ڕه‌حمانی فه‌زڵی: ئێران و تورکیا سه‌رکه‌وتنێکی باشیان له‌ بواری ئه‌منییه‌وه‌ وه‌ده‌ست هێناوه‌

به‌شی ئێران- وه‌زیری ناوخۆی ئێران ئاماژه‌ی به‌ پێوه‌ندیی باشی تاران- ئه‌نقه‌ره‌ کرد و ڕای‌گه‌یاند: ئێران و تورکیا پرسێکی هاوبه‌شی زۆریان هه‌یه‌ و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی هاوکاریی باش له‌ بواری ئه‌منییه‌وه‌ بڕیار درا کۆمیسیۆنی هاوبه‌شی ئه‌منیی دوو وڵات له‌ تورکیا به‌ڕێوه‌ بچێت بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌ڕێگایێک دیاری بکه‌ین.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ئێواره‌ی ڕۆژی ڕابردوو (شه‌ممه‌/ 18ی سه‌رماوه‌ز) عه‌بدولڕه‌زا ڕه‌حمانی فه‌زڵی له‌ پرێس کۆنفڕانسێکی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ سلێمان سۆیلۆ وه‌زیری ناوخۆی تورکیا ئاماژه‌ی به‌ جێبه‌جێ کردنی ڕێککه‌وتننامه‌ی ئه‌منیی نێوان ئێران و تورکیا کرد و وتی: له‌ کۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ وه‌زیری ناوخۆی تورکیا پرسی تیرۆریزم، سنوور، قاچاخی کاڵا، ماده‌ی هۆشبه‌ر و قاچاخی مرۆڤ خرایه‌ به‌ر باس و لێکدانه‌وه‌.

وه‌زیری ناوخۆی ئێران زیادی کرد‌: بڕیار درا له‌ کۆبوونه‌وه‌ی داهاتوودا کۆمیسیۆنی هاوبه‌شی ئه‌منیی دوو وڵات له‌ تورکیا به‌ڕێوه‌ بچێت و نه‌خشه‌ڕێگایێک له‌مباره‌وه‌ دابڕێژرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌و زه‌مه‌نبه‌ندییه‌ی که‌ دیاری ده‌کرێت جێبه‌جێ بکه‌ین.

ڕه‌حمانی فه‌زڵی جه‌ختی کرده‌وه‌: ئێران و تورکیا پرسێکی هاوبه‌شی زۆریان هه‌یه‌ و دوو وڵات به‌و هاوکارییانه‌ی له‌ بواری ئه‌منیدا‌ له ناوچه‌که‌ ئه‌‌نجامیان داوه‌، سه‌رکه‌وتنێکی باشیان وه‌ده‌ست هێناوه‌.

وه‌زیری ناوخۆی وڵات ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد ئێران و تورکیا هه‌وڵه‌کانیان بۆ سنووری هاوبه‌شی ئه‌من، هاوکاریی ئابووری، بازرگانی و به‌هێز کردنه‌وه‌ی پێوه‌ندیی ئه‌منی چڕ کرده‌وه‌ و جه‌ختی کرد: هاوکاریی دوو وڵات ده‌توانێت بنه‌مایێک بۆ پته‌و کردنه‌وه‌ی هاوکاری ئه‌منی، ئابووری، سیاسی و بازرگانی و جێگیر بوونی بناغه‌ی ئاشتی و ئاسایش له‌ ناوچه‌که‌ به‌ شێوه‌ی پایا بێت.

ڕه‌حمانی فه‌زڵی وتیشی: ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ هاوبه‌شانه‌ تا گه‌یشتن به‌ ده‌رئه‌نجامی گونجاو درێژه‌ ده‌ده‌ین و گرینگ ئیراده‌ی دوو وڵاته‌ بۆ ئه‌نجامدانی دانووستانێکی وا و ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ی به‌یه‌که‌وه‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ین.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد دوژمنانی ئیسلام خه‌ریکن ئاژاوه‌ ده‌گێڕن و ڕاشی‌گه‌یاند: هه‌روا که‌ له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئیسلامی وه‌کوو تورکیا له‌ شکستی داعش له‌ سووریا و عێراق هاوکاریمان کرد، ئاستی ئه‌م هاوکارییانه‌ ده‌توانێت له‌ پووچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی پیلانێکی دیکه‌ درێژه‌ی بێت.

کۆبوونه‌وه‌ی دوو وڵاتی ئێران و تورکیا گرینگایه‌تییێکی زۆری له‌ ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌که‌ هه‌یه‌

سلێمان سۆیلۆ وه‌زیری ناوخۆی تورکیاش وتی: له‌ ڕاستیدا کۆبوونه‌وه‌ی دوو وڵاتی ئێران و تورکیا بناغه‌ی ناوچه‌یێکه‌ که‌ تێدا ده‌ژین و ئه‌و بنه‌مایه‌ گرینگایه‌تییێکی زۆری له‌ ئارامی و ئاسایشی ناوچه‌که‌ و هاوکاری له‌ بواری جۆراوجۆر به‌ تایبه‌ت ئه‌منییه‌وه‌ هه‌یه‌.

سۆیلۆ جه‌ختی کرده‌وه‌: به‌ شێوه‌ی هاوبه‌ش هه‌ندێ بابه‌تمان لێک دایه‌وه‌ له‌وان تیرۆریزم، قاچاخی ماده‌ی هۆشبه‌ر و به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ کۆچ کردنی نایاسایی و ئاسایشی سنووره‌کان و هه‌روه‌ها ئه‌و کار و هاوکارییانه‌ که‌ ده‌بێ له‌م باره‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت و هه‌وڵمان دا ده‌رئه‌نجامێک له‌باره‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ وه‌ده‌ست بێنین.

وه‌زیری ناوخۆی تورکیا، ڕه‌حمانی فه‌زڵی به‌ سیاسه‌توانێکی به‌ئه‌زموون وه‌سف کرد و ڕاشی‌گه‌یاند: به‌ شێوه‌ی تایبه‌ت سپاسی وه‌زیری ناوخۆی ئێران ده‌که‌م به‌ بۆنه‌ی ئه‌و نیازپاکییه‌ی که‌ له‌م کۆبوونه‌ له‌ خۆی نیشانی دا.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9143

Your Comment

You are replying to: .
captcha