانەوەی فراوانی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.
پاش 4 ڕۆژی پەیامی هاوخەمی لە هەموو لاوە گەیشت و پاش ئەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان پەیامی دەرکرد، کاربەدەستانی فەرمیی ئێرانیش بە وتەبێژی حکوومەت و جێگری یەکەمی سەرۆککۆمارەوە پەیامی هاوخەمییان دەرکرد و جێگری سەرۆککۆمار داوای لە پارێزگاری کوردستان کرد دەستبەجێ یارمەتیی بنەماڵەی عوسمان خوسرەوی بدات کە ئەو منداڵەی لێ مردوون.
Your Comment