بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی بەندکراوە پارتی دیموکراتیکی گەلان لە هەمووی خەڵک داوای کرد بۆ دەرهێنانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیی پەکەکە لە پەراوێز و کۆتایی هێنان بە دوور خستنەوەی هەوڵ بدەن.
دەمیرتاش نامەیێکی ئاراستەی ئاژانسی هەواڵدەریی مێزۆپۆتامیا کردووە و وەڵامی پرسیارەکانی ئەوانی داوەتەوە کە لە ڕێگای پارێزەرەکانیەوە گەیشتوونەتە دەستی. دەمیرتاش لە نامەکەدا دەنووسێت: "ئێمە شتی زۆر لە ئۆجەلان فێر بووین، لە ماوەی ١٩ ساڵ مانەوە لە دیوێکی ١٢ مەتری لە زیندان چەندین پرۆژەی بۆ ئاشتەوایی پێشنیار کردووە. دەبێ هەموو ئەوانەی بۆ ئاشتی و دیموکراسی خەبات دەکەن بەرامبەر بە دوور خستنەوە و پەراوێز خستنی ئۆجەلان ڕاوەستن.
پاشان سەبارەت بە زیندانی کرانی خۆی و دیکەی نوێنەرانی هەدەپە لە مانگی نۆڤێمبێر دەمیرتاش لەو بڕوایەدایە ئەون هەوڵەکانی حکوومەت بۆ لەناو بردنی هەدەپەیان پووچەڵ کردۆتەوە و بوونەتە هۆکار بۆ ئەوەی دۆخەکە بەپێی ویست و بەرنامەی پارتی داد و گەشە ناڕواتە پێشەوە.
دەشنووسێت: ڕاگەیاندنی دۆخی نائاسایی، هێرش دژ بە ئێمە، بێدەنگ و سەرکوت کردنی ئۆپۆزیسیۆن و هزرڤانان و زانستگاییەکان، هەموو بەشێکن لە پیلانێک بۆ دامەزراندنی حکوومەتی تاکەکەسی. گۆڕانکاری لە دەستوور بەو شێوەیەی ئاکپارتی و پارتی بزاڤی نەتەوەخواز پێیان خۆشە دەسبەجێ پاش زیندانی کردنی ئێمە ئاراستەی پارلەمان کرا بەڵام هەر لەو کاتەوە تاوەکوو ئێستاشی هیچ شتێک بەپێی بەرنامەکەی ئەوان نەچۆتە پێشەوە.
باس لە یەکەم کۆبوونەوەی دادگاشی دەکات پاش ٣٩٩ ڕۆژ و زیاتر خۆی بە بارمتەیێکی سیاسی دەزانێت تا زیندانی. لەمبارەوە دەمیرتاش دەریبڕی: هەر بەم بۆنەشەوە حوکمی ئێمە لەلایەن دەزگا سیاسییەکان و بەپێی خەباتی سیاسیمان دەدرێت. ئێمە دەزانین کە سیستەمی دادوەری چەند لاوازە و بۆیەش ئەم بابەتە بۆمان تازە نییە.
سەرچاوە: فورات نیووز
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment