هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری: داواكردنی ماف ڕه‌وایه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هاوپه‌یمانی بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری له‌سه‌ر ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و سووتاندنی چه‌ند باره‌گایێكی حزبی و بینا حكوومییه‌كان، راگه‌یێنراوێكی بڵاو كرده‌وه‌، ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ ده‌قه‌كه‌یێتی:

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕاگه‌یێنراوی هاوپه‌یمانیی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری

پشتگیری مافی ڕه‌وای خه‌ڵكین بۆ خۆپیشاندانی مه‌ده‌نی كه‌ مافێكی سه‌ره‌تاییی دیموكراسییه‌. پێویسته‌ به‌ڕێز و ئارامیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران بكرێت و داوا له‌ ڕۆڵه‌كانی گه‌ل ده‌كه‌ین له‌ هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ پارێزگاری له‌ مافه‌ مه‌ده‌نییه‌كانی هاووڵاتییان بكه‌ن و پارێزگاری له‌ خۆپیشانده‌ران بكه‌ن و لێره‌شه‌وه‌ داوا له‌ هاووڵاتییان ده‌كه‌ین هوشیار بن له‌ پاراستنی رێڕه‌وی مه‌ده‌نی و ئاشتیخوازانه‌ی خۆپیشاندانه‌كان و پاراستنی موڵک و ماڵی گشتی و رێگرتن له‌ ده‌ستێوه‌ردان بۆ به‌لاڕیدا بردنی داواكارییه‌ ڕه‌واكانیان.

دۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان به‌ڵگه‌ی ڕوونی شكستی حوكمڕانییه‌كی بێ باكه‌. خه‌ڵكی كوردستان شیاوی ژیان و گوزه‌رانێكی شایسته‌ن له‌ نیشتیمانێكی پڕ خێر و بێردا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆی تاڵانی و حوكمڕانی خراپ، ماف و گوزه‌رانی خه‌ڵک له ‌ئێستادا زه‌وت كراوه‌.

له ‌ماوه‌ی ڕابردودا داوای حكوومه‌تێكی كاتیمان كرد به‌ ئامانجی چاك كردنی بژێوی خه‌ڵک و زامن كردنی هه‌ڵبژاردنی ئازاد و بێگه‌رد له‌ كوردستان، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات بێ منه‌تانه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و داخوازییه‌ ڕاست و ڕه‌وایه‌ بوونه‌وه‌.

له‌م دۆخه‌دا كه‌ برسێتی تینی بۆ خه‌ڵک هێناوه‌ و تووڕه‌بوونی ڕۆڵه‌كانی وڵات له ‌لێواری ته‌قینه‌وه‌یێكی مه‌ترسیدار دایه‌ داواكارین به ‌په‌له‌ ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه‌ بگیرێنه ‌به‌ر به ‌ئامانجی ڕێگرتن له ‌داڕووخانی و هه‌ره‌سی وه‌زعه‌كه‌:

‎یه‌كه‌م: ڕێكه‌وتن و سازانی لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پێكهێنانی حكوومه‌تێكی كاتی له ‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ژموون و پاوانكاری ده‌سه‌ڵاتی ئێستا.

دووهه‌م: ده‌ست پێکردنی وتووێژ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرال به‌ ئه‌جیندایێكی نیشتمانی به‌ ئامانجی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی خه‌ڵک، دوور له‌ سازش بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ئێستا.

سێهه‌م: دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌چاره‌یێكی ده‌ستبه‌جێ بۆ پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و به ‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان.

چوارهه‌م: زامن كردنی هه‌ڵبژاردنی پاک و بێگه‌رد به‌ كرده‌وه‌ و ڕێكاری كاریگه‌ر بۆ ڕێگری له‌ دزینی ده‌نگ و ته‌زویری ئیراده‌ی خه‌ڵک.

له‌ كاتی به‌ ده‌نگه‌وه‌ نه‌هاتنی ده‌سه‌ڵات بۆ جێبه‌جێ كردنی داخوازییه‌كانی خه‌ڵک، مانگرتن و خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری و هاوده‌نگی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له‌ كوردستان له‌ دژی سته‌مكاری و نانبڕین مافێكی دیموكراسی و ئه‌ركێكی نیشتمانییه‌ .

هاوپه‌یمانیی دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری

سه‌رچاوه‌: ڕادیۆ نه‌وا

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 9482

Your Comment

You are replying to: .
captcha