به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، په‌رله‌مانى كوردستان ڕاگه‌یێندراوێكی سه‌باره‌ت به خۆپیشاندانه‌كان بڵاو كرده‌وه كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
په‌رله‌مانى كوردستان كه هه‌ڵقوڵاوى ئیراده و ده‌نگى گه‌لى كوردستانه بڕواى ته‌واوى به مافى خۆپیشاندانى هاووڵاتییان هه‌یه و به مافێكى ڕه‌واى گه‌لى كوردستانی ده‌زانێ، له‌سه‌ر كێشه و داخوازییه‌كانیان به شێوازێكى هێمنانه و مه‌ده‌نییانه‌ى دوور له توندوتیژی گوزارشت له ڕا‌وبۆچوونى خۆیان بكه‌ن.
په‌رله‌مان ده‌مێكه هه‌ست به دۆخى ناهه‌موارى خه‌ڵكى كوردستان و سه‌ختیی بارى ژیان و گوزه‌رانى هاووڵاتییان و فه‌رمانبه‌ران و هێزى پێشمه‌رگه و خانه‌نشینان ده‌كات كه به‌هۆى قه‌یرانه سیاسی و دارایی و ئابوورییه‌كانى ڕووبه‌ڕووى هه‌رێم بۆته‌وه و كاریگه‌ریى خراپی به سه‌ر ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كان و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان جێهێشتووه.
ئێمه له كاتێكدا پشتیوانیى خۆمان له مافه ڕه‌واكانى هاووڵاتییان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه له هه‌مان كاتدا داواكارین خۆپیشانده‌ران به شێوازێكى هێمنانه و شارستانییانه ناڕه‌زایی و داخوازییه ڕه‌واكانیان بخه‌نه ڕوو، خۆشیان له توندوتیژی و سووتاندنى باره‌گاى دامه‌زراوه فه‌رمی و خزمه‌تگوزارییه‌كان به دوور بگرن، چوونكه ئه‌مانه موڵكى گشتین و خزمه‌ت به ئێوه ده‌كه‌ن و دواجاریش ته‌نیا هاووڵاتییان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن.
توندوتیژی ئامانجى ڕاسته‌قینه‌ى هاووڵاتییان و هێنانه‌دیى خواسته ڕه‌واكانتان به لاڕێدا ده‌بات، خزمه‌تیش به نه‌یارانى گه‌له‌كه‌مان ده‌كات كه ده‌یانه‌وێ ئاژاوه بنێنه‌وه و ئامانجیان له‌باربردنى قه‌واره‌ى سیاسى و ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستان و خوێنى شه‌هیدانه.
په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیى حكوومه‌تى هه‌رێم و لایه‌نه سیاسییه‌كان له ڕاوێژ و په‌یوه‌ندیى به‌رده‌وامدایه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌نگاوى جدى و ڕاسته‌قینه بنرێت بۆ چاره‌سه‌ر كردنى كێشه‌كان و جێبه‌جێ كردنى خواست و داواكارییه ڕه‌واكانتان.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی په‌رله‌مانی کوردستان
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment