بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕای­گەیاندووە: جێگای سەرسورمانە کە عەبادی ئەو هێرشە سەربازییەی، کە لە ڕۆژی 16/10/2017 بە پشتیوانی و بەشدار بوونی حەشدی شەعبی دژ بە ئیرادەی خەڵکی کوردستان کە هاوڵاتی عێراقن و ئەو تاوانانەی لە کەرکووک و دووزخورماتوو و ناوچەکانی تر ئەنجام دراون، بە سەرکەوتن لە قەڵەم بدات و هاوشێوەی سەرکەوتنی دژی تیرۆریستان وەسفی بکات".
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەداوە کە ئێمە ئەو لێدوانەی حەیدەر عەبادی بە لێدوانی نا بەرپرسانە و هەڵەیێکی راشکاوانە دەزانین، چوونکە دوورە لە یاسا و بەها و پرەنسیپەکانی هاووڵاتیبوون و پێچەوانەی خودی ماددەی 9ی دەستوور هەمیشەیی عێراقیشە، کە بە هیچ شێوەیێک رێگە نادات ئەم جۆرە کردەوە لەشکریانە دژی هاوڵاتییانی عێراق ئەنجام بدرێن و شەرعییەتیشیان پێنادات. ئەمەش پێشێل کردنێکی دیکەی زەقی دەستوورە.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەرێم، لە ڕاگەیێندراوەکەیدا داوا لە عەبادی دەکات، کە هێزی لۆژیک بگرێتەبەر و دەرگای گفتوگۆ و دانووستان بەرەو ڕووی هەرێمی کوردستان دانەخات و ڕێگەش نەدات مەرامە سیاسییە تەسکەکان، هەژموونیان بە سەر ماف و ئیرادەی گەلانی عێراق و دەستوورەکەی هەبێت، چوونکە زەرەرمەندی یەکەم و کۆتایی لە زمانی هەرەشە و بەکارهێنانی هێز، خودی هاوڵاتییانی عێراقن.
لە کۆتایی ڕاگەیێندراوەکەشدا هاتووە: ئەم جۆرە لێدوانانە مەترسی و هەرەشەن لەسەر ئایندە عێراق کە وەک وڵاتێکی مەدەنی و دیموکراسی بمێنێتەوە، بەڵام دانووستان تاکە رێگەیە بۆ رزگاربوون لە لەمپەر و تەگەرەکان و گەیشتن بە چارەسەر بۆ سەرجەم کێشەکان.
سەرچاوە: شارپرێس
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment