بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پاش پەرە سەندنی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان لەم چەند ڕۆژەی دواییدا و کوژرانی ٥ کەس و بریندار بوونی زیاتر لە ١٠٠ کەس، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بەیاننامەیێکی بڵاو کردەوە و تێیدا نیگەرانیی خۆی لە دۆخەکە دەربڕی.
بەیاننامەکە هەموو جۆرە خۆپیشاندانێکی بەدوور لە توند و تیژیی بە ڕەوا و مەشرووع زانیوە و هاوکات ئاماژەی بەوە کردووە ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژە بەدەر بووە لە چەمک و قەبارەکانی خۆپیشاندان و داوای لە خەڵکیش کردووە نەهێڵن و مۆڵەت نەدەن داوا ڕەواکانیان تێکەڵ بە پیلان و بەرنامەی سیاسیی ناوخۆ و هەرێمی نەبن.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان هەروەها داوای لە خەڵکی کوردستان کردووە وشیار بن و بە هەڵوێستێکی هاوبەش و یەکدەنگ ئەم قۆناغە تێپەڕێنن.
بەیانییەکە باس لەوەش دەکات کە دەبوو ئەم خۆپیشاندانە دژ بە بەرنامە و سیاسەتە ناڕەواکانی حکوومەتی ناوەند بوایە کە خەڵکی برسی هێشتۆتەوە و هەرێمی کوردستانی پاش ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبر گەمارۆ داوە.
هەروەها ڕوونیشی کردۆتەوە حکوومەتی فیدراڵی عێرات هاوکات لەگەڵ ئەوەی خۆ دەدزێتەوە لە گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کورستان، دەستی داوەتە هەڕەشەی سەربازی دژ بە هەرێم و گەمارۆی سیاسی و ئابووریی کوردستان و ئێستاش بەغدا لەسەر تێکچوونی باری ناوخۆی هەرێمی کوردستان مەرجی بەستووە و بۆیەش ئەم دۆخەی ئێستا داوێکی مەترسیدارە کە پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستانی کردۆتە ئامانج و دەتوانێت هەموو ڕێسراوەکان بکاتەوە خوری.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment