وردەکاریی تەواوی کۆنفڕانسی مەڵبەندەکان و بەستنی کۆنگرەی چواری یەکێتی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستی بە کۆنفڕانسی مەڵبەندەکانی کردووە بۆ دیاری­کردنی 466 ئەندامی کۆنگرە کە نزیکەی 90 ئەندامی ژنی تێدایە و بڕیارە کۆنگرەی چوارەم ڕۆژی 21ی کانوونی یەکەمی 2019 بەڕێوە بچێت.

کوردپرێس:

یەکێتی بەستنی کۆنگرەی چوارەمی بۆ 21ی ئەم مانگە دوا خست و دەست بە کۆنفرانسی مەڵبەندەکانی دەکات بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە. لە کۆنفرانسی مەڵبەندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی چوارەم 466 ئەندام بۆ کۆنگرە هەڵدەبژێردرێن. بڕیار بوو کۆنگرەی یەکێتی 7ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتن لەبارەی چۆنیەتیی هەڵبژاردنی 466 ئەندامی کۆنگرە لە رێگەی مەڵبەندەکانەوە، کۆنگرە بۆ 21ی ئەم مانگە دوا کەوت و بەگوتەی بڕیار ڕەشید، گوتەبێژی لیژنەی باڵای هەڵبژاردنی چوارەمین كۆنگرەی یەكێتی بڕیارە ئەمڕۆ دووشەمە 9ی کانوونی یەکەمی 2019 هەڵبژاردنەکە لە 15 مەڵبەندەکەی ئەو حیزبە بەڕێوە بچێت.

زوبێر عوسمان سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندی 1ی سلێمانی بە PUKmedia ی ڕاگەیاند: ڕۆژی دوو شەممە لە سەعات 8ی بەیانییەوە تا سەعات 3ی پاشنیوەڕۆ کۆنفڕانسی مەڵبەندەكان بەڕێوە دەچێت و دەنگدەران بەشێوازێكی زۆر مەدەنییانە دەنگی خۆیان دەدەن.

ناوبراو وتیشی: لە مەڵبەندی سلێمانی لە كۆی 363 كاندید 73 كاندید كە دەنگی پێویست بەدەست دەهێنن دەبنە ئەندامی كۆنگرەی چواری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و 969 دەنگدەریش دەنگ دەدەن.

زوبێر عوسمان ئەوەشی خستە ڕوو: سەرەتا لە مەڵبەندی سلێمانی 438 كاندید هەبوو، بەڵام بەشێك لە كاندیدەكان لە پرۆسەكە كشانەوە و لەئێستادا 363 كاندید بەشداریی پرۆسەكە دەكەن.

هاوکات جووتیار نووری سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندی 2ی رێكخستنی کەرکووکی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە PUKmediaی ڕاگەیاند: هەموو ئامادەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەمان تەواو کردووە و چاوەڕێی دەست­پێكردنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەین.

وتیشی: لە سنووری مەڵبەندی کەرکووک 787 دەنگدەر هەیە، 341 كاندید خۆیان پاڵاوتووە و 124 كاندیدی سەركەوتوو دەبنە ئەندامی كۆنگرە كە 25یان ژن دەبن.

هاوكات جەزا سەید مەجید سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندی 3ی رێكخستنی هەولێری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ PUKmedia وتی: بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندەكان، هەموو ئامادەكارییەكانمان تەواو کردووەو سەعات 8ی بەیانی سبەینێش پرۆسەكە دەست پێدەكات.

ئەوەشی وت: لەسنووری مەڵبەندی هەولێر 567 دەنگدەر هەیەو 178 كاندیدیش هەیە و دوای پرۆسەكەش 49 كاندیدی سەركەوتوو دەبنە ئەندامی كۆنگرە كە 10یان ژن دەبن، بەڵام ئەگەر ژنان لەپرۆسەكەدا دەنگی پێویست بێنن ئەوا ژمارەیان زیاتر دەبێت، چونكە ئەو 10 ژنەی دیاریكراوە بۆ بوون بەئەندامی كۆنگرە بەكۆتا دەبێت.

لای خۆشیەوە هاوڕێ سەلیم سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندی 4ی رێكخستنی دهۆك تەئكیدی لەسەر ئەوە كردەوە كە تەواوی ئامادەكارییەكانیان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی کۆنفڕانسی مەڵبەندەكان تەواو کردووە، بە PUKmedia وت: لەسنووری مەڵبەندی دهۆك 310 دەنگدەر و 67 كاندید هەن، 18 كاندیدی سەركەوتووی پرۆسەكەش دەبن بەئەندامی كۆنگرە كە لە 14 پیاو 4 ژن پێكهاتوون.

لەمەڵبەندی 5ی رێكخستنی بەغدای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، هەموو ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی مەڵبەندەكان تەواوكراون و پرۆسەكەش لە سەعات 8ی بەیانی تا 3ی پاشنیوەڕۆی سبەینێ لەهۆڵی مەڵبەند بەڕێوەدەچێت، سیروان ئەحمەد ڕەشید سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندی بەغدا بۆ PUKmedia وتی: لە سنووری مەڵبەندی بەغدا 76 دەنگدەر و 27 كاندید هەن، 7 كاندیدی سەركەوتوش دەبن بەئەندامی كۆنگرەی چوارەم كە یەكێكیان ژنە.

د.رەهێڵ فەرەیدون سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندی 24ی رێكخستنی راپەڕینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەئكیدی لەسەر ئەوەكردەوە كە ئامادەكارییەكانی کۆنفڕانسی مەڵبەندەكان تەواو بووە، بە PUKmediaی وت: لەسنووری مەڵبەندی راپەڕین 419 كەس مافی دەنگیاندایان هەیە و 171 كاندیدیش هەیە و دوای پرۆسەكە 36 كاندیدی سەركەوتوو دەبنە ئەندامی كۆنگرەی چوارەم كە لە 29 پیاو 7 ژن پێكهاتوون.

لەسنووری مەڵبەندی مەڵبەندی 16ی حەمرینی یەكێتیی نیشمانیی كوردستانیش هەموو ئامادەكارییەكانی کۆنفڕانسی مەڵبەندەكان تەواكراون، لەیلا محەمەد سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندی حەمرینی یەكێتی بە PUKmediaی ڕاگەیاند: لەسنووری مەڵبەندی حەمرین 82 دەنگدەر هەیە، هەروەها 19 كاندیدیش كێبڕكێ دەكەن بۆ بوون بەئەندامی كۆنگرە كە لە 6 كاندیدی سەركەوتوو پێكهاتون كە 5 پیاو ژنێكە.

هەروەها سالار سەرحەد خەلیفە سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندی 12ی رێكخستنی چەمچەماڵ بۆ PUKmedia ئەوەی خستەڕوو كە سەرجەم ئامادەكارییەكانی پرۆسەی کۆنفڕانسی مەڵبەندەكانیان بۆ كۆنگرەی چوارەم تەواو کردووەو سبەینێش پرۆسەكە بەڕێوەدەچێت، وتیشی: لەسنووری مەڵبەندی چەمەچماڵ 158 دەنگدەر هەیە، 55 كاندیدیش كێبڕكێ لەسەر 8 ئەندامی كۆنگرە دەكەن، واتە 6ی پیاو 2 ژن دەچنە كۆنگرە.

لەمەڵبەندی 11ی رێكخستنی گەرمیانی یەكێتییش وەك سەرجەم مەڵبەندەكانی تر، ئامادەكارییەكانی کۆنفڕانسی مەڵبەندەكان تەواكراوەو چاوەڕێی پرۆسەكە دەكەن، لەوبارەیەوە نەوزاد رەسوڵ سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندی11ی رێكخستنی گەرمیان بە PUKmedia ڕاگەیاند: لەسنووری مەڵبەندی گەرمیان 282 دەنگدەر هەیە، هەروەها 82 كاندیدیش كێبڕكێ دەكەن بۆ بوون ئەندامی كۆنگرە، مەڵبەندەكەش 18 ئەندامی كۆنگرەی دەبێت كە لە 14 پیاو 4 ژن پێكهاتوون.

مامۆستا ئیكرام سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندی 10ی رێكخستنی پێشمەرگە ئاماژە بەوەدەكات هەموو ئامادەكارییەكانیان بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی مەڵبەندەكان تەواوکردووە و هۆڵەكەشیان ئامادەیە و سبەینێ سەعات 8 پرۆسەكە دەست پێدەكەن، بە PUKmediaی ڕاگەیاند: لەمەڵبەندی پێشمەرگە 115 دەنگدەر بەشداری کۆنفڕانسەكە دەكەن و 70 كاندید هەیە و 21 كاندیدی سەركەوتووش دەبنە ئەندامی كۆنگرە كە لە 20 پیاو ژنێك پێكهاتوون.

لەسنووری مەڵبەندی 9ی رێكخستنی شارەزوور ئامادەكارییەكانی کۆنفڕانسی مەڵبەندەكان بۆ كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی تەواوبوون، ئەحمەد زرار سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندی شارەزوور بۆ PUKmedia وتی: لەمەڵبەندی شارەزوور 251 دەنگدەر هەیە،هەروەها 70 كاندیدیش كێبڕكێی بوون بەئەندامی كۆنگرە دەكەن كە لەمەڵبەندەكان 23 كاندیدی سەركەوتوو 18 پیاو 5 ژن دەبنە ئەندامی كۆنگرە.

عومەر حاجی ئەحمەد سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندی 8ی رێكخستنی خانەقینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باس لەوەدەكات هەموو ئامادەكارییەكانی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەكەیان تەواوکردووەو چاوەڕێی دەستپێكردنی دەكەن، بە PUKmediaی وت: سبەینێ سەعات 8ی بەیانی پرۆسەكە دەستپێدەكات و 195 دەنگدەر هەیە، 72 كاندیدیش كێبڕكێ بۆ 19 ئەندامی كۆنگرە دەكەن كە لە 16 پیاو 4 ژن پێكدێن.

وتیشی: لەپرۆسەكەدا ئەگەر ژنان زۆرینەی دەنگەكان بێنن ئەوا ژمارەی ژنان بۆ ئەندامی كۆنگرە زیاتر دەبێت، ئەگەر ئەوەش نەبوو ئەوا بەكۆتا 4 ژن دەبنە ئەندامی كۆنگرە.

مامۆستا مەحموود قەرەداغی سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندی 7ی رێكخستنی مووسڵی یەكێتی ئاماژە بۆ تەواوبوونی ئامادەكارییەكان دەكات، بە PUKmediaی ڕاگەیاند: چاوەڕێی سەعات 8ی سبەینێ دەكەین تا پرۆسەكە دەستپێبكات، لەسنووری مەڵبەندی موسڵیش 151 دەنگدەر هەیە، هەروەها 54 كاندیدیش كێبڕكێكی پرۆسەكە دەكەن و لەبەرامبەریشدا 18 كاندیدی سەركەوتوو دەبنە ئەندامی كۆنگرە كە 14 پیاو 4 ژنن.

لای خۆشیەوە هێمن حەمید سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی بازنەی 20ی رێكخستنی مەخمووری یەكێتی ئەوەی خستەڕوو كە ئامادەكارییەكانیان بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەكەی سبەینێ تەواوکردووە، بە PUKmediaی ڕاگەیاند: لەسنووری بازنەی مەخمور 49 دەنگدەر هەیە، هەروەها 18 كاندیدیش هەیەو دوای پرۆسەكەش 4 كاندیدی سەركەوتوو دەبنە ئەندامی كۆنگرە كە لە 3 پیاو ژنێك پێكهاتوون.

لەسنووری سۆرانیش هەموو ئامادەكارییەكان بۆ کۆنفڕانسی مەڵبەندەكان تەواوكراوە، لەوبارەیەوە حامید حاجی قادر سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندی 6ی رێكخستنی سۆرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە PUKmediaی ڕاگەیاند: بۆ کۆنفڕانسی مەڵبەندی سۆران 210 دەنگدەر هەیە، 42 كاندیدیش كێبڕكێكی بوون بەئەندامی كۆنگرە دەكەن و مافی مەڵبەندی سۆرانیش لەكۆنگرە 15 ئەندامە كە لە 12 پیاو 3 ژن پێكهاتوون.

لەمەڵبەندی 14ی رێكخستنی كۆیەش سەرجەم ئامادەكارییەكان بۆ کۆنفڕانسی مەڵبەندەكان تەواو كراوە، سەرتیپ عەلی سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندی كۆیە بە PUKmediaی ڕاگەیاند: لەسنووری مەڵبەندی كۆیە 169 دەنگدەر هەیەو 63 كاندیدیش بۆ سەركەوتن بۆ ئەندامیەتی كۆنگرە كێبڕكێ دەكەن و بەتەواوبوونی پرۆسەكەش 12 كاندیدی سەركەوتوو كە لە 10 پیاو 2 ژن پێكدێن دەچنە كۆنگرە.

هەروەها لەبارەی کۆنفڕانسی مەڵبەندی شەنگالیش، رێبوار ستار سەرۆكی لیژنەی باڵای بەڕێوەبردنی کۆنفڕانسی مەڵبەندی شەنگال بە PUKmediaی ڕاگەیاند: سبەینێ دووشەممە کۆنفڕانسی سەرجەم مەڵبەندەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەرتاسەری عیراق دەست پێبكات و لە مەڵبەندی شەنگال 86 دەنگدەر هەیە.

وتیشی: تەنها لەمەڵبەندی شەنگال 36 كاندید كێبڕكێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 8 كورسی بەمەبەستی بەشداریكردنیان لە كۆنگرەی چواری یەكێتی كە بڕیارە رۆژی 21-12-2019 ئەنجامبدرێت.

ئەوەشی خستەڕوو: بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی پێویستە 20% كاندیدە سەركەوتووەكان ژن بن، واتا لە هەر پێنج كاندیدێكی سەركەوتوو پێویستە ژنێك هەبێت، كە ئەمەش مافی تەواو دەداتە ژنان كە بەشداری كۆنگرە بكەن.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوای دامەزراندنیەوە سێ کۆنگرەی بەستووە، بڕیارە رۆژی 21-12-2019 بە بەشداریی نزیکەی هەزار ئەندام کۆنگرەی چوارەمی ببەستێت.

News Code 96804

Your Comment

You are replying to: .
captcha