سیستەمی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان هەڵگری بۆشاییی نەخشەڕێگایە

بەشی جیهان- دوکتور بەمۆ نووری لە دیمانەیێکدا بە کوردپرێسی وتووە لە هەرێمی کوردستان ستراتێژییەت و بەرنامەی کاری گونجاو بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات بەدی ناکرێت و گۆڕینی دەموچاو و کەسایەتییەکان هیچ لە شێوازی حکومڕانی لە هەرێم ناگۆڕێت.

کوردپرێس:

پاش شەڕی داعش و نەمانی تیرۆر لە عێراق چاوەڕوان دەکرا دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو ئاسایش و سەقامگیری بڕوات بەڵام سەرهەڵدانی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکان لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق وای کرد عادل عەبدولمەهدی دەست لە کار بکێشێتەوە. سەرۆکوەزیرانی دەست لە کارکێشاوی عێراق دۆستی کورد بوو و ئەوەش وای کرد گفتوگۆی کوردەکان لەگەڵ بەغدا لە سەر دوو پرسی بودجە و نەوت هەڵپەسێردرێت.

لە لایێکی دیکەوە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان ڕووی دا و مەسروور بارزانی کوڕی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان جێگای نێچیرڤان بارزانیی گرتەوە و وەک سەرۆکی حکوومەت دیاری کرا و لە بەرانبەردا نێچیرڤان بارزانیی ئامۆزای بوو بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگای مەسعوود بارزانیی مامی گرتەوە. مەسەلەیێکی دیکەش پێوەندیی ئەمریکایە لەگەڵ کوردی هەرێمی کوردستان کە پاش دەست بەردانی واشەنتن لە کوردی سووریا پێوەندییەکانی لەگەڵ کوردەکانی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە.

ئاژانسی هەواڵی کوردپرس مەبەستیەتی خوێندنەوەیێکی ورد بۆ ئەم بابەتانە بکات بۆیە دوکتوور "نووری بەمۆ"ی دواندووە کە مامۆستای زانکۆی لەندەنە و پسپۆڕی کاروباری کوردەکانە.

دوکتوور بەمۆ نووری سەرباری سەرقاڵیی خۆی قبووڵی کرد کە وەڵامی پرسیارەکانی کوردپرێس بداتەوە و دەڵێت خۆپیشاندان و ناڕەزایییەکانی عێراق دەرفەتێکی باشە بۆ گۆڕینی سیمای ژیانی هاووڵاتییانی عێراق بەڵام سەری لەوە سوڕماوە کە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان چۆن ئەو دەرفەتەیان بە هەل نەزانی و نەهاتنە سەر شەقام.

دەقی دیمانەکەی کوردپرێس لەگەڵ دوکتور بەمۆ نووری:

کوردپرێس: چۆن بوو کە خۆپیشاندانەکانی عێراق نەگەیشتە هەرێمی کوردستان؟ ئایا ئەوەی هەندێک کەس وتوویانە ئەو خۆپیشاندانانە هەڕەشەیێکە لە سەر هەرێمی کوردستان ڕاستە؟

دوکتور بەمۆ نووری: خۆپیشاندانەکانی عێراق ساتەوەختێکی بەهێزی خولقاندووە بۆ ڕابوونی عێراقییەکانی و بەخۆدا هاتنەوەی ئەو هاووڵاتییانە و بەشداری کردنی کۆمەڵگەی پەراوێزخراو و چاککردنی دۆخی هاووڵاتییان. ئەمەش نە شەڕ توانیی بیکا و نە گەمارۆ و سزاکانیش. ئەم خۆپیشاندانانە ناڕەزایی دەربڕینی مەدەنیانەیە و ئامانج و داواکارییەکانی خۆپیشاندەران ئاشکرا و شەفافە. بۆ یەکەم جارە کە خەڵکی عێراق تەنها داوای چارەسەری عێراقییانە دەکەن و بە وەفای تەواو بۆ سەروەری و یەکڕیزیی ئەو وڵاتە هاتوونەتە سەر شەقام و داوای بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتە و ئەتنیک و ئاینزاکان دەکەن.

من بەڕاست عەجایب ماوم کە خۆپیشاندانەکان و ناڕەزاییەکانی عێراق چۆن نەگەیشتە هەرێمی کوردستان. چوونکە ئەم دەرفەتە باشترین هەل بوو بۆ دەربڕینی داواکاریی هاووڵاتییانی هەرێم و دەستەبەرکردنی گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی هەرێم. بە گشتی دەبێت بڵێین هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هیوای گەیشتنیان بە ئایندەی باشتر و گەیشتنیان بە خۆشبژێوی نەماوە چوونکە گۆڕانکارییەکان زۆر کەمن و لە ژێر دەسەڵاتی دوو لایەنی باڵادەست واتا یەکێتی و پارتی دەگەڕێن. بە حوکمی دەسەڵاتی ڕەها و بوونی هێزی قەهریە لە هەرێم، گەنجەکان ماندوون و هیوایان بە گۆڕانکاری لە ڕێگای ئازادیی مەدەنی و ناڕەزایی و خۆپیشاندان نەماوە. ئەوانەی خۆپیشاندانی مەدەنییانەیان کرد و هاتنە سەر شەقام کرانە ئامانج و کوژران. سەرنجی ئەو ڕۆژنامەنووسانە بدەن کە کوژران: کاوە گەرمیانی، سەردەشت عوسمان و ئامانج بابانی.

هەروەها پێویستە ئەوەش زیاد بکەین دامەزراوەی جۆربەجۆری وەک لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕوانگەی مافی مرۆڤ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و نووسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان لە 2005ەوە تا ئێستا ڕاپۆرتی بەربڵاو و تێروتەسەلی لەبارەی پێشێل کردنی ئازدایی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی مەدەنییانە لە هەرێمی کوردستان بڵاو کردۆتەوە.

بەشێکی زۆر لە گەنجانی عێراق تووشی کێشەی جۆربەجۆری دەروونی هاتوون و 25 لە سەدی جەماوەری هەرێمی کوردستانیش کێشەی دەروونییان هەیە و نموونەی خۆکوشتنەکان زۆرن. ئەوانە لە ژێر گوشاری دەروونی دەستیان داوەتە خۆکوشتن. ئەوانەی لە ژیانی خۆش بەهرەمەندن بە شێوەیێک لە شێوەکان یان لەگەڵ پارتین یان لەگەڵ یەکێتی و ئەوانەش کە توانای بەرگەگرتنیان نیە لە ناوچەکە هەڵدێن دەشبینین کە ژمارەی ئەو کەسانەی لەو ناوچەیە هەڵهاتوون لە 2011وە تا ئەمڕۆ ڕووی لە زیادبوونە.

کوردپرێس: حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا کەسایەتیێکی نوێی هەیە بە ناوی مەسروور بارزانی و ناوبراو لەم ماوەیەی ڕابردوودا کارنامەی 100 ڕۆژی ڕابردوو بڵاو کردۆتەوە. ئەمە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئایا هیچ جیاوازی لە نێوان دەسەڵاتی مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی دەبینن؟

دوکتور بەمۆ نووری: کابینەکە یمەسروور بارزانی کابینەیێکی نوێیە و تازە کەوتۆتە سەر پێ. لەم کابینەیەدا تا ئەم کاتەش باسی کێشە سەرەکییەکانی سیستەمی سیاسیی هەرێمی کوردستان نەکراوە. بۆیە جارێ زووە خوێندنەوە بۆ ئەم مەسەلەی بکەین. ئەگەرچی کابینەکەی هەرێم کابینەیێکی نوێیە بەڵام بە قەناعەتی من تەنها دەموچاوەکانن کە بە ناچاری گۆڕدراون بەڵام ناوی بنەماڵەکان و سیاسەتەکەش هەمان شتە. جگە لە چەند کەسایەتیی نێو کابینەکە، سیستەم و دامەزراوەکان هیچ گۆڕانکارییێکیان بەسەردا نەهاتووە. بەخشینی وەزارەتخانەکان بە حیزبەکان بۆ وەرگرتنی پشتگیریی ئەو لایەنانە وای کردووە سیستەمێکی ناکارمە دابمەزرێتەوە. کێشەکە ئەوەیە هیچ ستراتێژییەت و نەخشەڕێگایێکی تۆکمە بۆ ئیدارەدانی حکوومەت لە هەرێمی کوردستان نەخراوەتە بەردەست. ئەمەش کێشەی جدی دەخاتە بەردەم گەشەپێدان و پێشکەوتنی ناوچەکە. هەرێمی کوردستانی عێراق بۆتە ناوچەیێک کە قازانجی بۆ چەند کەسێک هەیە بەڵام زۆرینەی جەماوەری هێرێم لەو قازانجانە بێ بەرین؛ هۆکاریش ئەوەیە کە نوخبە سیاسییەکانی کورد قەراریان داوە سامانی ناوچەکە بە سەر خۆیاندا دابەش بکەن. لە بەرانبەردا ملوێنان هاووڵاتیی کوردی هەرێم هیچ پێگەیێکیان لە سامان و دەسەڵاتدا نیە.

کوردپرێس: گۆڤاری هیل سەر بە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا وتارێکی بڵاو کردۆتەوە و تێیدا وتراوە ئێستا دەبێت ئەمریکا دەست لە کوردی سووریا بەربدات و ڕوو بکاتە هەرێمی کوردستان چوونکە هەرێم توانای ئەوەی تێدایە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزێت. خوێندنەوەتان بۆ ئەم بابەتە چیە؟

دوکتوور بەمۆ نووری: ئەمریکا لە مێژووی کورتی خۆیدا تەنها کاری بۆ یەک شت کردووە و ئەوەش زیادکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی. بۆ ئەو مەبەستەش هەژموونی خۆی لە ناوچەکە زیاد دەکات. کورد لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆی نیە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا پێوەندیی هەبێت سەرباری ئەمەش سەقامگیری لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست جێگیر ناکرێت هەر بەو هۆکارەش کوردەکان بژاردەیێک گونجاو نین بۆ هاوکاری کردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا. ئەمریکا هەوڵ دەدات پارەی زیاتر بۆ بەهێزکردنی ئابووری خۆی دەستەبەر بکات ئەمەش لە سەردەمی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپدا زەقتر دەبێتەوە چوونکە ترەمپ دەیهەوێت بۆ هەر کارێک کە ئەمریکا دەیکات پارە وەربگرێت.

هەموو ئەم باسانە بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی ئەمریکا کوردەکانی تورکیا نادیدە دەگرێت بەڵام لە هەمان هەفتەدا ستایشی سعوودیە دەکات چوونکە بە وتەی دۆناڵد ترەمپ "سعوودییەکان بۆ هەموو ئەو کارانەی ئێمە بۆیان دەکەین پارەمان دەدەنێ." ئەمریکا تەنها هاوکاری لەگەڵ ئەو لایەنانە دەکات کە بۆ ئابووری واشەنتن سوودمەند بن. لە قۆناغێکدا ئەمریکا بڕوای وابوو کە کورد نەک هەر بۆ بەرگری کردن لە بەرانبەر دوژمنانی ئەمریکا بەڵکوو بۆ ئابووری ئەو وڵاتەش سوودیان دەبێت بۆیە یارمەتیی کوردیان دا. نوخبە سیاسییەکان دەرفەتێکی گەورەیان فەوتاند بۆ دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئاسوودە و ئێستاش هەرێمی کوردستان یەکسانە بە گەندەڵی و ناسەقامگیری.

News Code 96972

Your Comment

You are replying to: .
captcha