کوردپرێس: بەپێی بەیاننامەیێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییێکی تەلەفۆنیی لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەنجام داوە.
لە پەیوەندییە تەلەقۆنییەکەدا تاوتوێی دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکەیان بەگشتی کردووە و هەروەها گفتوگۆیان دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان و پتەوکردنی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵات کردووە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پشتیوانیی خۆی بۆ سەقامگیریی عێراق و داخوازییەکانی هاوڵاتیانی عێراق بۆ چاکسازیی و ئاشتی و رەتکردنەوەی توندوتیژی دووپاتکردۆتەوە.
مایک پێنس ئاماژەی بە گرنگیی رێزگرتن و پاراستنی خواست و بژاردەی عێراقییەکان بەدوور لە دەستوەردانە دەرەکییەکان کردوە.
لەلای خۆیشییەوە، بەرهەم ساڵح جەختی لەسەر پەرۆشیان کردۆتەوە بۆ ئەوەی چارەسەرکردنی دۆخی ئێستا بڕیارێکی عێراقی بێت بەدوور لە دەستوەردانی دەرەکی و بەشێوەیێک کە رشتنی خوێن رابگیرێت و هاوکار بێت لە بەرز راگرتنی دەسەڵاتی یاسا و دەوڵەت و مافی گوزارشت لە بۆچوونی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بپارێزێت.
هەروەها جەختیشی لە پشتیوانیی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان کردۆتەوە لەوەی کە بە ئەرکی نیشتمانی خۆیان هەڵسن لە پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و ماڵ و موڵکی دەوڵەت و رێگریکردن لە دەستدرێژیکردنە سەر هاوڵاتیان و ئاسایشی گشتی.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment