پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا نەپچڕاون

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هەرێمی کوردستان چەندین جار ئامادەیی خۆی بۆ گفتوگۆ و چارەسەریی کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕیوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا بەغدا بە فەرمی بێ وەڵامە، هیچ هەنگاو و لێدوانێکی بە ئاراستەی ئەنجام دانی گفتوگۆ نەداوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی پەیوەندییان لەگەڵ بەغدا رای گەیاند: پەیوەندییەکانمان نەپچڕاون، بە شێوەی جیاجیا بەردەوامن، بەڵام تاوەکوو ئێستا بە فەرمی هیچ وادەیێک بۆ کۆبوونەوە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا دیاری نەکراوە.

لە تازەترین لێدوانیدا حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای پابەندبوون بە دەستوور و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی و هاوکاری زیاتر لە هەرێمی کوردستان دەکات.

حەیدەر عەبادی گوتی: داوا لە برایانی هەرێم دەکەین، رێز لە دەستوور و بڕیاری دادگای فیدراڵی بگرن، بەداخەوە پێشتر گەیشتبوونە قۆناخێک کە رەخنەیان لە ناوهێنانی دەستوور و دادگای فیدراڵی دەگرت. ئێمە لە یەک وڵاتدا دەژین و دەنگمان بەو دەستوورە داوە، داوا لە برایانمان دەکەم ئەوەی لە رابردوودا روویدا لە بیر بکرێت، دەست بکەن بە پابەندبوون بە دەستوور. دەبێت بە ڕوونی گوێبیستی دادگای فیدراڵی بن، هاوکار بن لە پێناوی بەرژەوەندی هاووڵاتییان لە هەموو ناوچەکاندا، لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، یا خود لە ناوچە کێشەلەسەرەکان لە ڕێگەی سەپاندنی دەسەڵاتی حکوومەتی ئیتیحادی لەو ناوچانەدا.

بەها ئەعرەجی، سەرکردە لە رەوتی سەدر بەسەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر رای گەیاند: بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لە بارەی گشتپرسیی کوردستان، پرسەکەی یەکلا کردەوە و هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەت لە نێویاندا حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، پێویستە پابەندی بڕیارەکەی دادگا بن لە بارەی نادەستووری بوونی گشتپرسی.

ئەو سەرکردەی رەوتی سەدر، داوا لە هەموو لایێک دەکات کار بکەن بۆ رەخساندنی دۆخێکی بابەتیانە بۆ دیالۆگێکی جدی کە دەستەبەری ئەوە بکات کە بە یەک پاکێج و بەپێی دەستوور چارەسەری سەرجەم کێشەکانی نێوان حکوومەتی ناوەندی و هەرێمی کوردستان بکرێت.

رۆژی دووشەممە 20-11-2017 دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری دا بە نادەستووری بوونی گشتپرسیی باشووری کوردستان و هەڵوەشانەوەی سەرجەم ئەنجامەکانی گشتپرسی و لێکەوتە و هەردۆخێک کە بەهۆی ئەنجامی گشتپرسییەکەوە هاتووەتە ئاراوە، بەپێی مادەی 94ی دەستووری عێراقیش: بڕیارەکانی دادگاکە یەکلاکەرەوەن و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان پێیەوە پابەند بن.

سەرچاوە: رووداو

کۆدی هه‌واڵنێر: 60113

News Code 8711

Your Comment

You are replying to: .
captcha