به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، كامه‌ران عه‌لی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپی ئاواره‌كانی سلێمانی له ڕێكخراوی UNHCR به خه‌ندان-ی ڕاگه‌یاند: "ڕێكخراوه‌كه‌یان و فه‌رمانگه‌ی ناوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی قه‌یرانه‌كان له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رپه‌رشتی پێنج كه‌مپ له سنووری پارێزگای سلێمانی ده‌كه‌ن كه هه‌ریه‌ک له كه‌مپه‌كانی عه‌ربه‌ت، ئاشتی، سورداش، به‌رزنجه و باریكه ده‌گرێته‌وه و له‌و كه‌مپانه‌شدا نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار خێزان نیشته‌جێن.
ناوبراو وتیشی: "هاوكارییه‌كانمان بۆ ئاواره‌كان وه‌رزی ده‌بێت و به‌شێكی زۆریش له ڕێكخراوه تایبه‌تمه‌نده‌كان هاوكاری و خزمه‌تگوزارییه خۆراكی و كه‌لوپه‌ل و شتومه‌كه پێویستییه‌كانی ئاواره‌كان دابین ده‌كه‌ن و به پێی ئه‌و بڕه پارانه‌ی دێته به‌رده‌ست ڕێكخراوه‌كه‌مان هه‌وڵ ده‌ده‌ین بڕێک پاره بده‌ین به هه‌ریه‌ک له خێزانی ناو كه‌مپه‌كان كه له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا بڕی 234 هه‌زار دینار-مان بۆ هه‌ر خێزانێک خه‌رج كردوووه".
به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌مپه‌كانی سلێمانی له ڕێكخراوی UNHCR باسی له‌وه‌ش كرد: هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كراوه كه بڕی 200 لیتر نه‌وت بۆ هه‌ر خێزانێک دابین بكات و "له ئێستادا به‌شێک زۆر له كه‌مپه‌كان ئه‌و بڕه نه‌وته‌یان پێگه‌شتووه."
به وته‌ی ئه‌و له سنووری پارێزگای سلێمانی له 246 هه‌زار خێزان ئاواره‌ی پارێزگاكه بووبوون، ئێستا نزیكه‌ی 96 هه‌زار خێزان ئاواره هه‌ن و له‌و ڕێژه‌یه‌ش له سه‌دا هه‌شتی ئاواره‌كان له كه‌مپه‌كاندا نیشته‌جێن و له سه‌دا 92ی ئاواره‌كانیش له نێو دانیشتووانی شار و شارۆچكه‌كاندا ده‌ژین و خانوو-یان به‌كرێ گرتووه.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش کرد: "ئاماره‌كان پێمان ده‌ڵێن پاش ئازادبوون و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاسایش بۆ زۆرێک له ناوچه‌كان ژماره‌ی ئه‌و ئاوارانه‌ی ماونه‌ته‌وه كه‌می كردووه، به‌ڵام له پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره سورییه‌كان گه‌ڕانه‌وه‌یێكی ئه‌تۆمان نییه و ئه‌وه‌ش هۆكاره‌كه‌ی ئه‌و ئاڵۆزی و دۆخه ناهه‌مواره‌یه كه له ناوخۆی ئه‌و وڵاته ڕوو ده‌دات و بگره ڕێژه‌یێكی زۆریان ڕوو له وڵاتانی ئه‌وروپا ده‌كه‌ن".
کامه‌ران زیادیشی کرد: "ئیداره‌دانی كه‌مپه‌كان له لایه‌ن ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی و قه‌یرانه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه ده‌چێت، هه‌روه‌ها ڕێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان زیاتر كۆمه‌ک و هاوكاری پێشكه‌شی ئاواره‌كان ده‌كه‌ن، له نێو كه‌مپه‌كانیشدا گرووپی تایبه‌ت دروست كراون و ته‌رخان كراون به كێشه كۆمه‌ڵایه‌تی و بارودۆخه نه‌خوازراوه‌كان كه ڕوو ده‌ده‌ن."
ڕاشی­گه‌یاند: "له ئێستادا هاوکارییه داراییه‌كانمان ڕووی له كه‌می كردوووه و بۆ ساڵی 2018 توانایێكی داراییی زۆر باشمان نابێت، بۆیه هه‌وڵ ده‌ده‌ین خزمه‌تگوزارییه پێویستییه‌كان وه‌ک كۆمه‌ک و هاوكاری پێشكه‌شی خێزانه ئاواره‌كان بكه‌ین."
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment