پرێس کۆنفرانسی هاوبەشی وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا و سەرۆک‌وەزیرانی هەرێمی کوردستان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نێچیرڤان بارزانی لە پرێس کۆنفرانسێکی هاوبەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا دیسانەوە لەسەر خواستی هەولێر بۆ دەسپێکی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری عێراق جەختی کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی سەرۆک‌وەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی هاوڕێی لە یەکەم دیداری فەرمیی خۆیان لە ئاڵمانیا لەگەڵ زیگمار گابریەل وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گفتوگۆیان کرد.

لەمبارەوە تەلەفزیۆنی ڕووداو وتی تەوەری گفوگۆکان شەڕی تیرۆر، پێوەندییەکانی بەرلین و هەولێر و هەروەها کێشە و ناکۆکیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق بووە.

زیگمار گابریەل لە پرێس کۆنفرانسەکەدا وتی: دەبێ پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسایی بکرێتەوە و حکوومەتی ناوەندی گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر دەست پێبکات.

سەبارەت بە داعش وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا دەری‌بڕی: داعش مەترسییێکی گەورە بۆ عێراق بوو و ئێستا لە کۆتاییی خۆیدایە و دەبێ ئەم سەرکەوتنانە بپارێزرێن.

لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی وێرای سپاس و دەستخۆشیی پشتیوانییەکانی ئاڵمانیا و هاوپەیمانیی دژە داعش لە ڕەوتی شەڕی دژە تیرۆر ئاماژەی بە سەرمایەدانەریی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای خواست وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.

هەروەها سەبارەت بە ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا ڕای‌گەیاند: ئامادەین جارێکی دیکەش لە پێناو چارەسەر بوونی کێشەکان لە ڕێگای گفتوگۆوە هەڵوێستەکانی خۆمان دووبارە بکەینەوە. ئێمە خوازیار و پێبەندی عێراقێکی دیموکرات و فیدراڵین کە تێیدا ڕێز لە دەستوور بگیرێت.

لەبارەی داواکاریی بەغدا بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان سەرۆک‌وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی کرد: بە گوێرەی دەستووری عێراق لەمبارەوە کێشەمان نییە و ئامادەین لەسەری لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی باس و گفتوگۆ بکەین و ئەمەش لەپێناو گەڕانەوەی هێمنی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەبێت.

نێچیرڤان بارزانی پاشان باسی لەوە کرد ڕێزیان بۆ دەنگی دادگای فیدراڵی عێراق هەیە و دەبێ بۆ دابین کردنی ئاسایش و ئاسوودەیی خەڵک هەموو خاڵ و مادەکانی دەستوور کە دەنگی زۆرینەی خەڵکی لەسەر بووە جێبەجێ بکرێن. چارەسەر کردنی کێشەکان پێویستی بە هەبوونی ئیرادەی سیاسی و ئامادەیی لە هەردوولا هەیە و ئەمەش پێویستی بە ئیرادەیێکی بەهێزی نەتەوەییە.

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 9447

Your Comment

You are replying to: .
captcha