بەپێی هەواڵی کوردپرێس، قادر ڕەزگەیی، بڕیاردەری لیژنەی کاروباری ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان، ڕای گەیاند: ئەو تیرۆرستانەی لە لایەن ھێزەکانی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنیەکانی ھەرێمەوە دەستگیرکراون، نابێت لەم دۆخەدا ڕادەستی حکوومەتی عێراق بکرێنەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لیژنەی ئاسایش و بەرگریی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوای کردووە، ئەو تیرۆرستانەی لە لایەن ھەرێمی کوردستانەوە دەستگیر کراون، یان خۆیان رادەستی پێشمەرگە کردووە، رادەستی حکوومەتی عێراقی بکرێنەوە.
لەو بارەیەشەوە، قادر ڕەزگەیی ھۆشداری دەدات و دەڵێت: ئێمەش دیلمان لە لای داعش ھەیە و تا ئێستا ژمارەیێک لەو پێشمەرگانەی دیل بوون، چارەنووسیان دیار نییە و نازانرێت بۆ کوێ گواستراونەتەوە بۆیە لەم کاتەدا نابێت دیلەکانی داعش ڕادەستی بەغدا بکەین.
ئەو پەرلەمانتارەی کوردستان جەختیشی لە دروست کردنی ھەماھەنگی نێوان ھەرێم و بەغدا کردەوە و وتی: دەکرێت بۆ وەرگرتنی زانیاریی پێویست بەشێکیان ڕادەست بکرێن و دواتر وەربگیرێنەوە، ئەوەش لە پێناو دروست کردنی ھەماھەنگییێکی پتەو لە نێوان ھەردولا.
قادر ڕەزگەیی ڕەتیشی کردەوە، ھەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕی بێت بۆ ڕادەست کردنی داعشەکان و وتی: ناکرێت ڕادەست کردنیان بێ بەرامبەر بێت بەڵکوو لە پرۆسەی دانووستانەکان وەک یەکێک لە خاڵەکان گفتوگۆی لە بارەوە بکرێت، بۆیە لە ھەموو بارێکدا دەکرێت ڕێکەوتن لە سەر ئەو داعشانە بکرێت، چوونکە ناکرێت بەبێ بەرامبەر بدرێنەوە بەغدا.
سەرچاوە: SNN
کۆدی ههواڵنێر: 60113
Your Comment