ئه‌لمۆنیته‌ر: کێشه‌ی تورکیا له‌گه‌ڵ کورده‌کانی سووریا به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت

به‌شی ئێران/کوردی- ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌لمۆنیته‌ر له‌ بابه‌تێکدا باس له ڕرێککه‌وتنێکی نێوان سه‌رۆک کۆماری تورکیا و هاوتا ڕووسییه‌که‌ی ده‌کات له‌ سه‌ر به‌شداریی کردنی هێزه‌ کوردییه‌کان له‌ کۆنگره‌ی نیشتمانیی سووریادا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئه‌و ئاژانسه‌ که‌ تایبه‌ته‌ به ‌توێژینه‌وه‌ له ‌سه‌ر ڕووداو پێشهات و کێشمه‌کێشمه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، باس له‌ ده‌رئه‌نجامی سه‌ردانه‌که‌ی ئه‌م دواییه‌ی ڤیلادیمیر پۆتینی سه‌رۆکی ڕووسیا بۆ لای ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆک کۆماری تورکیا ده‌کات و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات "یه‌کێک له‌ بنچینه‌ییترین ده‌رئه‌نجامه‌کانی ئه‌و کۆبونه‌وه‌یه‌ بۆ رازی کردنی تورکیا بوو بۆ به‌شداری کردنی کورده‌کان له‌ کۆنگره‌ی دیالۆگی نیشتیمانیی سووریا که‌ ڕووسیا پاڵپشتی ده‌کات و بڕیاره‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2018دا به‌ڕێوه‌ بچێت".

هه‌روه‌ها ئه‌لمۆنیته‌ر له‌ درێژه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌دا نووسیویه‌تی "به‌ڵام مه‌رجه‌ پێشوه‌خته‌کانی تورکیا وه‌ک خۆی به ‌جێگیری ده‌مێننه‌وه‌، به‌و واتایه‌ی پارتی یه‌کێتیی دیموکراتی (PYD) و یه‌کینه‌کانی پاراستنی گه‌ل (YPG) نابێت له‌ کۆبونه‌وه‌که‌دا به‌شدار بن به‌و پێیه‌ی تورکیا ئه‌وانی به‌وه‌ تۆمه‌تبار کردوووه‌ که‌ یارمه‌تیی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) ده‌ده‌ن و به‌ تیرۆرست له ‌قه‌ڵه‌می داون".

لای خۆشیه‌وه‌ حکوومه‌تی ڕووسیا ڕه‌تی ده‌کاته‌وه‌ ئه‌و هێزه‌ کوردییانه‌ بخاته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌.

ئاژانسه‌که‌ باسی له‌وه‌ش کردوووه‌ که‌ هێشتا دوور خستنه‌وه‌ی (PYD‌) له‌ کۆنگره‌ی دیالۆگی نیشتیمانیی سووریا بڕیاری یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی له‌و ‌باره‌وه‌ نه‌دراوه‌، "به‌ڵام چاودێرانی سیاسیی دۆخی سووریا پێیان وایه‌ ڕووسیا له‌ ژێر ناوی جیادا به‌شداری به‌ (PYD) ده‌کات له‌و کۆنگره‌یه‌دا".

ئه‌وه‌ش له‌ کاتێک دایه‌ که‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو ڕۆژنامه‌ی که‌راری تورکی بڵاوی کرده‌وه‌ که‌ پۆتن و ئه‌ردۆغان رێککه‌وتوون له‌سه‌ر دوور خستنه‌وه‌ی PYD‌ له‌ کۆنگره‌ی دیالۆگی نیشتیمانیی سووریا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9553

Your Comment

You are replying to: .
captcha