یادگارییه‌کانی مام جه‌لالیان په‌ک خستووه‌ و فرمێسکی تیمساح ده‌ڕێژن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- په‌خشی هه‌ر دوو كه‌ناڵی كوردسات و كوردسات نیوز ڕاگیرا و ڕۆژنامه‌نووسێکی ئه‌و که‌ناڵه‌ش ڕه‌خنه‌ له‌و کاره‌ ده‌گرێت و ده‌ڵێت: یادگارییه‌کانی مام جه‌لالیان په‌ک خستووه‌.

کوردپرێس:

په‌خشی هه‌ر دوو که‌ناڵی کوردسات و کوردسات نیووزی سه‌ر به‌ یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕاگیرا.

هێمن قادر یه‌کێک له‌ ڕۆژنامه‌نوسانی كه‌ناڵه‌كه‌ له‌ فه‌یسبووكی خۆی نووسیویه‌تی: "به‌ھۆی نه‌دانی کرێی ساڵانه‌وه په‌خشی ھه‌ر دوو که‌ناڵی کوردسات و کوردسات نیووز ڕاگیراوه‌ و هێشتا مووچه‌ی سێ مانگی کارمه‌ندانیشیان نه‌داوه‌".

ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ ده‌شڵێت: "جا له‌ 3-10 دێنه‌ سه‌ر مه‌زاری مام و فرمێسکی تیمساحی ده‌ڕێژن نازانن یادگاره‌که‌ی مامیان په‌کخستووه‌".

هاوكات یه‌كێكی دیكه‌ له‌ كارمه‌نده‌كانی كوردسات نیوز به‌ شارپرێسی ڕاگه‌یاند: "ماوه‌ی سێ مانگه‌ مووچه‌مان پێنه‌دراوه‌ و كه‌ناڵه‌كه‌ له‌ دۆخێكی داراییی سه‌ختدایه‌".

ئه‌و كارمه‌نده‌ وتیشی: "كه‌ناڵی کوردسات نیووز ناوه‌ ناوه‌ ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی دارایی ده‌بێته‌وه‌ و پێشتریش چه‌ند جارێک په‌خشی كه‌ناڵه‌كه‌ به‌هۆی نه‌دانی پاره‌ی مانگانه‌وه‌ بۆ چه‌ند ڕۆژێک ڕاگیرابوو."

كه‌ناڵی کوردسات كه‌ له‌ ساڵی 2000ه‌وه‌ په‌خشی ده‌ست پێكردووه‌، له‌ ساڵی ڕابردووه‌وه‌ چه‌ند جارێک ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانی دارایی بووه‌ته‌وه‌ و پێشتریش چه‌ند جارێک مووچه‌ی كارمه‌نده‌كانی به‌ ڕێژه‌ی‌ له‌سه‌دا 10 كه‌م كردووه‌ته‌وه‌.

هاوكات كاركردن له‌ ماڵپه‌ری كوردستان نیوزیش به‌ خراپی به‌ڕێوه ‌ده‌چێت و دوایین جار كه‌ بابه‌ت له‌و ماڵپه‌ڕه‌ بڵاو كرابێته‌وه‌ دوو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر بووه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 86605

Your Comment

You are replying to: .
captcha