هێشتا خۆمان به‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا داده‌نێین/ له‌ به‌ڕێوه‌ بردنی ڕیفراندۆم په‌شیمان نین

به‌شی جیهان- نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکوه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد ئه‌مریکا له‌ پرسی ڕیفراندۆم و ڕووداوه‌کانی پاش ئه‌و بابه‌ته‌ پاڵپشتیی کورده‌کانی نه‌کرد و ئه‌وان له‌ ئه‌مریکا نائومێد بوونه‌ و ڕای‌گه‌یاند: پێم وانییه که‌س له‌ هه‌رێمی کوردستان و هیچ لایه‌نێكی سیاسی له‌و باوه‌ڕه‌دا بن که‌ هه‌ڵه‌یان کردبێت له‌ به‌شداری کردن له‌ گشتپرسی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ که‌ناڵی فاکس نیووزدا وتی: به‌هۆی دژایه‌تیی ئه‌مریکا له‌گه‌ڵ گشتپرسی بێ‌هیواییێک له ‌نێو خه‌ڵكی کوردستان دروست بوو چوونکه‌ خه‌ڵكی کوردستان پێشبینی و هیوای زۆریان له‌سه‌ر ئه‌مریکا هه‌ڵچنیبوو.

ناوبراو وتیشی: به‌و حاڵه‌شه‌وه‌، خه‌ڵكی کوردستان هێشتا ئه‌مریکایان خۆش ده‌وێت و خۆیان به‌ هاوبه‌ش و دۆستی ژماره‌ 1ی ئه‌مریکا ده‌زانن و ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌وه‌ بۆ ماوه‌یێکی درێژ به‌رده‌وام بێت.

سه‌رۆکی حکوومه‌تی خۆجێییی هه‌رێمی کوردستان جه‌ختی کرده‌وه‌: زیاتر له‌ هه‌زار و 800 پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی داعش ژیانی خۆیان به‌خت کرد و زیاتر له‌ 10 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ش بریندار بوون. داعش نه‌ک ته‌نیا بۆ کوردستان به‌ڵکوو بۆ ئه‌ورووپا و ئه‌مریکاش هه‌ڕه‌شه‌ بوو هه‌ر بۆیه‌ش خه‌ڵکی کوردستان پێشبینییان کرد ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یێکیان له‌سه‌ر هه‌بێت ئه‌مریکا پاڵپشتیان ده‌بێت به‌ڵام قه‌ت پێشبینی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌کرد به‌و تانکه‌ ئه‌مریکییانه‌ی درابوونه‌ حکوومه‌تی عێراق دژ به‌وان به‌کار بهێندرێت.

نێچیرڤان بارزانی وتیشی: حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ‌قه‌ت مه‌به‌ستی نه‌بووه‌ که‌رکووک و ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کان بخاته‌ ژێر کۆنترۆڵی خۆی و له ‌ده‌ستی به‌غدا ده‌ریبێنێت. به‌ دوای هه‌ڕه‌شه‌ی داعش له‌ ساڵی 2014 هێزی پێشمه‌رگه‌ چوونه‌ ئه‌و ناوچانه‌. له‌ڕاستیدا نه‌ به‌غدا و نه‌ هه‌ولێر کۆنترۆڵی ته‌واویان به‌ سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌وه‌ نییه‌ و ده‌بێت ئه‌و پرسه‌ به‌ گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق چاره‌سه‌ر بکرێت نه‌ک به‌ هێزی سه‌ربازی".

بارزانی زیاتر ده‌شڵێت: گشتپرسی ته‌نیا ده‌ربڕینی بۆچوونی خه‌ڵک بوو له‌باره‌ی مافی چاره‌ی خۆنووسین به‌ڵام به‌غدا به‌ به‌کارهێنانی هێزی سه‌ربازی کاردانه‌وه‌ی به‌و بابه‌ته‌ پیشان دا. ئێمه‌ به‌ ڕوونی گوتوومانه‌ ده‌مانه‌وێت هه‌موو پرسه‌کان به‌ گفتوگۆ و به گوێره‌ی ده‌ستوور له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بکه‌ین به‌ڵام به‌غدا تاوه‌کوو ئێستا ئاماده ‌نییه‌ بۆ گفتوگۆ.

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد هیچ که‌س له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌ به‌ڕێوه‌ چوونی ڕیفراندۆم په‌شیمان نییه‌ و خوازیاری به‌شداریی چالاکانه‌ی ئه‌مریکا له‌ پرسی چاره‌سه‌ر کردنی ناکۆکییه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا بوو.

بارزانی جه‌ختیشی کرده‌وه‌: پێم وانییه که‌س له‌ هه‌رێمی کوردستان و هیچ لایه‌نێكی سیاسی له‌و باوه‌ڕه‌دا بن که‌ هه‌ڵه‌یان کردبێت له‌ به‌شداری کردن له‌ گشتپرسی. ئه‌و شته‌ی که‌ ئێمه‌ بینیمان پرۆسه‌یێکی دیموکراتیک و ده‌ربڕینی ئیراده‌ بوو نه‌ که‌متر و نه‌ زیاتریش.

ناوبراو ڕه‌خنه‌ی له‌ سیاسه‌تی پاڵپشتیی ئه‌مریکا له‌ عێراقی یه‌کڕیز و به‌هێز گرت و وتی: ده‌بێ ڕاستبینانه‌ بۆ عێراق بڕوانین. بۆ ئه‌وان که‌ له‌باره‌ی عێراقێکی لامه‌رکه‌زی و به‌هێز قسان ده‌که‌ن ده‌بێ بڵێم که‌ ئه‌و بابه‌ته‌ ناکارامه‌ییی خۆی نیشان داوه‌. به‌ بڕوای کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی گرینگترین بابه‌ت بینینی عێراقێکی پاوه‌جێیه‌ که‌ به‌و مانایه‌یه‌ ئێمه‌ ده‌بێ مۆدێلێک له‌به‌رچاو بگرین که‌ کۆمه‌ڵگای عێراق قبووڵی بکات و به‌رده‌وام بێت.

سه‌رۆکوه‌زیرانی کوردستان له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی هه‌رێمی کوردستان پاش به‌ڕێوه‌چوونی ڕێفراندۆم ڕوونی کرده‌وه‌: "هه‌ڵوێستمان دوای گشتپرسی ئه‌وه‌یه‌ کێشه‌کانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا به ‌گوێره‌ی ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بکرێن به‌ڵام مافی چاره‌ی خۆنووسینی ئێمه‌ وه‌کوو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌وه‌ قۆناخێکی نوێیه‌ و هیواخوازین خه‌ڵكی ئه‌مریکا بێن و پاڵپشتی که‌یسی ئێمه‌ بکه‌ن".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 9048

Your Comment

You are replying to: .
captcha