بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی بەندکراوی پارتی دیموکراتیکی گەلان بڕیار بوو ئەوڕۆکە پێنجشەممە ٢٣ی سەرماوەز لە لقی ٧ی دادگەی تاوانەکانی دیاربەکرد ئامادە ببێت بەڵام هێزی جەندەرمەی زیندانی ئەدێرنە بەهۆی "بەناوبانگ بوونی کەسایەتی و هەبوونی هۆگر و لایەنگری زۆر و هەروەها سەرقاڵ بوون" ڕێگریی کردووە لە گواستنەوەی دەمیرتاش بۆ دادگا.
لقی ٧ی دادگای تاوانی دیاربەکر تۆمەتی " سووکایەتی بە کۆماریەتی تورکیا"ی خستۆتە پاڵ دەمیرتاش و بڕیار بوو بە ئامادە بوونی خۆی ئەوڕۆ دانیشتنی دادگا بەڕێوەبچێت. سەرەڕای ڕێککەوتن لەم بابەتەوە دادگا پەشیوان بۆتەوە و پارێزەرانی دەمیرتاش ناڕازی بوونی خۆیان لەمبارەوە دەربڕیوە.
پارێزەرەکانی هاوسەرۆکی HDP جەختیان لەوە کردۆتەوە ئامادە نەبوونی دەمیرتاش لەو دانیشتنانەی بۆ پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی بەڕێوەدەچن پێشێل کردنی دەستوورە و هەر بۆیەش سکاڵایان دژ بە جەندەرمەی زیندانی ئەدێرنە بەرز کردۆتەوە.
دادگاش پاش تاوتوێی بابەتەکە دانیشتنەکەی بۆ ڕۆژێکی دیکە گواستۆتەوە و بە نووسراوە فەرمانی ئامادە بوونی دەمیرتاش لە دادگا بۆ دانیشتنی داهاتووی دەرکردووە. سکاڵای پارێزەرەکانی دەمیرتاشیشی ڕەت کردۆتەوە کە دژ بە فەرماندەیی جەندەرمەی زیندانی ئەدێرنە بەرز کراوەتەوە.
سەرچاوە: هەواڵدەریی دۆغان
کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥
Your Comment