یه‌كگرتوو بڕیاری دا... به مه‌رج ده‌مێنێته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- یه‌كگرتووی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان هه‌ڵوێستی‌ ره‌سمی‌ له‌باره‌ی‌ مانه‌وه‌ یان پاشه‌كشێ ‌كردن له‌ حكوومه‌تی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات و چه‌ند ڕاسپارده‌یێكیش له‌باره‌ی‌ باش كردنی‌ گوزه‌رانی‌ هاووڵاتییان و دۆخی‌ ئێستاوه‌ ده‌خه‌نه ‌ڕوو وه‌ک مه‌رجی‌ مانه‌وه‌یان و وته‌بێژی‌ ئه‌و حزبه‌ش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت: "یه‌كگرتوو سه‌قفێكی‌ زه‌مه‌نی‌ تاوه‌كوو 15ی‌ جانیڤێری 2018 بۆ حكوومه‌ت داناوه‌ و دوای‌ مۆڵه‌ته‌كه‌ش بڕیاری‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ده‌ده‌ین".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، هادی عه‌لی سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سیاسی‌ و وته‌بێژی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان له ‌كۆنگره‌یێكی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا ڕای‌گه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دوێنێ 23ی دیسێمبێری 2017ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كگرتوو كۆبوونه‌وه‌یێكی نائاسایی بوو له‌باره‌ی دۆخی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی هه‌رێم و خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردووی سنووری پارێزگای سلێمانی و چه‌ند ناوچه‌یێكی دیكه‌.

ناوبراو وتیشی: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی حزبه‌كه‌ماندا بڕیار له‌ چه‌ند خاڵێک دراوه‌ له‌وانه‌: یه‌كگرتوو داوا ده‌كات لیژنه‌یێک له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پێک بهێنرێت بۆ به‌دواداچوونی ڕووداوه‌كانی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌كان كه‌ لێكه‌وته‌ی نه‌خوازراوی لێكه‌وته‌وه‌ و هه‌روه‌ها به‌دواداچوون بۆ ده‌ستگیركراوان".

هادی عه‌لی ڕاشی‌گه‌یاند: هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ین حكوومه‌ت به ‌زوویی وه‌ڵامی داوا ڕه‌واكانی مووچه‌خۆران و خه‌ڵک بداته‌وه و‌ كار بۆ چاككردنی باری بژێوی هاووڵاتییان بكات. داواش ده‌كه‌ین حاڵه‌تی به‌سه‌ربازی كردنی شاره‌كان كۆتایی پێ بهێنرێت.

وته‌بێژه‌كه‌ی یه‌كگرتوو له‌باره‌ی‌ مانه‌وه‌یان له ‌حكوومه‌ت وتیشی: "بۆ باش كردنی بژێوی خه‌ڵک و مووچه‌خۆران بڕیارمان دا تا ڕۆژی 15 جانیڤێری 2017، بۆ حكوومه‌ت دیاری بكرێت و له‌و ماوه‌یه‌دا یادداشتێک ده‌ده‌ینه‌ حكوومه‌ت بۆ جێبه‌جێ كردنی داواكانی یه‌كگرتوو. ئه‌گه‌ر دوای ته‌واو بوونی واده‌كه‌ش حكوومه‌ت داواكارییه‌كان جێبه‌جێ نه‌كات، ئه‌وكات یه‌كگرتوو بڕیاری پێویست ده‌دات".

وته‌بێژه‌كه‌ی‌ یه‌كگرتوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ش ئاخۆ بۆچی‌ پاشه‌كشێتان له ‌حكوومه‌ت نه‌كرد، وتی‌: "هه‌لومه‌رجه‌كه‌ هه‌ستیاره ‌و پێمان باش بوو به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین چوونكه‌ ئێمه‌ جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ له ‌توانایدا هه‌یه‌ له‌باره‌ی‌ مووچه‌وه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ دیاریمان كردوووه‌ چاره‌سه‌ری‌ بكات، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی‌ ئێمه‌ چیتر به‌رپرسیارێتی‌ هه‌ڵناگرین".

له‌ وه‌ڵامی‌ پرسیارێكی‌ SNN سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ حكوومه‌ت ماوه‌ی‌ چوار ساڵه‌ له ‌قه‌یراندایه ‌و هاوار ده‌كات ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی ده‌یدات به ‌مووچه‌، ئایا له‌ ماوه‌ی‌ 20 ڕۆژدا ده‌توانێت ئه‌و قه‌یرانه‌ چاره‌سه‌ر بكات هادی‌ عه‌لی‌ جه‌ختی كرده‌وه‌: "حكوومه‌ت ده‌توانێت چاكسازی‌ بكات و له ‌توانایدا هه‌یه‌ به‌ڵێ‌".

ناوبراو ئه‌وه‌شی‌ وت: "ئه‌گه‌ر حكوومه‌ت بڕیاری‌ خێرا له‌باره‌ی‌ چاكسازییه‌وه‌ بدات، ئه‌وا ده‌توانێت ئه‌گه‌ر هه‌موو قه‌یرانه‌كه‌ش چاره‌سه‌ر نه‌كات، ده‌توانێت به‌شێكی‌ زۆری‌ چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ باشی‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ی‌ ئێستا".

هادی عه‌لی ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ش كرد: ئه‌وان وه‌كوو یه‌كگرتوو داوا ده‌كه‌ن هه‌رچی‌ زووه‌ ئاماده‌كارییه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن ته‌واو بكرێت، "به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدرێت ده‌بێت دۆخی‌ ئێستا كۆتایی پێ بهێندرێت و دواتریش تۆماری‌ ده‌نگده‌ران پاك بكرێته‌وه‌".

ناوبراو مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌شی‌ ئاشكرا كرد "دۆخی‌ كوردستان له ‌ته‌قینه‌وه‌دایه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت به‌رپرسیارانه‌ بجووڵێینه‌وه‌ و هاوكاریی حكوومه‌ت بكه‌ین به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌توانرا ئه‌وه‌ ئێمه‌ بڕیاری‌ خۆمان داوه‌، ئه‌م بڕیاره‌ش بڕیاری‌ زۆرینه‌ی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامیی‌ كوردستانه‌".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9632

Your Comment

You are replying to: .
captcha