ئه‌مریکا بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ هه‌ولێر فشاری نه‌خستووه‌ته‌ سه‌ر به‌غدا

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- نوێنه‌ری تورکمانیی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ په‌رله‌مانی عێراق هه‌ر جۆره‌ مه‌رج و گوشارێک له‌ لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ دژ به‌ به‌غدا بۆ ده‌ست­پێکردنه‌وه‌ی گفتوگۆکانی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر وه‌درۆ ده‌خاته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، جاسم محه‌مه‌د جه‌عفه‌ر به‌یاتی له‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی هه‌واڵی "بغداد الیوم"دا وتی: ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی له‌سه‌ر هه‌ندێک مه‌رجی پێویست له‌ لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ بۆ حکوومه‌تی فیدڕاڵ له‌ پێناو ده‌ست­پێکردنه‌وه‌ی گفتوگۆکان له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێم بڵاو بوونه‌ته‌وه‌ ڕاست نییه‌.

به‌یاتی که‌ له‌ عه‌بادییه‌وه‌ نزیکه‌ ده‌شڵێت: ئێستاکه‌ هه‌ندێک گوشاری نێوده‌وڵه‌تی و به‌تایبه‌ت له‌ لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ دژ به‌ ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵ ئه‌نجام ده‌بێت به‌ڵام حه‌یده‌ر عه‌بادی هه‌رگیز مل به‌و گوشارانه‌ نادات.

ناوبراو جه‌ختی کرده‌وه‌: ئێستاکه‌ حه‌شدی شه‌عبی له‌ ناوچه‌ جێناکۆکییه‌کان جێگیربوون و پۆلیسی فیدڕاڵ و سوپای عێراقیش کۆنتڕۆڵی ناوچه‌که‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

شیاوی ئاماژه‌یه‌؛ ڕۆژنامه‌ی العربی له‌نده‌ن پێشتر نووسیبووی هه‌ندێک گوشار خراوه‌ته‌سه‌ر حکوومه‌تی فیدڕاڵ بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بکات و هه‌ندێک له‌و گوشارانه‌ش بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبیی عێراق له‌ ناوچه‌ جێناکۆکییه‌کان پاشه‌کشێ بکه‌ن.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 8682

Your Comment

You are replying to: .
captcha