بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بەپەلەی بڵاو کردەوە، لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەپێی مادەی ۱۴۰ دەستوری عێراقی فیدرال بۆ ساڵی ۲۰۰۵، دەبێت پرۆسەی ڕیفراندۆم لە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان ئەنجام بدرێت و حکوومەتی فیدراڵی پابەند کراوە پێش ۳۱ی کانوونی یەکەمی ۲۰۰۷ ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکات. چ پێش ئەم ڕێکەوتە، چ لەو ۲۰ ساڵەی ڕابردوو، سەرجەم حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم بە تەواوی شکستیان هێناوە".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان عێراق تۆمەتبار دەکات و دەڵێت: "ئێستا حکوومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بە شێوەیەکی تاکلایەنە نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، لە کاتێکدا خەڵکی کوردستان لە چوارچێوەی مادەی ۱۴۰، داواکاری رەوای ئەم ناوچانە دەکات".
حکوومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوە دەکات، "بەپێی هەردوو مادەی ۱۱۰ و ۱۱۵ی دەستووری عێراق بۆ ساڵی ۲۰۰۵، مافی رەها و تاکلایەنە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەدات کێڵگە نەوت و گازە تازە دۆزراوەکان بەڕێوەببات. هەروەها مادەی ۱۱۲، ئاماژە دەدات حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێم کێڵگەی نەوت و گازە پێشتر دۆزراوەکان (کۆنەکان) بە هاوبەشی بەڕێوەببەن، وەک ئەوانەی لە کەرکووک و لە ناوچەکانی دەوروبەی هەن. هەروەها بەغدا پابەند کراوە لەگەڵ هەرێم سەبارەت بە دابەشکردنی داهاتی ئەو کێڵگانەی پێشتر دۆزراونەتەوە (کۆنەکان) ڕێکبکەوێت".
لە ڕاگەیێندراوەکەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان باس لە بەرپرسیارێتییەکانی بەغدا دەکات و دەڵێت، "حکوومەتی هەرێم بەردەوام ئامادە بووە بەشداربێت بۆ ئەم رێککەوتنانە، بەڵام حکوومەتی فیدراڵی بە بەردەوامی لە بەرپرسیارێتییە دەستووریەکانی خۆی دزیوەتەوە. ئێستا حکوومەتی فیدراڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات بەبێ ئەوەی مادەکانی دەستوور بە گشتی و بە تایبەت هەردوو مادەی ۱۴۰ و ۱۱۲، لەبەرچاو بگرێت".
لە بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی عێراقی پێ تۆمەتبار دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، "حکوومەتی هەرێم بە مافی دەستووریی خۆی دەزانێت، بە هەموو رێکارە جیاوازەکان کە دەستەبەر بێ، بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی بکات و کار لەسەر جێبەجێ کردنی یاساکان دەکات بۆ پاراستنی مافە دەستووریەکانی خەڵکی کوردستان و کەرکووک".
Your Comment