بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەیمز ماتیس ڕۆژی هەینی بە هەواڵنێرانی وت: هێزە کوردەکانی سووریا بە ڕێژەی پێویست چەکیان بە دەستەوەیە و چیدی پڕچەک کردنەوەیان پێویست نییە. ئەم وتانە پاش ئەوە دەوترێت کە بەرپرسانی تورکیا ڕایان گەیاندبوو سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە پێوەندییێکی تەلەفوونیدا لەگەڵ ئەردۆغان بڕیاری داوە ناردنی چەک بۆ هێزە کوردەکانی سووریا کە تورکیا بە تیرۆریستیان دەزانێت دەوەستێنێتەوە. هەڵبەت بەرپرسانی کۆشکی سپی چەندین جار باسیان لە ئەگەری پچڕانی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ YPG لە ژێر ناوی گۆڕانکاری لە بەرنامەی ئەمریکا لە سووریا کردووە.
ئوزگور ئونلوهیسارچیکلی بەڕێوەبەری نووسینگەی پەیمانگەی مارشاڵی ئاڵمانیا لە تورکیا بە عەرەب نیووزی وت: وتەکانی جەیمز ماتیس وەزیری بەرگریی ئەمریکا گفتوگۆی نێوان ئەردۆغان و ترەمپ پشتڕاست دەکاتەوە، بەڵام ئەو پرسە زۆر گرینگ نییە و شتێکیش ناگۆڕێت. پاڵپشتیی ئەمریکا لە YPG تەنها قەیرانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن نییە و دابین کردنی چەک و مەشق کردن بە YPG تەنها یەکێک لە ڕێگاکانی پشتگیریی ئەمریکا لە هێزە کوردەکانە.
ناوبراو زیادی کرد: ئەمریکا لە پێشەوە ڕێژەیێک زۆر لە چەکی قورس و سووکی بە YPG داوە، ئەگەر ئێستاش پڕچەکیان نەکات، ئەوان چەکی قورسی زۆریان لە بەردەستە مەگەر ئەوەی کە ئەمریکا ئەو چەکانە کۆ بکاتەوە.
ئوزگور ئونلوهیسارچیکلی جەختیش دەکاتەوە: ئەگەر ئەمریکا بڕیار بدات چەکەکان لە YPG وەربگرێتەوە و چیدی پشتگیرییان لێ نەکات، کاریگەریی ئەرێنی زۆری لەسەر پێوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ تورکیا دەبێت. بەڵام بژادەی یەکەم (وەستاندنی یارمەتییەکان) ئاسان نییە و بژادرەی دووهەمیش (کۆ کردنەوەی چەکەکان) نامومکینە.
مەتە سوهتە ئۆغڵۆ لێکۆڵەری پرسی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: لێسەندنەوەی چەکە قورسەکان لە YPG لە لایەن ئەمریکاوە لە سەرەتای ساڵی 2018وە دەست پێدەکات. بەڵام وەرگرتنەوەی چەکی کڵاشنیکۆف زۆر ئەستەمە و تورکیاش لە سەرەتای 2018وە ئەو پرسە دەکاتە بیانوویێک بۆ دەست پێکردنی شەڕ.
ناوبراو زیادی کرد: ئەمریکا هەندێک کەرەستە وەکوو جەرسەقیل و لۆری کە بە مەبەستی چاکسازی و ئاوەدانکاری ناوچەی ژێر کونترۆڵی کوردەکانی سووریا بە کار دەبرێت کۆ ناکاتەوە بەڵام ئەو چەکە قورسانەی کە بە YPGی داوە بۆ عێراق دەگوێزێتەوە.
ئەو کارناسە جەختیشی کردەوە: مانەوەی ئەمریکا لە سووریا بۆ یارمەتی گەیاندن بە هێزە کوردەکانی سووریا نییە بەڵکوو بەمەبەستی لابردنی ئەسەد لەسەر دەسەڵات و کارتی گوشارە بۆ کاریگەری لەسەر چارەسەر کردنی قەیرانی سووریا. ئەمریکا هیچ کات پێوەندیی سیاسی لەگەڵ YPG نەبووە و تەنها لە بواری سەربازییەوە یارمەتییانی داوە. بەڵام پرسی گرینگ ئەمەیە کە ئەگەر سیستەمی دڵخوازی YPG واتە سیستەمی فیدراڵی لە سووریا جێگیر نەبێت، ئایا YPG بەو چەکانە کە لە دەستیدایە دەبێتە هێزێکی وەکوو PKK؟
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment