بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شاندی هاوڕێی لە یەکەم دیداری فەرمیی خۆیان لە ئاڵمانیا لەگەڵ زیگمار گابریەل وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گفتوگۆیان کرد.
لەمبارەوە تەلەفزیۆنی ڕووداو وتی تەوەری گفوگۆکان شەڕی تیرۆر، پێوەندییەکانی بەرلین و هەولێر و هەروەها کێشە و ناکۆکیی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندیی عێراق بووە.
زیگمار گابریەل لە پرێس کۆنفرانسەکەدا وتی: دەبێ پێوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا ئاسایی بکرێتەوە و حکوومەتی ناوەندی گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر دەست پێبکات.
سەبارەت بە داعش وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا دەریبڕی: داعش مەترسییێکی گەورە بۆ عێراق بوو و ئێستا لە کۆتاییی خۆیدایە و دەبێ ئەم سەرکەوتنانە بپارێزرێن.
لای خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی وێرای سپاس و دەستخۆشیی پشتیوانییەکانی ئاڵمانیا و هاوپەیمانیی دژە داعش لە ڕەوتی شەڕی دژە تیرۆر ئاماژەی بە سەرمایەدانەریی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان کرد و هیوای خواست وەزیری دەرەوەی ئاڵمانیا سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.
هەروەها سەبارەت بە ناکۆکییەکانی هەرێم و بەغدا ڕایگەیاند: ئامادەین جارێکی دیکەش لە پێناو چارەسەر بوونی کێشەکان لە ڕێگای گفتوگۆوە هەڵوێستەکانی خۆمان دووبارە بکەینەوە. ئێمە خوازیار و پێبەندی عێراقێکی دیموکرات و فیدراڵین کە تێیدا ڕێز لە دەستوور بگیرێت.
لەبارەی داواکاریی بەغدا بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی کرد: بە گوێرەی دەستووری عێراق لەمبارەوە کێشەمان نییە و ئامادەین لەسەری لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی باس و گفتوگۆ بکەین و ئەمەش لەپێناو گەڕانەوەی هێمنی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەبێت.
نێچیرڤان بارزانی پاشان باسی لەوە کرد ڕێزیان بۆ دەنگی دادگای فیدراڵی عێراق هەیە و دەبێ بۆ دابین کردنی ئاسایش و ئاسوودەیی خەڵک هەموو خاڵ و مادەکانی دەستوور کە دەنگی زۆرینەی خەڵکی لەسەر بووە جێبەجێ بکرێن. چارەسەر کردنی کێشەکان پێویستی بە هەبوونی ئیرادەی سیاسی و ئامادەیی لە هەردوولا هەیە و ئەمەش پێویستی بە ئیرادەیێکی بەهێزی نەتەوەییە.
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment