بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزی پاراستنی گەل (HPG) لقی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا لە ڕێگای بەیاننامەیێکەوە وێڕای ئاماژە بە هێرشەکەی ئەم دواییە بۆ سەر ٧ کەسی ئێرانی لە سنووری ئێران و تورکیا باسی لەوە کردووە پاش لێکۆڵینەوە لەمبارەوە بۆیان دەرکەوتووە هێرشەکە کاری هێزەکانی سوپای تورکیا بووە.
ئەمەش لە حاڵێکدایە پێشتر تورکیا ڕایگەیاندبوو پەکەکە هێرشی کردۆتە سەر گرووپێکی ئێرانی بریتی لە ٤ هێزی سەربازی و ٣ ئەندازیار کە بەو هۆیەوە یەکێک لە هێزە سەربازییەکان کوژراوە و یەکێکی دیکەیان بریندار بووە و دوو کەس لە ئەندازیارە ئێرانییەکانیش کە خەریکی چالاکی لەسەر هێڵی سنووری بوون بریندار بوونە.
هەپەگە لە ڕاگەیێندراوەکەی خۆیدا دەهێنێت: لەمبارەوە لێکۆڵینەوەی پێویست ئەنجام دراوە و دەرکەوتووە کە ئەم هێرشە کاری هێزەکانی پەکەکە نەبووە. پەکەکە سەعات ١٥:٣٠ هێرشی کردۆتە سەر تیمێکی تایبەتی سوپای تورکیا کە بەرپرسی پاراستنی دەروازەی سنووریی نزیک لە بنکەی "تۆژیک" لە دەورووبەری "بازید"ی سەر بە پارێزگای ئاگری بوون و پاش ئەم هێرشە هێزەکانی سوپای تورکیا هەوڵیان داوە قرەبوو بکەنەوە و کاتژمێر ١٦:٠٠ کە تەمومژ ناوچەکەی داپۆشیوە هێرشیان کردووەتە سەر گرووپە ئێرانییەکە و کوژراوێک و سێ برینداری لێکەوتۆتەوە. هەمان ڕۆژ میدیاکانی سەر بە حکوومەتی تورکیا ڕایانگەیاند تەقە لەلای سنووری ئێرانەوە کراوە و بەم شێوەیە تۆمەتەکەیان خستە پاڵ هێزەکانی پەکەکە. بەرپرسانی تورکیا بۆ ئەوەی هەڵەکەی خۆیان بسڕنەوە برینادارەکانیان گواستۆتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی خۆیان و لەوێ دەرمانیان بۆ کردوون و بە نیگەرانییەوە هەوڵیان داوە پیشان بدەن هیچ پێوەندییێکیان لەگەڵ هێرشەکە نەبووە. ئەو هەواڵەش کە خێرا بڵاویان کردەوە هەر بۆ پرۆپاگەندە و خراپ کردنی ڕواڵەتی پەکەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بووە.
سەرچاوە: هاوارنیووز
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment