ئێران بەبێ هیچ مەرجێک ئامادەی هاوکاری لەگەڵ هەموو وڵاتانی ئیسلامی بۆ بەرگری لە قودسە

بەشی ئێران- سەرۆک‌کۆمار، هەموو وڵاتانی ئیسلامیی بانگهێشتی یەکێتی و یەکدەنگی کرد و سەرەڕای ئەوەش حەوت پێشنیاری ئاراستە کرد بۆ بەرنگار بوونەوە لەگەڵ بڕیاری نایاسایی و نادروستی سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا و وتیشی: ئەمریکا تەنیا بیر لە زۆرترین بەرژەەندی بۆ زایۆنەکان دەکاتەوە و بە هیچ شێوەیێک بۆ خواستی خەڵکی فەلەستین ڕێز دانانێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، حەسەن ڕۆحانی ڕۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی نائاساییی وڵاتانی هاریکاریی ئیسلامی لە ئەستەموول وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە لەگەڵ یەک بە یەکی وڵاتانی ئیسلامی بۆ بەرگری لە قودس بەبێ هیچ مەرجێک هاوکاری بکات.

دەقی وتارەکەی سەرۆک‌کۆمار بە شێوەی خوارەوەیە:

بسم الله الرحمن الرحیم

«سبحان الذی اسرى بعبده لیلا من المسجد الحرام الى المسجد الاقصى الذی بارکنا حوله لنریه من آیاتنا انه هوالسمیع البصیر»

بەڕێز ئەردۆغان سەرۆک‌کۆماری تورکیا

بەڕێزان سەرۆکانی وڵاتانی ئیسلامی

سەرۆکانی لێژنە بەشداربووەکان

السلام علیکم و رحمه الله و برکاته

سەرەتا بۆ بەڕێوەبردنی ئەم کۆڕە گرینگە سوپاسی برای بەڕێزم ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەم. ئەوەی هەموومانی کۆ کردووەتەوە گۆڕینەوەی بیروڕا سەبارەت بە کارەساتێکی خەمهێنەر و کۆنەبرینی ئۆمەتی ئیسلام لە سەد ساڵی ڕابردوویە کە بە پیلانێکی دەسبەجێ دەستی پێکرد و ئێستاش پاش داپەڕی نایاسایی و نادرووستی سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی وڵاتەکەی بۆ قودسی شەریف چووەتە قۆناغێکی تازەوە.

باسمان لەسەر قودسە کە یەکەم قیبلەی موسوڵمانان بووە و لە ئێستادا سێهەم شوێنی پیرۆزی ئیسلامیە و وڵاتی فەلەستین بە قودسەوە شوناس دەکرێت. ئینتیفازەی نوێی گەلی تێکۆشەری فەلەستین لە ڕۆژانی ڕابردوودا دژ بە ئەمریکا و داگیرکارانی زایۆنی ئاشکرای کرد فەلەستینییەکان دڵ نادەنە گەڵاڵەی بووچ و لەسەر داواکاریەکەی خۆیان ڕادەوەستێن.

بەختەوەرانە وڵاتانی ئیسلامی هەمبەر ئەم بڕیارەی حکوومەتی ئەمریکا سەبارەت بە قودس کاردانەوەی خێرایان پیشان دا و ئەم کۆبوونەوەیەش هەر بە واتای خوێندنەوەی درووستی وڵاتە ئیسلامییەکان لەم پرسەیە.

خوشک و برایانی ئازیز،

بەهەر چەشنێک کە بۆمان دەکرێت دەبێ ببینە ڕێگرێک لەبەردەم ئەم کارە و ئەم پرسیارەش بخەینە ئاراوە کە چی وای لە سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا کردووە کە ئاوا بێشەرمی بکات و حورمەت بشکێنێت؟ بڕوام وایە ئەوەی زیاتر لە هەموو شتێک هاندەری ئەم بڕیارە بووە هەوڵی بڕێک کەس بۆ دامەزراندنی پێوەندی لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی و هاوکاری لەگەڵ ئەو ڕژێمە بووە و ئەمەش لەجیاتی بەرنگار بوونەوەی هەڕەشە و گوڕەشەی ئەو ڕژێمە و ئەمریکای هاوکاری هاتۆتە گۆڕێ و ئەمەش لە حاڵێکدایە ئەگەر پیلانەکانی ئەو دوانە سەرکەوێت ڕژێمی زایۆنی بۆ هەمیشە بەسەر فەلەستیندا زاڵ دەبێت.

ئەوڕۆکە هەمووان باش دەزانن گەورەترین دوژمنی جوو، نەک موسوڵمان و عەرەب بەڵکوو پرۆژە مەترسیدارەکانی ڕژێمی زایۆنین. ئێمەی موسوڵمان و جوو و مەسیحی خاوەنی مێژووییی ناوچەکەین. زایۆنیستەکانن کە لەم ناوەدا بێگانە و نامۆن و خۆیان بەسەر ناوچەکەدا سەپاندووە. هەر ئەوانەی لە سەرەتای سەدەوە تۆوی تیرۆریزم و توندڕەوییان لە ناوچەکەدا چاند.

بە درێژایی دەیەکانی ڕابردوو ڕژێمی زایۆنی بەرپرسی کوشتار و ئاوارەبوونی فەلەستینییەکان و سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی ئیسلام لە فەلەستین بوون و لە هەموو جەنایەتەکانیشدا ئەمریکا هاوڕێیان بووە و لە ئەنجومەنی ئاسایشیشدا بە مافی ڤێتۆ پشتیوانیی لەوان کردووە هەموو هەوڵی خۆی داوە چەکی وێرانکەر و بەهێزیان ۆ بنێرێت و بەداخەوە بە درێژایی دانوستاندنەکان هەندێک ئەمریکایان بە ناوبژێوان هەژمار کردووە و ئەمەش لە حاڵێکدایە ئەمریکا هیچ کاتێک ناونجیگێڕ و ناوبژێوانێکی ڕاستگۆ نەبووە و ناشبێت. هەڵمەتی ئەم دواییەی ئەمریکاش بۆ ئەوانەی هێشتاکە هیوایان بەو وڵاتە مابوو ڕوونی کردەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان تەنیا شوێن بەرژەوەندیی زیاتر بۆ زایۆنەکان دەکەوێت و هیچ ڕێزێک بۆ داواکارییەکانی گەلی فەلەستین دانانێت.

جەنابی سەرۆک،

بۆ بەرنگار بوونەوە لەگەڵ ئەم داپەڕە زاڵمانە و کوێرانەیە بە پێویستی دەزانم ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەینە سەرمەشقی بەرنامەی خۆمان:

١- بڕیاری ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەو وڵاتە بۆ قودسی شەریف وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایۆنی بە توندی لەلایەن کۆبوونەوەکەوە ئیدانە و سەرکۆنە بکرێت.

٢- لەم دۆخەی ئێستادا یەکبوونی جیهانی ئیسلام هەمبەر ڕژێمی زایۆنی تەواو پێویستە. ئەگەر لە هەندێک پرسیشدا پێکەوە هاوڕا نین دەبێ بۆ بەرگری لە قودس و ئارمانجەکانی فەلەستین یەک بین و ناکۆکییێک لەناوماندا نەبێت. تێکڕای کێشەکانی جیهانی ئیسلام لە ڕێگای گفتوگۆوە چارەسەریان هەیە و تەنیا لە ڕێگای یەکبوونی ئیسلامییەوە دەتوانین باشتر لە مافی ئۆمەتی ئیسلام و قودسیش پشتیوانی بکەین.

٣- حکوومەتی ئەمریکا دەبێ لەوە تێبگات کە ئۆمەتی ئیسلام هەمبەر چارەنووسی قودسی شەریف و خەڵکی فەلەستین کەمتەرخەم نییە و ئەتک کردنی هەموو بڕیارێکی نێونەتەوەیی و بیروڕای زۆرینە سەبارەت بە بابەتی فەلەستین بەبێ تێچووی سیاسی بۆیان تەواو نابێت.

٤- وڵاتانی ئیسلامی بە شێوەیێکی یەکپارچە دژایەتیی خۆیان ڕابگەیێنن بە هەموو وڵاتانی دۆستی ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە ئەورووپا و پێداگر بن لەسەر دژایەتیلەگەڵ بڕیارەکەی ئەم دوایییەی ترەمپ.

٥- پرسی فەلەستین دەبێ ببێتەوە بابەتی یەکەمی جیهانی ئیسلام. وێڕای شکستی داعش لە عێراق و سووریا و پێویستی بەردەوام بوون لە بەرنگار بوونەوەی هەموو گرووپە تیرۆریستییەکان، نابێت چاو لە مەترسی و هەڕەشەکانی ڕژێمی زایۆنی لەوان هێزی ئەتۆمیی ئەو ڕژێمە کە هەموو جیهان دەخاتە مەترسییەوە داپۆشین.

٦- نەتەوە یەکگرتووەکان و بە تایبەت ئەنجومەنی ئاسایش و کۆمکاری گشتیی ئەو ئەنجومەنە لەم قۆناغەی ئێستادا ڕۆڵێکی گرینگیان هەیە لە دژایەتی لەگەڵ بڕیارەکەی ئەمریکا و بۆیەش پێویستە لێژنەی نوێنەرانی وڵاتانی ئیسلامی لە نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکانە بەشداریی کۆبوونەوە و وتووێژەکان بکەن.

٧- جووڵەکانی ڕژێمی زایۆنی دەبێ بێپسانەوە لەژێر چاوەدێریدا بێت و کۆمکاری هاریکاریی ئیسلامی هەر کە پێویست بوو لە ئاستی وەزیران و سەرۆکاندا کۆبوونەوەی هەبێت.

کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادەیە لەگەڵ یەک بە یەکی وڵاتانی ئیسلامی بۆ بەرگری لە قودس بەبێ هیچ تێبینی و پێش‌مەرجێک هاوکاری بکات.

اِن تَنصُرُوا اللهَ یَنصُرکُم وَ یُثَبِّت اَقدامَکُم

و السلام علیکم و رحمة الله و برکاته

کۆدی هەواڵنێر: ٦٠١٠٥

News Code 9277

Your Comment

You are replying to: .
captcha